مافی مناڵ‌و دایك پیرۆزترە لەكلتوری "زۆڵ"

05/09/2021

ئاسۆ كەمال
"دین، دڵی جیهانێكی بێ دڵ‌و ڕۆحی هەلومەرجی بێ ڕۆحە، ئەوە تریاكی خەڵكیە"
ماركس

لەكاردانەوەكانی ئیسلامیەكاندا بەرامبەر بە"كەمپینی ناوی من ناوی دایكمە" سەرنج بدەنە كەلتورێك كە مافی ناونانی مناڵ بەناوی دایكەوە ڕەتدەكاتەوەو بزانن ئەم كەلتورە دینیە مناڵ یان ئینسانی ساوا چۆن دەبینێ؟

مونیرە عەلی عەبدولعەزیز، ئەندامێكی مەكتەبی سیاسی بزوتنەوەی ئیسلامی كوردستان ڕایدەگەیەنێت، "كەمپینی ناوی من ناوی دایكمە، هەوڵێكە بۆ خستنەوەی مناڵی زۆڵ‌و بندیوار".

دیارە وشەی زۆڵ مێژویەكی دورودرێژی هەیەو بەو مناڵانە دەوترێت كە لەدەرەوەی خێزانی ڕەسمی یان شەرعی ئیسلامی لەدایكدەبن.

لێرەوە لەپێوەرو كەلتوری دینی تێدەگەین سەبارەت بەمرۆڤ‌و سیستمی خێزانی پیاوسالاری باوكسالاری، مناڵێك كە لەدەرەوەی ئەم خێزانەی كە پیاو خاوەنەكەیەتی‌و دواتر ناوی ئەو وەردەگرێ بەفەرمی ناناسرێ‌و هیچ پێناسەیەكی وەك هاوڵاتیەكی یەكسان نییەو بەكەلتوری دینی "زۆڵە".

هەربۆیە نوێنەرێكی ئیسلامی سیاسی وەك بەڵگەی دژایەتی بەرامبەر بەمافی مناڵانێك كە ناسنامەی باوكیان دیارنیە زۆر بەئاسانی‌و بێ پەردە ئەم زاراوەیە وەك بەڵگەی سەلماندنی ڕاستیەكی حاشاهەڵنەگر بەكاردەهێنێت بۆ سڕینەوەی مافی ناسنامەی مناڵێك‌و مافی دایكێك لەبونی وەك بەشێك لەناسنامەی مناڵەكەی.

هەروەك ئەوەی ئەو مناڵە مرۆڤ نەبێ‌و لەپلەیەكی خوارتری مرۆڤدابێت، هەر لەبەرئەوەی لەدەرەوەی دامەزراوەی زەواجی شەرعی ئیسلامی‌و  فەرمیدا لەدایك بوە كە بەم هۆیەوە تەنانەت شایەنی ناسنامەش نییە بەناوی دایكیەوە كە نۆ مانگ وەك بەڵگەیەكی بایۆلۆژی حاشاهەڵنەگر لەسكیدا وەك مرۆڤێك هەڵیگرتوە.

لەهەمانكاتدا ئەم هێرشە بۆسەر ئەو دایكانەیە كە دەتوانن ئەوانیش بەشێكبن لەناسنامەی مناڵەكەیان، لەلای ئەم ئیسلامیانە دروستكردنی ناسنامەی منداڵ لەسەر ناوی دایكی، تەنانەت ئەگەر لەئەنجامی تاوانێكیشەوە وەك ئەوانەی داعش بەژنە یەزیدیەكانیان كرد، دیسانەوە هەر ڕێگەپێدراو نییە، چونكە لەگەڵ بنەمای سیستمی خێزانی ئیسلامی‌و پاتریاركی‌و باوكسالارانەی دینیدا نایەتەوە.

ئەم  دژایەتیەی ئیسلامیەكان دژ بەمافی ژنان لەخستنەپاڵی ناوی خۆیان لەگەڵ ناوی مناڵەكانیان بەرگری كردنە لەمافی موڵكایەتی‌و میراتی پیاو كە سیستمی خێزانی ئێستای لەسەر بونیادنراوەو ئەگەر مناڵێك باوكی دیارنەبێت ئیتر ناتوانرێ ناوی خێزانی بۆ بەكاربهێنرێ، چونكە خەلەل دەخاتە ئەم گواستنەوەی موڵك‌و میراتیەوە كە خێزانی پیاوسالارانە هەزاران ساڵە لەسەری دەڕوا.

ئەگەر پیاوێك لەئارادا نەبێ كەواتە نە مناڵ نە دایكی، وەك هاوڵاتی فەرمی بونیان هەیەو بەشێك نین لەم سیستمەی كە بۆ گواستنەوەی موڵك‌و میراتی پیاوان دانراون‌و هەربۆیە ناوی خێزان ناوی تەنها پیاوەكانی هەڵگرتوە.

ئەم كەمپینەی "كەمپینی ناوی من ناوی دایكمە" دەرگای لەسەر بابەتێكی گرنگ كردۆتەوە كە ئەویش مافی مناڵ‌و مافی دایكە. ئەم مافانە بنەڕەتین‌و سیستمی خێزانی دینی‌و یاسا دینیەكانی ناسنامەی عێراقی كە ڕێگرە لەبەردەم ناسنامەی مناڵێك لەڕێگای دایكیەوە ئەوە دەبێ بزانین كە ئەو كلتورە لەشارساتنیەتی مرۆڤایەتی ئەمڕۆدا زۆڵە نەك مناڵەكە. 

دینێك كە مناڵ بێبەری بكا لەمافی ئینسانی خۆی لەبەرئەوەی لەدەرەوەی سیستمی خێزانی ئیسلامیدا لەدایك بوە ئەوا دینی دنیایەكی بێ دڵەو ڕۆحی هەلومەرجێكی نائینسانی بێ ڕۆحەو تلیاكێكە بۆ بێ هۆشكردنی كۆمەڵگە لەبێداربونەوەو وەستانەوە بەدژی ئەم كلتورە "زۆڵە".