جەهەپە و كورد

12/09/2021

هێژا دڵشاد
سەردانەكەی شاندی پارتی كۆماری گەل (جەهەپە) بۆ هەرێمی كوردستان زۆر جێی بایەخی میدیا و راگەیاندنەكانی توركیا و هەرێمی كوردستان نەبوو، هەڵبەت كۆمەڵێك فاكتەر لەپشت ئەمەوەیە، یەكەم شت ئەوەیە ئەم پارتە مێژوویەكی باشی لەگەڵ كورددا نییە بەتایبەت لەگەڵ پرسی كورد لە توركیا، دووەم: دەیان ساڵە ئەم پارتە لە توركیا دەسەڵاتی نەگرتۆتەدەست. سێیەم: لەبەرئەوەی دێرینترین پارتی توركیایە لەمێژووی دروستبونی دەوڵەتی عەلمانی توركیا، لەبەرچاوگرتنی مامەڵەی ئەم پارتە لەگەڵ دۆزی كورد، تا رادەیەك پارتێكە بۆ كوردانی باكوورجێی قبوڵ نییە، تەنانەت خاوەن كەمترین دەنگە لە باكووری كوردستان.  

لەم ساڵانەی دوایدا، جەهەپە وەك پارتێكی پاسیڤ لەسەر شانۆی سیاسی ئەو وڵاتە دەردەكەوێت، پارتێك كە پێگەیەكی ئەوتۆی لەناو هاوكێشەكانی توركیا نییە و هیچ رۆڵێكی پێنادرێت لە راستكردنەوەی سیاسەتە هەڵەكانی توركیا، ئەوان دەیان ساڵە وەك ئۆپۆزسیۆنی سەرەكی توركیا لەناو پارلەمانی ئەنقەرە حزوریان هەیە، بەڵام نەیانتوانی ببنە بەشێك لە دەسەڵات یاخوود رۆڵی بەرچاو لە چارەسەركردنی كێشە چەقبەستووەكانی ناوخۆی ئەو وڵاتە بگێڕن. دوو كێشەی سەرەكیی لەناو جەهەپە هەیە، ئەوەیە خاوەن هەمان دروشم و زیهنیەتە، هەڵگری كەمالیزمەكەی مستەفا كەمال ئەتا توركە، خاڵی دووەم ئەوەیە كۆمەڵێك باڵ و ئایدیای دژە یەك لەناو ئەم پارتە كۆبونەتەوە، باڵی كەمالیزم، عەلمانی، باڵی عەلەوی، باڵی دیموكرات و سۆسیال دیموكرات، باڵی نەتەوەپەرست و ئەوانیتر...

هاوكات لێدوان و راگەیەنراوی پارتە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان، لەبارەی سەردانەكەوە لەگەڵ ئەوەی روونكردنەوەی وردی تیانەبوو، زۆربەی دووربوو لە ناوەڕۆكی سەردانەكە و زانیاری هەڵە!

جەهەپە سەردانی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانی كرد، وەك هەردووكیان وەك ئەمندام لە رێكخراوی جیهانی سۆشیال ئینتەرناشناڵ، ئەو پەیوەندییە لەچوارچێوەی رێكخراوەكە هەیە، ساڵی 2013 لە ئەنقەرە دیدارێكم لەگەڵ یاریدەدەری سەرۆكی جەهەپە سازكرد، لێمپرسی پەیوەندیی جەهەپە و یەكێتی نابێتە ئەلتەرناتیڤ لەبری پەیوەندییەكانی ئاك پارتی و پارتی دیموكراتی كوردستان، ئەو راشكاوانە پێیویتم دیدارەكانمان لەگەڵ یەكێتی لەچوارچێوەی كۆبونەوەكانی رێكخراوی جیهانی سۆسیال ئینتەرناشناڵە!

وەك رۆژنامەنوسێك لەبواری توركیا، چاوپێكەوتنی رۆژنامەوانیم لەگەڵ دوو یاریدەدەری سەرۆكی گشتی جەهەپە كردووە، جگە لەوەش چاوپێكەوتنم لەگەڵ دیارترین پارلەمانتارەكانی جەهەپە لە ئەنقەرە و ئیستانبوڵ كردووە. ساڵانی رابردوو كاتێ‌ دەنیز بایكاڵ سەرۆكایەتی جەهەپەی دەكرد، جەهەپە وەك ئۆپۆزسیۆنێكی رادیكاڵ بەرامبەر بە دەسەڵاتی ئاك پارتی و ئەردۆغان رۆڵی دەگێڕا، بەڵام جەهەپەی ئێستا بەسەرۆكایەتی كڵچدارئۆغڵو، جەهەپە-یەكی پاسیڤ و ئۆپۆزسیۆنێكی میانڕەو دەبینین، لاوازبونی ئۆپۆزسیۆن لە بەرژەوەندی پارتی دەسەڵاتە، لە توركیا چۆن كێشەی دەسەڵات هەیە، بەو جۆرەش كێشەی ئۆپۆزسیۆن هەیە، پێموابێت هەدەپە تاكە پارتی سیاسییە كە توانیوێتی وەك ئۆپۆزسیۆنی راستەقینە رۆڵی لە هاوكێشەكاندا هەبێت. 

 جەهەپە لەم ساڵانەی دوایدا چەند كۆنگرەیەی بەست، بەڵام نەیتوانی لە فۆرمێكی نوێ-دا خۆی نوێ بكاتەوە، نەشیتوانی سەرۆكی ئێستای بگۆڕێت كە لەلایەن كەمالیزمەكانی ناو پارتەكەیەوە لە ململانێكی سەختا بوو. 

خاڵێكیتر ئەوەیە پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا، فۆڕمێكی فەرمی دانپێنراوی وەرنەگرتووە، ئەم پەیوەندییە بەردەوام لە گۆڕاندایە، دەوڵەت داڕێژەڕی چۆنێتی ئەم پەیوەندییەیە نەوەك حیزب و لایەن!

سێیەم: لە توركیا باشترین حیزب بۆ كوردەكان هەدەپە-یە، خراپترین حیزبیش جەهەپە و ئاك پارتی و مەهەپە و ئەوانیترە، لەبەرئەوەی كاتێك مەسەلەكە دێتە سەر كورد و بەرژەوەندییەكانی گەلی كورد، ئەوا هەموو ئەم پارتانە یەك دەگرن و هاودەنگ و هاوڕا دەبن!

جەهەپە لە ساڵانی رابردووشدا راپۆرتی جۆراوجۆری ئامادە دەكرد بەناوی چارەسەری پرسی كورد، كرۆكی راپۆرتەكانی دوور بوون لە ناساندنی شوناسی كورد و ناساندنی پرسەكە بە پرسی تیرۆر و پرسی ئابووری و هتد. لەماوەی 40 ساڵی رابردوو جەهەپە خاوەن دەنگدەرێكی ئەو و تۆ نییە لە هەرێمەكانی باكووری كوردستان، ئەوەی هەیە ململانێی نێوان ئاك پارتی و هەدەپەیە. 
كۆتا دێڕم ئەوەیە جیاوازییەكان لەنێوان پڕۆسەی سیاسی لە توركیا و لە هەرێمی كوردستان ئەوەندە زۆرە لە نوسین نایەت رەنگە بە چەند وتارێك كۆتایی نەیەت!