ژن لەناو نوێنی داعشدا

12/09/2021

شەماڵ بارەوانی
كتێبێكی ١٠٨لاپەڕەیی نووسەری میسری و كۆچكردو(عەبدولرەحیم قناوی)یەو لە ١/١/ ساڵی٢٠١٤، یەكەم چاپی لێ دەرچوو.

"ژن لەناو نوێنی داعشدا".
نهێنی و چیرۆكی زۆری تێدایە، لەبارەی ئەو ژنانەی پەیوەندی گرێدەدەن بەڕێكخراوی تیرۆرستی داعش و نووسەر پێمان دەڵێت: چ تەلیسم و چ نهێنی و كۆدێك لەپشت ئەو گرێكوێرەو  پەندە سەیرە هەیە، كە ژنێك وا زوو بەخێرایی، لەژنێكی پڕ هەست و خۆشەویستیەوە، بگۆڕێت بۆ بونەوەرێكی وشكباوەڕی بێ هەست و بكوژو تیرۆرست؟ 

ژنێك دەست بەرداری ژیان دۆستی بێت و بڕواتە سەر فەلسەفەی مەرگ دۆستی و ئامادەبێت، لەپێناو جنس و گەیشتن بە بەهەشت و بە پشت بەستن بە فەتوای"جهاد النكاح" خۆی بكات بەبووكوڵەی چێژی تیرۆرستان و ئامێری ناو نوێنی ڕابواردن شەوەسورەكانی موجاهیدە سەربڕو بكوژو تیرۆرست و چەكدارانی دەوڵەتی خەلافەت! 

ژنێك خۆی بكات بە بۆئامڕازی موتعەی لەزەتە سادیكەكانی چەكدارە هۆڤەكانی داعش؟ 
چی وا لەژنێك بكات بەو شێوە خۆی بكات بەقوربانی حەزەسێكسیەكانی بەرامبەرو شەوە سورەكانی داعشگەراكان، مەگهەر ئیدۆلۆژیایەكی مەرگدۆستی هەڵقوڵاوی عەقیدەیەكی تۆقێنەری چەشنی داعش نەبێت؟ 
ئەرێ دەبێ چیتر هەبێ لەوەزیاتر، مرۆڤ وا لەناكاو لەمرۆڤێكی هێمن و لەسەرخۆو مرۆڤ دۆست و ژیان دۆست، یەكسەرو زۆر زوو و لەنەكاو بگوڕێت، بۆ كائینێكی توڕەو توسن و ترسناك و تۆقێنەرو سەربڕو مەرگ دۆست و تیرۆرست؟ دەبێ لەو عەقیدە بۆگەنە شۆڤێنی و بەربەریەی داعش، پیسترو بۆگەنترو ترسناكتر هەبێت؟ عەقیدەیەك باوك بكات بەدوژمنی كوڕ و كوڕ بكات بەدوژمنی باوك،كچ لەدایك بكات بەبرا بكات نەیاری خوشك و مرۆڤ لەكۆمەڵ و مرۆڤ بوون و ژیان و مێژوو هەڵگەڕێنێتەوەو بیكات بە ئامێرێكی بێ گیان و دووژمنی هەموو جوانیەكانی ژیان و نەیارێكی سەرسەختی شارستانیەت و پێشكەوتن و كرانەوەی كۆمەڵ و ئازادیەكانی مرۆڤ و مافەكانی ژن و ژیان دۆستی؟

