لێ دزین كۆتایی نەهاتووە

2 مانگ پێش ئێستا

سلێمان سەبری سلێمان
خوێندكاری ماستەر لە زانستە سیاسییەكان 
لە ماوەی سی ساڵ حوكمڕانی كوردیدا، دەسەڵاتی كوردی شێوازێك لە حوكمڕانی داهێنا كە سەرتاپای ناعەدالەتی و نایەكسانییە. 
حكومەتێك لە ماوەی سێ دەیە، كە ماوەیەكی یەكجار زۆرە بۆ دەسەڵاتی هەموو وڵاتێك و بۆ مێژووش ماوەیەكی كەم نییە. ئەم دەسەڵاتە لەم ماوە درێژە نەیتوانیوە حكومەتێك بەڕێوە ببات كە ڕووی هەبێت وەك حكومەتێكی سەردەمییانە خۆی نیشانی دەرەوە بدات. 
حكومەتێك تا ئێستا سوپایەكی یەكگرتووی نییە و هەتا ئێستا سوپایەكەی میلیشیای چەكداری حزبییە، كە ئەم جۆرە سوپایە بۆی هەیە هەموو كاتێك ڕووبەرووی یەكدی ببنەوە و جارێكی دی شەڕی ناوخۆ دەست پێ بكاتەوە. 
دەسەڵاتێك تا ئێستا پێداویستییە سەرەتاییەكانی بۆ هاووڵاتییان دابین نەكردووە وەك ئاو و كارەبا. موچەی فەرمانبەران كە مافێكی سەرەتایی هاووڵاتییە لە كاتی خۆی موچە وەرگرێت بۆ بژیوی ژیان و گوزەرانی، هەموو مرۆڤێك دەبێ لەبەرانبەر ئەو كارەی ئەنجامی دەدات بڕێك پارەی بێتە دەست بۆ ئەوەی بتوانێ بە سەربڵندی بژیێت. 
ئەم دەسەڵاتە ئەو مافە سەرەتاییەش بە هاووڵاتی خۆی ڕەوا نابینێت موچەی بە ڕێكوپێكی و لە كاتی خۆی بدات، بۆیە ئەم حكومەتە لە پێدانی موچەش ناعەدالەتە نەیتوانیوە ئەركی حكومەتی خۆی بۆ هاووڵاتیان بە جێ بگەیەنێ، ئێستا داهێنانێكی نوێی كردووە ناوی لێ ناوە لێبڕینی موچە كە ڕاستتر ئەوەیە پێی بگوترێ لێ دزینی موچە. 

هۆكاری ئەم هەموو ناعەدالەتییە دەگەڕێتەوە بۆ نەبوونی حكومەتێكی مەدەنیی سەردەمییانە كە مافەكانی هاووڵاتی دابین دەكات، حكومەتی هەرێم، حكومەتێكە كەسانی تیكۆنكرات و ئەهلی كار بەڕێوەی نابەن، حكومەتێكە تێیدا بنەماڵە و حزببی بنەماڵەیی و كوڕە ئاغا و عەشیرەت بەسەر هەموو جومگەكانی دەسەڵات زاڵە، ئەم بنەماڵانە سامانی گشتی و داهاتی كوردستان لە بەرژەوەندیی خۆیان و چەند كەسانێكی دەستوپێوەندیی خۆیان قۆرخ كردووە.

لە دوای ساڵی (٢٠٠٣)و ڕووخانی ڕژێمی سەددام و دامەزرانی حكومەتی نوێی عێراق، بودجەی حكومەتی هەرێم لە بەغداوە دەهات تاكو مانگی (١ی ٢٠١٤ ) مووچە بێ دواكەوتن مانگانە لە كاتی خۆی دابەش دەكرا. 
لە مانگی (٢ی ٢٠١٤ ) كاتێك بەغدا بودجەی بڕی بە بیانووی جیاواز لەو كاتەوە فەرمانبەرانی ڕاستەقینەی هەرێمی كوردستان بوونە سوتەمەنی ئەم ناعەدالەتییە حكومەتی عێراق و هەرێم كە هەتا ئێستا بەردەوامە. واتا لە ماوەی حەوت ساڵ و شەش مانگ فەرمانبەران لە بارودۆخێكی زۆر ناهەمواردان. حكومەتی بەڵێنی دا كە ئەم موچە نەدراوە پاشەكەوتە و حكومەت لە داهاتوو دەیگێڕێتەوە بۆ هاوڵاتییان، تا ئێستا نەك هەر نەیتوانیوە ئەو پاشكەوتە بگێڕێتەوە ئێستا فێڵێكی دیكەی دۆزیوەتەوە ناوی لێ ناوە لێی بڕینی موچە. 

كێشەی حكومەت لەوەدایە تاكو ئێستا فەرمانبەرانی ڕاستەقینە و مشەخۆری وەك یەك حساب كردوون لە پێدانی موچە و مافەكانیان. چۆن دەبێ دكتۆرێك یان مامۆستایەك لەگەڵ بندیوارێك بەیەكەوە هەمان حسابیان بۆ بكرێ لە وەرگرتنی موچە و مافە داراییەكانیان. 
فەرمانبەری ڕاستەقینە بەردەوام لە خزمەتدایە دەبێ ژیانی ماڵ و منداڵی لە لایەن حكومەتەوە دابین بكرێت نەك وەك مشەخۆرێك حسابی بۆ بكرێ. دواكەوتووترین وڵاتی دونیا لە ڕووی موچە و مافە داراییەكان لە حكومەتی كوردی باشترە. 
جگە لە لێبڕین و لێدزین زوڵمێكی تری حكومەت ڕاگرتنی پلەوپایەی فەرمانبەرانە. كە بەپێی یاسای كارگێڕیی عێراقی، فەرمانبەر مافی دارایی خۆیەتی لە ماوەی ساڵێك پایە وەربگرێ و لە ماوەی چوار ساڵ پلە وەربگرێ، بەڵام حكومەتی هەرێم بە شێوازێكی نایاسایی ڕایگرتووە. لە هەمان كاتدا پلەوپایەی هێزە ئەمنییەكان ڕانەگیراوە، چونكە پارێزگاری لە بەرژەوەندیی دەسەڵاتداران دەكەن. 
دوای ئەو هەموو زوڵمەی لە فەرمانبەران كراوە، بۆ ئەم مانگە سیستەمی لێ دزینان ڕاگرتووە. دەیانەوێ وەك موژدانەیەك بە موچەخۆران و فەرمانبەرانی بدەن كە گوایە ئیدی موچە بە كاتی خۆی و بەتەواوی دەدرێت، كە دڵنیام ئەم كارەیان تەنیا بۆ بانگەشەی هەڵبژاردنە بۆ ئەوەی ڕووی خۆیان بۆ دەنگدەران سپی بكەنەوە و خۆیان شەریف نیشان بدەن و خەڵك دەنگیان پێ بدەن تا چوار ساڵی دی درێژە بە حوكمڕانی شكستخورادووی خۆیان بدەنەوە.

حكومەت ئەو كاتە دەتوانێ خۆی وەك حكومەتێكی دادپەروەر نیشان بدات و كە مافە خوراوەكانی هاووڵاتی بگێڕێتەوە: هەموو موچە لێ دزراو و پاشەكەوتكراوەكان لەگەڵ پلەوپایە بۆ فەرمانبەرانی ڕاستەقینە نەگەڕێتەوە كۆتایی بە ناعەدالەتی و دزینی مافی هاووڵاتیان نەهاتووە.