حەزی بەنێوبانگبوون

11/09/2021

ئەشواق ئیحسان رەمەزان
مرۆڤ هەر بە سروشت پێویستی بە یەكترناسین و تێكەڵاوی هەیە،  یەكێك لە ئایەتەكانی خوداش لە دروستكردنی مرۆڤ هەر ئەوەیە. لەو یەكترناسینەشدا، كەسەكان پێیان خۆشە بەو شێوەیە بناسرێن كە خۆیان دەیانەوێت، نەك بەو شێوەی كە هەن. هەر بۆیە لەساتی یەكەمی خۆناساندنیاندا، باسی ئەو خاڵانە دەكەن كە لە لای خۆیان گرنگە. 

كە ڕەنگە هیچ پێویست بەوە نەكات لەكاتی خۆناساندندا زۆر جەخت بكرێتەوە لە ناو و شوێنی لەدایكبوون و ژیان و عەشیرەت و خێزان، كچی فڵان و كوڕی فیسار كەس. چونكە ئەوانە هیچ كام پێناسی ڕاستەقینەی مرۆڤەكە نین؛ لەبەر ئەوەی خۆی ئەمانەی هەڵنەبژاردووەو بچوكترین ئەركی تێدا نەبووە. لەبری ئەوە، پێویست دەكات جۆری بیركردنەوە و، خۆزگە و، ئەو بەرهەم و دەستكەوتانەی كە خۆی بە هەوڵ و ماندووبوونی تاكەكەسی خۆی بەدەستی هێناون بكرێتە پێوەر.

دواجار شێوازی قسەكردن و جۆری مامەڵەی مرۆڤەكان، دەبنە باشترین پێناسە، كە هیچ كات بە چەند پرسیارێك و چەند وەڵامێك دەرناكەون، بەڵكو بە پێی كات كەسێتی و بیركردنەوە و ڕوئیای بەرامبەرەكانمان بۆ دەردەكەوێت.

لەم دونیای ڕاگەیاندن و ئەلیكترونیات و ئینتەرنێت و بەتایبەت تۆڕە كۆمەڵایەتیە بەرفراوان و بێسنوورەی ئێستا هەن، لای زۆرێك حەزی خۆ دەرخستن و ناوبانگ پەیداكردن بووەتە گەورەترین خەمیان. ناحەوێنەوە و شەو و ڕۆژ بیر لەوە دەكەنەوە، چۆن خۆیان دەربخەن و بناسرێن! ئەگەر ئەمەیان بۆ كار و خزمەت و بەرهەمێكی باش و بەسوود بێت بۆ خۆی و دەوروبەری، كەس قسەی لەسەری نیە و بگرە جێی ستایش و دەستخۆشین، وەلێ ئەوەی گرفتەو جێگەی سەرسوڕمانە، هێندێك (كە بەداخەوە خەریكە دەبێتە زۆرینە) بەتایبەت لە نێو گەنجان و نەوجەوانان، پەنا بۆ هەموو شتێكی نەشیاو و نابەجێ دەبەن، كە هەرچی بە خەیاڵی مرۆڤدا نایەت ئەوان دەیڵێن و دەیكەن، تەنها بۆ ئەوەی خۆیان بسەلمێنن و بڵێ منیش هەم، بە بێ ئەوەی بیر لەوە بكاتەوە ئەو خۆ سەلماندنەی بە چ نرخێكە؟!  كە زۆرجار بووە، كەسایەتی خۆی و ناوبانگی كەس و كار و ژیانی ئێستاو داهاتووشی پێوە هەراج كراوە.

  هەر بەڕاست چێژێكی كاتیی ناودەركردن و خۆدەرخستن ئەوە دێنێت وا هەموو بوون و كەسایەتی مرۆڤی بۆ بخرێتە قومارەوە؟ تەمەن و ماڵ و ژیان و هەرچی و هەر كەسێك كە پەیوەندی بەئەوەوە هەیە، بكرێت بە كاغەزێكی یانسیب و هیچ مەبدەئێك و هیچ سنوورێك ڕێی پێنەگرێ، یان هیچ كات لەخۆی نەپرسێتەوە، ئەرێ ناوبانگ پەیداكردن ئەوە دێنێت كە هەر جار لەسەر تەلێك یاری بكەیت و هەر ڕۆژەو ڕوو لە بەزمێك بكەیت و، بە جۆرێك نمایشی تایەتمەندیەكانی بكات، لە جەستەوە تا پەیوەندیە زۆر تایبەتیەكانی نێوان خۆی و هاوسەر یان خۆشەویستەكەی، ئەمانەو دەیان و بگرە سەدان بابەتی تر.