مافەكانی ژن لەسایەی شەریعەتدا

08/09/2021

حەمەسەعید حەسەن
قەرارە تاڵیبان لە چوارچێوەی شەرعدا، مافی ژنانی ئەفغان دابین بكات، بەڵام ئاخۆ شەرعێك كە چواردە پازدە سەدەیەك لەمەوبەر سەری هەڵدابێت، هیچ لەگەڵ مافەكانی مرۆڤی هاوچەرخدا كۆی دەكاتەوە؟ ئەوە وەخت بەفیڕۆدانە ئەگەر بانگەشە بۆ ئەوە بكەین، شەرع ستەمی لە ژن نەكردووە، یان بەو پاساوە قایل بین كە ژنی سەردەمی كاڵفامی، ستەمی زیاتری لێ كراوە. شەرعێك لە بواری مافەكانی ژندا لە كەلێن تژی بێت، ناكرێت بە بیانووی ئەوەی لە ئاسمانەوە هاتووە، یان وەختی خۆی كۆمەڵێك ستەمی لەسەر ژن لا بردووە، هەتا هەتایە ڕەچاو بكرێت. ئەگەر بەراوردێك لەنێوان ئەو مافانەی شەرع بە ژنی ڕەوا بینیون و ئەو مافانەدا ساڵانێكی زۆرە، ژنانی وڵاتانی پێشكەوتوو پێیان گەییشتوون، بكەین، دەبینین ژن لە سایەی شەرعدا لە كۆیلەیەك بەولاوە، هیچی دیكە نییە و ڕۆژانە سووكایەتیی پێ دەكرێت.
فرەژنی كە شەرع ڕێی پێ داوە، سووكایەتیكردنە بە ژن و لەوە ناچێت، فەرمانی خوایەكی دلۆڤان و دادپەروەر و یەكسانیخواز بێت، ئاخر ئەوە ڕێزدانان نییە بۆ ئەم ژنی، پیاو بە تەنیا جێی بهێڵێت و بچێت لە ئامێزی ئەو ژنیدا بخەوێت، یان هەر كە لە ئەمیان زویربوو، پشتگوێی بخات و بخزێتە باوەشی ئەویانەوە. وەكوو چۆن لەمێژە، شەرمە و قەدەغەیشە، پیاو كەنیزەكی هەبێت، كە شەرع حەڵاڵی كردووە، ئەوەیش هەر شەرمە و پێویستە قەدەغەیش بكرێت، پیاو فرەژنی بكات. دەمێكە وەختی ئەوە هاتووە ڕیفۆرم لە شەرعدا بكرێت و گەلێك لە بەردە جێگیرەكانی بلەقێندرێن، وەك دەیان ساڵە لە توونس كە وڵاتێكی زۆرینە موسوڵمانە، لەقێندراون.
كە ژنی بەسەردا دەهێنن، ژنی یەكەم بەرەو ڕووی دوو بژارە دەبێتەوە، یان دەبێت پێ بە شكۆی خۆیدا بنێت و بەو چارەنووسە تاریكە قایل بێت، یان جودا ببێتەوە و بە پاساوی ئەوەی تەڵاق دراوە، كۆمەڵ سووك تێی بڕوانێت. ژنی جیابووەوە بەدەگمەن هەلی شووكردنەوەی بۆ دەڕەخسێت، بە تایبەتی ئەگەر منداڵی هەبێت، ئاخر لە دۆخێكی وادا، یان هیچ پیاوێك پێی ڕازی نابێت، یان لە پێناوی منداڵەكانیدا، قوربانی بە خۆشییەكانی خۆی دەدات.
مەگەر هەر خودا خۆی بزانێت، چەندان ژن لە ترسی ئەوەی نەوەك تەڵاق بدرێن، بە ئەشكەنجەی ئەو دۆزەخە ڕازی دەبن، كە مێردیان بە هێنانی ژنی دووەم بۆی ساز كردوون. ئەوە پاساوێكی لاوازە كە دەڵێن: فرەژنی چارەسەری كێشەی (قەیرەكچ) و (بێوەژن) دەكات، ئاخر ئەوی فرەژنی بكات، نزیكەی هەمیشە بەدوای كچێكی جوان و جەحێڵدا دەگەڕێت، چونكە شەرع ئەو مافەی بە پیاو ڕەوا بینیوە، با پیریش بێت، كچێكی گەنج بخوازێت. پارادۆكس ئەوەیە هەرچەندە بەپێی دەقی قورئان، مەحاڵە پیاوی فرەژن، بتوانێت دادپەروەری لەنێوان ژنەكانیدا ڕەچاو بكات، كەچی فرەژنی ڕێگەپێدراوە، ئەمەیش هەڵكردنی چرای سەوزە، بۆ ستەمكردن لەو ژنەی، ژنی بەسەردا دەهێنرێت.

