ئایا ژەمی سێیەمی كۆرۆنا پێویستە؟

05/09/2021

د. عارف گۆران
لە ئێستادا بەشێكی زۆری وڵاتانی ئەوروپاو ئەمریكا پلان بۆ ئەوە دادەنێن بڕەژەمی سێیەمی ڤاكسینی كۆرۆنا بدەنە هاوڵاتیانیان

لێكۆڵینەوەكان ئەوە دەردەخەن، كە رێژەی دژەتەن لەو كەسانەی كە هەردوو ژەمی ڤاكسینیان وەرگرتووە دوای شەش مانگ هەندێك دادەبەزێت، ئەمەش لێكدانەوەی ئەوەی بۆ دەكرێت كە بە تێەڕبوونی كات ئەگەری دووبارە تووشبوون بە پەتاكە زیادبێت .
لە كاتێكدا ئاشكرابووە بەشێك لەو كەسانەی، كە هەردوو ژەمی ڤاكسینەكانیان وەرگرتوە تووشی پەتاكە دەبنەوە، بەڵام ئەوەش دەزانرێت كە رێژەی ئەو كەسانەی پێوستیان بە چارەسەری نەخۆشخانە دەبێت زۆر كەمە و مردن بە هۆی كۆرۆنا لە نێوان ئەو كەسانەی هەردوو بڕەژەمی ڤاكسینیان وەرگرتووە یەكجار كەمە .

رۆژانە خەلكانێكی زۆر پەیوەنیم پێوەدەكەن و پرسیاری ئەوە دەكەن، كە هەردوو ژەمی ڤاكسینیان وەرگرتووەو دەیانەوێت ژەمی سێیەم وەربگرن . تێبینیم كردووە ئەو پرسیارە زیاتر لە نێوان ئەو كەسانەیە كە زیاتر لە پەتاكە دەترسن و تووشی دڵەڕاوكێی زۆر بووینە بە هۆی ئەو ڤایرۆسە . ئەوە لە كاتێكدا زۆرینەی خەلكی كوردستان دەرفەتی ئەوەیان نەبووە تەنانەت یەك ژەمی ڤاكسین وەربگرن ، لە رووی ئەخلاقیەوە بۆ كەسێكی وەك من پێشنیاری ژەمی سێیەمی ڤاكسین بە كارێكی چەوت دەبینم، لە هەمان كاتدا ئەركی وەزارەتی تەندرووستیە، كە رێگانەدات كەسانی هەلپەرست ودەست رۆیشتوو، دۆخەكە بقۆزنەوە وژەمی سێیەم وەربگرن. لە ئێستادا تەنیا ئەوە دەكرێت ئەو كەسانە دیاری بكرێن، كەدۆخێكی تایبەتیان هەیە ومافی ئەوەیان بدرێتێ برەژەمی سێیەمی ڤاكسینەكان وەرگرن . ئەو گرووپانە ژمارەیان ئەوەندە زۆر نیەو پێدانی برەژەمی سێیەم كاریگەریەكی زۆری نابێت لە كەمكردنەوەی ژمارەی ڤاكسینەكان، لەوانە :
ئەو دكتۆرو كارمەندانەی تەندرووستی، كە لە نەخۆشخانەكانی كۆرۆنا كار دەكەن ولە هەموو كەس زیاتر بەریەككەوتنیان هەیە و ئەگەری تووشبوونیان بە ڤایرۆسەكە لە كەسانی تر زیاترە .

هەندێك نەخۆشی هەیە، بەرگری مرۆڤ زۆر لاواز دەكات، یاخود ئەوانەی كە هەندێك دەرمان وەرگردن كە دەبێتە هۆی دابەزانی بەرگری لەش، بۆ نموونە هەندێك ئەو دەرمانەی بۆ چارەسەری رۆماتیزم بەكاردەهێنرێت، هەروەها ئەو نەخۆشانەی كێشەی پەككەوتنی گورچیلە، یاخود نەخۆشی جگەری درێژخایەنیان هەیە، ئەو نەخۆشانە تەنانەت دوای وەرگرتنی هەردوو بڕەژەمی ڤاكسینیش بەرگریەكی زۆر كەم درووست دەكەن ، هەربۆیە زۆربەی ناوەندە زانستیەكان كۆكن لەسەرئەوەی ئەو گرووپە ژەمی سێیەمی ڤاكسییانیان پێبدرێت .

دەكرێت پلانی بڕەژەمی سێیەمی ڤاكسین بۆ ئەو كەسانە دابنرێت، كە زۆر بەتەمەنن، بەتایبەتیش ئەو كاتەی ژمارەیەكی باشی ڤاكسین دەكەویتە بەردەست .