سادیزم چییە؟

2 مانگ پێش ئێستا

س: بوار نیوز
"لە ١٠% ئەو كەسانەی دەستدرێژی سێكسی دەكەن، سادیزمیان هەیە"
سادیزم، بە واتای چێژوەرگرتن دێت لەلێدان و سوكایەتی و ئازاردانی كەسی بەرامبەر، بەتایبەتر ئازاردان لەكاتی سێكسدا، كە پسپۆران بەلادانی سێكسی ناوی دەبەن، دكتۆر نەشمیل ڕەسوڵ، پزیشكی پسپۆڕی نەخۆشییە دەرونییەكان، دەربارەی كەسانی سادیزم دەڵێت "چارەسەری تەواوی سادیزم نییە".

د.نەشمیل دەڵێت "سادیزم جۆرێكە لەلادانی سێكسی، كۆمەڵێك حاڵەتن كە فەنتازیاو بیركردنەوەی هەڵەشەیی و رەفتاریان هەیە لە ڕێ كۆمەڵایەتی و سێكسییەكانەوە جیاوازن و زۆر جاریش قبوڵ نەكراون، ئەو مرۆڤەی حاڵەتی سادیزمی هەیە بەردەوام حەزی وروژاندی سێكسی لە ڕێگەی ئازاردانی جەستەی و یان ئازاردانی دەرونی بەرامبەرەوە بە دەست دەهینێت، ئەمەش لەخەیاڵیدا هەیە یاخود لە لاشعوریدا هەیەو ناتوانێت كۆنترۆڵی بكات، ئەم كەسانە لەكاتی سێكسدا ئازاری بەرامبەر دەدەن تەنانەت ئەگەر بەرامبەرەكەشی ئەوەی قبوڵ نەبێت، لەڕوی جەستەی و لەڕوی دەرونیشەوە، ئەو رەفتارانەی كەسی سادیزیم دەیكات، دەبێتە هۆی كێشە لەڕوی كۆمەڵایەتی و كاركردن و ژیانكردن لەگەل ئەو كەسەی لەگەڵیدا دەژی، پێویستە كەسەكە ٦ مانگ بەردەوام ئەو نیشانەنەی هەبێت بۆ ئەوەی بریاری ئەوە بدرێت ئەو كەسە سادیزمی هەیە".

 ئەم پسپۆرە دەرونییە وتیشی "لەپەیوەندییە تایبەتیەكاندا لەنێوان ژن و مێرددا هەیە، یان دو كەس كە پێكەوە دەژین، هەندئ رەفتاری وەك سادیزم ئەنجامدەدرێت ئەمە بەسادیزم دانانرێت، چونكە ئەم دو كەسە وەك یارییەكی نێوان خۆیان دەیكەن و هەردوكیان رازین لەسەر هەمان دۆخ، بێگومان لەبەر ئەوەی لەكۆمەڵگای ئێمە ئەم شتانە بەباشی باس نەكراوەو پەروەردەیەكی تەندروستی سێكسیمان نییە بۆ تاكەكان، بۆیە لەوانەیە خەڵكی ئەم كێشانەیان هەبێت نەیزان و یان بیشارنەوە، بێگومان لەوڵاتەكانی دیكەشدا ئەم كێشانە هەیە كەسی سادیزم ناچێت بۆ لای پسپۆری دەرونی بلئ سادیزمم هەیە، چونكە خۆی چێژی لئ دەبینێت، تا ئێستا هۆكاری ئەوە دەرنەكەوتوە بۆ چی ئەم لادانە سێكسیانە هەیەو هۆكار چییە، بەڵام دەكرێت پەیوەندی بەوەوە هەبێت ئەم كەسانە كێشەی كۆنترڵكردن و هێزیان هەبێت كێشەی دەرونیی تریان هەبێت، مومارەسەكردنی هێز بەسەر كەسێكی دیكەدا، سادیزم لەڕێبەندی ئامارو نەخۆشییەكاندا بە نەخۆشی دەرونی هەژماركراوە، بەڵام كاتێكدا بە نەخۆشی هەژماردەكرێت لەگەڵ كەسێكدا مومارەسەی بكەن كە رەزامەند نەبێت.

 نەشمیل رەسوڵ زیاتر باس لەكەسی سادیزم دەكات و دەڵێت "گرنگە كەسی سادیزم وا لێبكرێت چارەسەر وەربگرێت، ئەو چارەسەرەش بەچارەسەری دەرونی دەبێت یاخود بەدەرمان وەرگرتن، دەرمان وەرگرتن هەندێجار هەڵەشەیی و رەفتاری كتو پڕ كەم دەكاتەوە بەرامبەر خەڵك، ئەم دەرمانانە دەكرێت سودی هەبێت، بەڵام ناتوانین بڵێین چارەسەری بنەڕەتییە، هەندێ چارەسەری دەرونی هەیە یارمەتی تاك دەدات بیركردنەوەی خۆیان دەناسنەوە تاكو بزانن چۆن بیركردنەوە سادیزمیەكانی خۆیان بگۆڕن، بەشێوەیەكی گشتی چارەسەرەكان ئاسان نییەو دەرەنجامی باشی نییە، دەمەوێت ئاماژە بەوە بدەم ئەو كەسانەی دەستدرێژی سێكسی دەكەن، لە ١٠٪ یان سادیزمیان هەیە، لەو حاڵەتی كوشتانەش كە لە ڕێگەی دەرئەنجامی سێكسیەوە ڕودەدەن، لەوڵاتە ئەوروپیەكاندا بینراوە لە ٣٠٪بۆ ٧٠٪ ئەو كەسانە سادیزمیان هەیە.