شكستێكی تری بواری پەروەردە و فێركردن

30/08/2021

ڕەهێڵ دزەیی 
لەگەڵ دەرچوونی ئەنجامەكانی تاقیكردنەوەی پۆلی دووازدە، لە لوتكەی دەسەڵاتی بواری پەروەردە وفێركردن تا دەگاتە دایك و باوك وخزم كەسی ئەم هەژدە قوتابییەی كە یەكەم بوون لە تاقیكردنەوەكە لە ڕێگای دەزگاكانی ڕاگەیاند و فەیسبووكەوە بە شانازییەوە و پێرۆزباییان لێكردن. 
ئاساییە پیرۆزبایی لە كەسێك بكرێت سەركەوتنی لە بوارێك هێناوە، بەلام ئەوەی مایەی ئاوڕدانەوە و هەڵویستە لەسەركردن و گرنگی پیدانە قوتابییەكانی ترن: 
ڕێژەی دەرچوون ئەمساڵ بە گشتی لەسەدا 22.56
 ڕێژەی دەرچوانی بەشی زانستی لەسەدا 25
ڕێژەی دەرچوانی بەشی وێژەیی لەسەدا 17
ئەم ڕێژانە كە زۆر لە نیوە كەمترە زەنگێكە دەبێت حكومەت و بەتایبەتر وەزارەتی پەروەردە و فێركردن لەسەری بوەستن، لە بری ئەوەی ئاهەنگ بۆ هەژدە قوتابیی بگێڕن وبە سەركەوتن دەریبخەن، واقعیانە دان بە شكست بێنن. 

ئەو ٧٨% قوتابیانەی دەرنەچوون بەدڵنیاییەوە هەوڵی خۆیانداوە، ئەوەی لەدەستیان هاتوە بۆ ئەوەی لە تاقیكردنەوەكان دەرچن كردویانە، بەڵام بێگومان هەڵەیەك یان چەندین هەڵە هەیە، ناكرێ ئەم ژمارە زۆرە لە قوتابیان هەر هەموویان ئاستیان نزمبێت یان كێشەیەكیان هەبێت ڕێگربێت لە فێربوون. 

وەزارەتی (پەروەردە) پێش هەمووان دەبوو پەروەردەییانە مامەڵەی بكردبا نەبێتە مایەی دروست بوونی جیاوازی لەنێوان قوتابیان و دروست كردنی هەستی (بەكەم زانین) یان هەستی (بە زل زانین) لەناو قوتابیان. 

تاقیكردنەوە لە وانەكان دەبێ بۆ ئەوەبێت كە دەستنیشانی كەموكوڕیەكانی سستمی خوێندن و وانەبێژی بكات، ببێت بە داتایەك بۆئەوەی مامۆستا و بەڕێوەبەر و وەزارەتی پەروەردە بەخۆیاندابچنەوە و هەڵەكانیان بدۆزنەوە و چارەسەری بكەن، نەك ببێت بە مایەی دڵەڕاوكی و ئەزیەتدانی قوتابی لە ڕووی دەروون و كەساییەتیەوە.