تاڵیبان بەپێی شەرع مافی ژن دابین دەكات، شەرعێك كە پیاوی سەرپشك كردووە، بەو ئاسانییەی هەر كاڵایەكی ماڵەكەی دەگۆڕێت، كەی خواستی ژنەكەیشی بگۆڕێت، بەبێ ئەوەی هیچ ڕێزێك بۆ پێوەندیی ژنومێردایەتی دابنێت كە قەرارە پێوەندییەكی پیرۆز بێت، تەنانەت بەبێ ئەوەی بەرژەوەندیی منداڵەكانیشی لەبەر چاو بگرێت. ئاخر بەپێی شەرع (پیاو پلەیەك لەسەروو ژنەوەیە،) هەرچەندە ژن و پیاو هەردووكیان ئینسانن و نەدەبوو ژن نزمتر سەرنج بدرێت. ئەوەیش كە (پیاوان سەروەری ژنانن،) هەر سووكایەتیكردنە بە ژن. بۆچی شەرع سووك سەرنجی ژن دەدات؟ چونكە سەروەختی جیهاد، ناتوانێت شمشێر بوەشێنێت و ئەگەری ئەوە هەیە، بە دیل بگیرێت و بكرێت بە سەبی، كە دەكاتە كۆیلەی سێكسی. ئاخۆ ئەم تێڕوانینانە بۆ ئەم سەردەمە دەست دەدەن كە تێیدا دەبێت ژن و پیاو یەكسان بن؟
كە تاڵیبان لێ ناگەڕێت، ژن لە ماڵ بچێتە دەر، نە بۆ ئیش، نە بۆ خوێندن، ئەوەی لە شەرعەوە هێناوە، نەك لە گیرفانییەوە، (وقرن فی بیوتكن!) ئەو زەلیلكردنەی ژن، بۆ ئەوەیە چاوی لە دەستی پیاو بێت و بە نەفامی بمێنێتەوە، تا كە ژنی بەسەردا هات، هیچ كاردانەوەیەكی نەبێت. پێ دەچێت شەرع ژن بە تاوانبار بزانێت، ئەگەرنا لە زیندانی ماڵدا بەندی نەدەكرد. بەپێی دەقی قورئانی پیرۆز، كەمعەقڵیی ژن زادەی ئەوەیە، هەر لە منداڵییەوە بایەخ بە خشڵ دەدات و سەرقاڵی خۆ ڕازاندنەوەیە. بە پیس لە قەڵەمدانی ژن، سەروەختی سووڕی مانگانە، ئەوەیش هەر بۆ شكاندنی شكۆی ژنە و لە جووەوە بۆ تاڵیبان ماوەتەوە.
كچ با هێشتا خوێنی مانگانەیشی لەبەر نەڕۆییشتبێت، دەشێت شوو بكات، ئەمەیش دەكەوێتە خانەی منداڵبازییەوە، ئاخر بەر خوێن لەبەر ڕۆییشتن، هێشتا منداڵە و نە لە ڕووی جەستەیییەوە، نە لە ڕووی دەروونییەوە، بۆ بەشوودان ئامادە نییە. ئەوەی پیاوێكی پەنجا ساڵە یان بەتەمەنتریش، منداڵێكی نۆ ساڵە بهێنێت، سەردەمی جاهیلی باو بووە، هەقبوو شەرعی ئیسلام ڕەتی كردباوە. هەق نییە تاڵیبان دژی سەردەمی جاهیلی بێت، ئاخر ئەوە جەهلە تاڵیبانی هێشتووەتەوە. ژن چونكە كەمعەقڵە، بۆیە بە نیو شایەت دەچێت و پیاو مافی ئەوەی هەیە، چوار مانگێك پشتگویی بخات و دواتر یان بۆ ئامێزی بگەڕێتەوە، یان تەڵاقی بدات، ئەمە (ئیلا‌و)ی پێ دەڵێن كە بە مانای سوێند دێت و ئەم خووە ناشیرینە كە سووكایەتیكردنە بە هەست و سۆزی ژن و ئەشكەنجەدانێكی دەروونییە، پێش ئیسلامیش هەبووە. 
پیاو بەو جۆرەی دەخوازێت، دەتوانێت ژن ئەشكەنجە بدات، بەڵام ژن دەبێت هەمیشە بە دەنگ داخوازییەكانی مێردەوە بچێت، ئاخر ئەگەر مێرد لێی ڕازی نەبێت، ڕێی ناكەوێتە بەهەشت. ئەوەی كە دەڵێت: (چاك لەگەڵ ژناندا هەڵسوكەوت بكەن!) لەگەڵ شەرعدا ناكۆكە، ئاخر مێرد مافی خۆیەتی، لە ژن بدات، فرەژنی بكات، لەگەڵ ژندا نەخەوێت، ئازاری ڕۆحی بدات، نیقاب و حیجابی بەسەردا فەرز بكات و كەی ویستی تەڵاقیشی بدات.