جەژن و گەشتوگوزاری هەرێم

2 مانگ پێش ئێستا

ســـەركۆ یونس*
لەپشووی جەژنی قوربانی ئەمساڵدا، سەرەڕای بانگەوازەكانی لایەنی تەندروستی عێراق و هەرێم و مەترسی زیاتر بڵاوبونەوەی جیلی گۆڕاوی كورۆناڤایرۆس وبەرزبونەوەی ڕێژەی مردن وتووشبووان، بەدەیان وسەدان گەشتیاری ناوخۆیی و شارەكانی ناوەڕاست و باشوری عێراق، ڕوویان لەناوچەگەشتیارییەكانی هەرێمی كوردستان كردووە.

گەشتوگوزاری ئەم جەژنە، جیاواز لەبۆنەكانی تر، لەبارودۆخێكی جیاوازدایە، لەلایەك بەهۆی بەرزبونەوەی لەڕادەبەدەری پلەكانی گەرما و گۆڕانكاری لەكەشوهەوا وووشكە ساڵی.
لەلایەكی ترەوە بڵاوبونەوەی زیاتری كورۆناڤایرۆس و كێشە و قەیرانە سیاسی و ئابورییەكان، هێشتا ئەم كەرتە ئومێدبەخشە و لەهەستانەوەدایە..
خۆشبەختانە، بەشی زۆری جۆرەكانی گەشتوگوزار لەهەرێمدا بوونی هەیە، گەشتوگوزاری ژینگەیی، كە یەكێكە لەنیعمەتەكان، لەسەرووی هەموو جۆرەكانی ترەوەیە.

بەپێی بڵاوكراوە ناڕەسمییەكان، چاوەڕوان دەكرێت سەرەڕای ئاستەنگەكان، ڕێژەیەكی زۆری گەشتیاران بەگشتی و گەشتیارانی عەرەبی عێراقی، سەردانی شوێن و جێگاو و سەیرانگاكانی هەرێمی كوردستان بكەن، وا چاوەڕوان دەكرێت نزیكەی (200) هەزار گەشتیار بن.

یەكێك لەدەرئەنجامە باشەكانی كەرتی گەشتوگوزار، ئەوەیە كەپارەی خەرجكراوی گەشتیاران، ڕاستەوخۆ دەچێتە گیرفانی خاوەن شوێن و سەیرانگا و چێشتخانە و میوانخانە و ئۆتیل و مۆتێلەكان، حكومەت دەستكەوتێكی ئەوتۆی نابێت.

تاڕادەیەك بەهۆی قەیرانی دارایی و لێبڕین و دواكەوتنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم، هەروەها بەهۆی خۆپارێزی لەڤایرۆسی كورۆنا بەشێكی زۆری دانیشتوانی هەرێم، بەبەراورد بە دانیشتوانی شارەكانی تری عێراق، كەمتر گەشت دەكەن و لەماڵەوە دەمێننەوە.
بەڵام بەسەیركردنی ناوچە گەشتیارییەكانی كوردستان، دەردەكەوێت كەڕێژەی (90%) ی گەشتیاران لەشارەكانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقەوە هاتوون، وادیارە گوێ بە لایەنی تەندروستی و خۆپارێزی نادەن، وەك بڵێ كە كورۆناڤاترۆس بوونی نی یە! 

زۆر گرنگە، لەم بارودۆخە قورسەی ژیانی خەڵك و قەیرانی دارایی، حكومەتی هەرێم بەگرنگییەوە لەم كەرتە ستراتیژییە بنواڕێت و بە پلان و بەرنامەی تۆكمە و كەسانی پسپۆڕ برەوی زیاتری پێ بدات، بۆئەوەی هیچ نەبێت ئەم دەرفەتە وەك ڕێگاچارەی هەندێ كێشەو قەیرانی وەك بێ بازاڕی و بێكاری و لاوازبونی ئابوری وكەمی داهات دابنرێت.

وا پێویست دەكات، بەچاوێكی ئابورییانە تەماشای گەشتیاران بكرێت، كلتوری ڕێز و بەخێرهاتنی گەرمیان لێ بكرێت، چونكە گەشتیارانی عەرەب، خاوەنی پارەن و لە شار و شارۆچكەكانی هەرێمدا خەرجی دەكەن و گیرفانی دەیان خاوەنكار و خاوەنباخ و دواتر گیرفانی خێزانەكان پڕدەكەنەوە و باری سەرشانی دارایی حكومەت سووك دەكەن.

بەهۆی كۆرۆناڤایرۆسەوە زۆرێك لەدەروازەكانی ئێران و توركیا بەداخراوی ماونەتەوە، ئەوەی لەئێستادا بەردەستن، گەشتیارانی عەرەبی عێراقین، كەبەهۆی گەرمای پرۆكێنی ناوچەكانیان بەناچاری گەشت دەكەن بۆ هاوینەهەوار و شوێنە گەشتیارییەكانی هەرێم.

ئومێدەوارین، كلتوری ڕق و كینە بەرامبەر گەشتیاران بەگشتی و گەشتیارانی عەرەب نەمێنێت، هەموو ئاسانكارییەك بكرێت لەگواستنەوە وبەڕێكردنیان بەتایبەتی لەبازگەكان بۆئەوەی بەكەمترین كات بگەنە شوێن و جێگای خوازراوی خۆیان.

لەهەمانكاتدا، دەستەی گەشتوگوزارو بەڕێوەبەرایەتی و كادرانی گەشتوگوزاری هەرێم، بەبەردەوامی كار بكەن بۆ ڕاكێشانی گەشتیاری زیاتر، حكومەتی هەرێم، هەوڵی وەبەرهێنان بدات وهاوكاری كەرتی تایبەت ببێت بۆ هەستانەوەی ئەم كەرتەگرنگ و پڕ بایەخە....

*ئابووریناس