تورك چیمان بۆ دەكاو چیمان پێدەكا؟

2 مانگ پێش ئێستا

هەژار سدیق
حەوت سەدساڵ پێش ئێستا، لەكاتی دامەزراندنی ئیمپڕاتۆریەتەكەیان، كە لەسەر خوێن و خاك و كلتوری كوردو ئەرمەنی و یۆنانی و سوریانی دروستیانكرد، بەڵام تا ئەو ساتەش،  هیچ شتێك لەهزرو بیركردنەوەی توركەكان نەبووە، بۆ سوودی مرۆڤایەتی.
ئەوان هەموو نەتەوەیەك بەدوژمنی خۆیان دەبینن، بەتایبەت ئەم نەتەوانەی كەخاك و ئاویان داگیركردوون، تاكە دوژمنێكێش بەگوێرەی بیركردنەوەی تاك بەتاكی ئەوان، كەتا ئێستا لەژیاندا مابێت و بەردەوام بێت، نەتەوەی كوردە.

چەند دانەیەكیان نەبێت، كەبێگومانم ڕەچەڵەكە ڕەسەنەكەیان تورك نیە، ئەگەرنا هەموو تورك حەز دەكەن، كەڕوڵاڵ بن، تەنیا گوێیان لەووشەی كوردو كوردستان نەبێت.

وەك چۆن ئەوێ ڕۆژێ یۆنانیەكان خەریكی یەكلاییكردنەوەی ئەوە بوون، كە مریشك لەهێلكەیە، یان هێلكە لەمریشكە، كاتێك لەبەرەبەیانی 29-5-1453 كۆستەنتینەی(ئیستانبول) پایتەختی ئیمپڕاتۆریەتیەكەیان لەلایەن توركەكانەوە داگیركرا، كە ئەم داگیركاری و فراوانخوازیەی تورك گەورەترین گورزی لەپێشكەوتنی مرۆڤایەتی داو ئەم شكستەكەی یۆنانیەكان، هەموو ئەوروپای بێ ئومێدكرد، لەبەرپەچدانەوەی توركە عوسمانیەكان.

ئێستا عوسمانیە نوێیەكانی تورك، هەمان سیناریۆ لەعیراق و سوریا دووبارە دەكەنەوە، ئەوەی ڕێگەخۆشكەریشە بۆ ئەم پیلانەی توركیاو ئامانجەكەیان دێنێتەدی، ملهوڕی سەرۆكی ئێستای سوریایە، بۆ مانەوەی لەدەسەڵاتەكەی و شێت و شەیدابوونی سیاسیەكانی كوردو شیعەو سوننەی عیراقە، بۆ وەرگرتنی پلەو پۆستەكانی بەغدا.

هەڵوەشاندنەوەی ئەم پیلانی داگیركاری و فراوانخوازیەی توركیا، تەنیا لەئەستۆی عەرەبی عیراق و سوریایە، پێویستە سیاسیەكانیان، بیری شۆڤینی چەقبەستوویان بگۆڕن، بەگیانی پێكەوەیی و هاوبەشی لەگەڵ كورد، ئەوكات دەتوانن پارێزگاری لەمانەوەی خۆیان بكەن و نەتەوەیەكی گەورەی وەكو عەرەبیش، كەخاوەنی بیست دەوڵەتە نائومێد نەكەن.

بوونی هەرێمی كوردستانی عیراق و هەرێمی كوردستانی سوریا، لەنەخشەی سیاسی و ئیداری و دەستوری هەردوو وڵاتی عیراق و سوریادا، تووندترین گورزی پەرپەچدانەوەی داگیركاری و فراوانخوازیەكانی توركیایەو پێگەی هەموو وڵاتانی عەرەبیش بەهێزو تۆكمە دەكات، لەناو كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.