ئیجەی "سیڕات" و ئیجەی "نەجات"

2 مانگ پێش ئێستا

هاوڕێ توانا
كاتێك دروشمی هاونیشتمانیبوون دەبێ بە: "منداڵەكانت لە بری خۆشەویستیی نیشتمان فێری مەلەكردن بكە با لە دەریای ئیجەدا نەخنكێن." ئیدی چیدی دەریا دادگەیی ناكرێت، چونكی ئیجە و دەریای ناوەڕاست لە وێناكردنی گەلانی ئێمەی نیشتەجێی زەمینی مەرگ و وێرانە، پردی "سیرات " و"نەجاتن" نەوەك پردی نەفرەت و نەعرەت! 
 دەبێت بگوترێت: ئیجە پردێكە دروست دۆزەخ و بەهەشتی دنیای ڕیاڵیستی پێكەوە گرێ دەدات، ئاخر لەوێناكردنی ئێمەی گەلانی ناوچەكە، ئەو ناوچەیەیی كە دەمێكە هەم ژین و ژیان و جوانی تیایدا سەر بڕاوە و دەمێكە كەڕامەتی مرۆڤی تیایدا هەڕاج و هەرزانفرۆشكراوە، دەمێكە لە هەموو باها مرۆییەكان بەتاڵ بووەتەوە! بۆیە ڕۆژاوا و ئەوبەری دەریا، ڕێك ئەو بەهەشتەن كە بێ باج و تێكۆشان پێی ناگەیت! 
بۆ مەگەر دیدی ئایین بۆ بەهەشت و دۆزەخ، هەر ئەو هاوكێشەیە نییە، كە ئێستا بەسەر كیشوەری "ئێمە " و "ئەواندا " جێبەجێ دەبێت؟
بۆ مەگەر وێناكردنی ئاین بۆ دۆزەخ گڕی ئاگر و ناڵەو ئازاری مرۆڤی لاشەسوتا و نییە، دەی مەگەر هەر ئەوە خەسڵەتی ژیان و ژینی میللەتانی شام ، لیبیا ،عێراق و یەمەن و وڵا تانی بەدبەختی ئاسایی دوور نییە ؟!

 دەی لەم سەر زەمینە چیتر ڕوودەدات جگە لە بارینی ئاگر و ئاسن؟! ئاخر چیتر دەبینی جگە لە خوێن و لاشەی سوتاو؟ چیتر دەگوزەرێت جگە لە سەركوتكردن و چەوسانەوە سەربڕینی مرۆڤەكان ؟ مەگەر لە دیدو و وێناكردنی دین بەهەشت بریتی نییە لەو شوێنەی كە بە سەوزایی و باغی هەڵواسراو ژیانی پڕ لە ڕەفاهیەتدا دەناسرێتەوە؟ ئێ كاتێك ئەوە جیاوازی نێوان دوو كیشوەر بێت ئیدی هەردەبێت پردێك لە نێوانی ئەم دوو دنیا جیاوازەدا هەبێت ، پردێك یان دەبێتە پردی (نەجات ) یان دەبێتە ( سیڕات )!