عەقیدەو قەناعەتێكی وەحشیگەریانەی وا مرۆڤ وا لێبكات ،لەپێناو ئەو عەقیدە فاشیەت و ئایدیۆلۆجیەتە هەمەجیەی داعش، باوك،برا، مام .هەموو مرۆڤەكانی تر سەرببڕێت و ژیان بكات بەدۆزەخ و، كۆشتارگە لەپێناو ئەو دۆكترینە بەبەردبوو بەربەریە بسازێنێ! ئەو عەقیدە تاریكەی مرۆڤ بەو شێوەیە دەكات، بەبوونەوەرێكی ڕقاوی و دەمارگیر،تاریك بین و دیدداخراو،
سادیك و بێ هەست، بكوژو خوێن ڕێژ، وەحش و دڕندە، بونەوەرێك سڵ لەهیچ نەكاتەوە، كوشتن و سوتاندن و سەربڕین، بەكەنیزەكردنی دایك و خوشك و كچ و  ژنی خەڵك و لاقەكردنیان، بەكۆیلەكردنی مرۆڤ، وێرانكردنی ژیان و خاپوركردنی شارستانیەت و پاشماوە حەزاریەكان و تێك و پێك شكاندی پەیكەرو شوێنەراوە كەونارو مێژوویی و دێرینەكان!

 "ژن لەناو نوێنی داعشدا".
چیرۆكی " أم المقداد "و"خنسا‌و" "أم حارپە" و"أم عبیدە" أم لیپ"و"ندی معیچ -أخت جلیبیب» " وفا‌و ێ‌یت فرجی- مەغریبی" ، یسرا حسین -سوری ،" سجی حمید الدلیمی- ژنەكەی بەغدادی"  و دەیان ژنیتری دڕندەی داعشە، كە لەئەوروپاو وڵاتانی تر بەمەبەستی جیهادی نیكاح و سێكس و خزمەتكردنی ناوگەڵی پیاوە داعشەكان و ئەنجامدانی كاری تیرۆرستی هاتوون و بەپێی تێگەیشتنی خۆیان لەوڵاتی كافران لە لەسعودیەو فەڕەنساو ئیڕلەنداو ئەڵمانیاو شوێنانیترەوە،هیجرەت و كۆچیان كردووە بۆ ڕەقەی پایتەختی تیرۆرو دەوڵەتی ئیسلامی و خەلافەتی جنسبازی و ژنبازی داعش و بەغدادی. هەموو ئەو ژنانەی  لەخشتەدەبردرێن و لەمرۆڤ بوون دەخرێن و دەكرێن بە دڕندەو هۆڤ، ئەو ژنانەی داعشی ترۆرست دوو كەتیبەی میلیشیایی بەناوەكانی «الخنسا‌و»  «أم الریحان»،یان بۆ دروستدەكات، بۆ كاری تووندو تیژی و خۆكوژی و سزادان و لێپێچینەوە لەهەموو ئەو ژن و كچانەی بەپێی ڕێساو دۆگم  و ئایدۆلۆژیاو دۆكترینی دعش و دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی ڕفتارناكەن و پابەندی بنەماكانی داعشگەرێتی نابن.

"ژن لەناو نوێنی داعشدا".
پێمان دەڵێت بۆچی ژنەكان دەبن بەداعش و خۆیان دەبەخشنە چەكدارە تیرۆرستەكانی داعش؟ داعش بەچ ڕێگایەك ئەو ژنانە دەكات بەداعش و لەخشتەیان دەبات و بۆ ناو نوێن و سێكس وجەنگ و  كارە تیرۆرستیەكانی خۆی بەكاریان دێنێت؟  بۆچی دەبێت ژنێك وای لێ بێت، بكوژێت و وێران بكات، سەرببڕێت و بسوتێنێت، بۆچی
ژنانێك لەو ژیانە بەهەشتی و خۆشگوزەران و پڕ لە ڕەفاهیەتەی ئۆروپا، لەناو ئەو هەموو نازو نعیمەت وئازادی و ماف و كەرامەت و مرۆڤ بوونەی ئەو كیشوەرە پێشكەوتوەدا، دێن بۆ ناوڕیزی ڕێكخراوێكی تیرۆرست و دواتر سەرزەمین و جوگرافیای ژێر دەستی داعش، كە نەماف و نەژیان و نەهیچ شتێكی لێ نییە!