خوێندن و بازاڕی كــــــــار

04/09/2021

سەركــــــۆ یونس*
وڵاتانی تازەپێگەشتوو، كەلەهەوڵی پەرەپێداندان چەندین گرفت وبەربەست و كێشەی گەورەیان لەبەردەمدایە، بەگشتی و نەگونجاندنی دەستی كارو بازاڕی كار گرنگتریانە.

گومانی تێدا نیە، ئەگەر بەقەبارەی زانكۆوپەیمانگاكانمان، كارگەو كارخانەی بەرهەمهێنانمان هەبێت، ئەوا ئابوری هەرێم لەم چەقبەستویی و ئاستە نزمەیدا نامێنێتەوە، دەچێتە قۆناغی گەشەسەندن وبوژانەوە.

بوونی زانكۆو پەیمانگاكان، لەهەر كۆمەڵگاو وڵاتێكدا، نیشانەی بەرەوپێشچوونی ڕۆشنبیری وفەرهەنگ و خوێندەواری ئەو كۆمەڵگا دێت.
بەڵام ئەوەی كێشەكەی قووڵكردوەتەوە نەبوونی هاوئاهەنگی یە لەنێوان كەرتی خوێندن و بازاڕی كاردا.
لەهەرێمدا كوڕان و كچان دوو ساڵ یان چوارساڵ لەبوارێكدا دەخوێنن، بەبێ ئەوەی بیر لەوە بكەنەوە ئەم پسپۆڕیانە لەبازاڕی كاری هەرێمدا پێویست بێت یان نا ؟ 

لەماوەی چەند ساڵی ڕابردودا، بەتایبەت لەدوای ساڵی 2014 ەوە، بەسەدان كوڕوكچ، لەزانكۆوپەیمانگاكان بڕوانامەیان بەدەستهێناوە وئامادەن بۆ كاركردن. بەڵام بەهۆی قەیرانی دارایی و شەڕی داعش و كێشەكانی هەرێم و بەغدا و دابەزینی نرخی نەوت و سەرهەڵدانی كۆرۆنا و دەیان كێشەوقەیرانی تر، حكومەتی هەرێم، نەیتوانیوە دەرفەتی كار برەخسێنێت لەكەرتی گشتی دا، هەرچی كەرتی تایبەتییشە، جگە لەهەندێ كۆمپانیای گەورە، ئەوانی تر نەبوونەتە سەرچاوەی بەدەستهێنانی هەلی كار بۆ خاوەن بڕوانامەكانمان.

بەپێ ی ئامارەكانی وەزارەتی خوێندنی باڵاو وتوێژینەوەی زانستی، ساڵانە نزیكەی (25 بۆ 30) هەزار دەرچووی زانكۆو پەیمانگاكان لەهەرێمدا ئامادەن بۆ كاركردن و دەخرێنە بازاڕی كارەوە، بێگومان ئەم ژمارەیە گەورەیەو ساڵ لەدوای ساڵ، قەبارەی دەرچووان لەهەڵكشاندایە.

گونجانی دەرچوانی زانكۆكان لەپسپۆرییەكان لەگەڵ بازاڕی كاری هەرێمدا، ئاسمان و ڕێسمانی جیاوازە، بەدەیان بەش و كۆلێژی ناپێویست لەزانكۆكانی هەرێمدا هەن، بەبێ ئەوەی دەرچوانی ئەم بەشانە هیچ گونجانێكیان هەبێت لەگەڵ بازاڕی كاردا، وەك بەشەكانی زانستەمرۆڤاییەتیەكانی مێژوو وجوگرافیا و پەیمانگاتەكنیكییەكان جگەلەبەشە زانستیەتەندروستییەكان.

یەكێك لەگرفتەكان، نەبوونی تەنسیقە لەنێوان وەزارەت ودامودەزگاكانی حكومەتدا بەگشتی و وەزارەتی پلاندانان وكار خوێندنی باڵاو پەروەردە بەتایبەتی. پێویستە ساڵانە یان چوار ساڵێك جارێك وەزارەتی پلاندانان وكار بەتوێژینەوەی زانستی ئاگاداری وەزارەتی خوێندنی باڵا بكاتەوە كەچی پسپۆڕییەك بۆ واقعی ئابوری و كۆمەڵایەتی هەرێم، گونجاوە.

چەندین جار، بەرپرسانی حكومی ئاشكرایان كردووە كە حكومەت، ناتوانێت دەرفەتی كار برەخسێنێت لەدامودەزگاكانیاندا، دامەزراندن لەكەرتی گشتیدا وەستاوە و حكومەت پێویستی بە ڕاژەی زیاتر نی یە، چونكە هەڵاوسانێكی لەڕادەبەدەری فەرمانبەرانی هەیە و نزیكەی (640) هەزار فەرمانبەری هەیە، بەرهەمداری نیوەی ئەم ژمارەیە نزیكە لەسفرەوە، ئەمە سەرەڕای دەیان بندیوارو فەرمانبەری وەهمی لەچاوەڕوانی جێ بەجێكردنی بڕگەوماددەكانی یاسای چاكسازیدا هێشتا یەكلانەبوونەتەوە.

ساڵانە، زیاتر لە(100)هەزار خوێندكار بەشداری تاقیكردنەوەكانی وزاری دەكەن، لەم ڕێژەیە تەنها (3000) خوێندكاری پیشەیی تێدایە لە(پیشەسازی و كشتوكاڵ و بازرگانی و گەشتوگوزار) ئەمەش گرفتەكە گەورەتر دەكات، چونكە بازاڕی كاری هەرێم، پێویستی بەدەستی كاری پیشەیی یە.

لەلایەكی ترەوە، خراپی كواڵیتی دەرچووانی زانكۆكانی هەرێم، لەم چەند ساڵەی دوایدا، بووەتە دیاردەیەكی بەرچاو وكێشەیەكی سەرەكییە لەبەردەم كەرتی تایبەتدا، هەربۆیە زۆربەی جار لەناچاریدا كۆمپانیاكان دەستی كاری شارەزا لەدەرەوە هاوردە دەكەن، ئەمەش كاریگەری خراپی دەبێت لەسەر دەرفەتەكانی هەلی كار و سەرئەنجام ڕێژەی بێكاری زیاتر دەكات.

لەكۆتایدا، پێمان وایە پێویستە حكومەتی هەرێم، ئەو بەش و كۆلێژانەی كەڕاستەوخۆ دەرچووەكانیان بێكار دەبن و هیچ دەرفەتێكیان نی یە لەبازاری كاردا، دابخرێن، چی تر بەدەستی خۆمان نەبینە سەرچاوەی سەرهەڵدانی دیاردەی بێكاری.
هەروەها، زۆر گرنگە حكومەتی هەرێم سەرەرای ئاستەنگەكان، گرنگی زیاتر بدرێت بە خوێندنی پیشەیی و پرۆگرامی نوێ و زانستی وواقعی بۆ ئەم بەشانە ئامادە بكات و هانی خوێندكاران  بدرێن ڕوو لەخوێندنی پیشەیی بكەن.

*ئابووریناس