خولی دەمپیسی

13/09/2021

لوقمان غەفوور
خولی دەمپیسی لە كوردستان لە هەشتاكانی لە نووسینی ناو دەبلیو سی مزگەوتەكانەوە دەستی پێكرد، دواتر ڕادیۆ و تەلەفزیۆن و ئێستا تۆڕێكی فراوان و شوێنێكی مۆدێرن هەیە ئەویش فەیسبووكە.

سەرەتای ئەم خولە، دەبلیو سی مزگەوتەكان بوو، دەبلیو سی مزگەوتەكان نەك تەنیا شوێنی خاڵیكردنەوەی كۆئەندامی هەرس بوو، بەڵكو بوو بووە شوێنی خۆبەتاڵكردنەوەی هەستی كوردایەتی و تەنانەت هەندێك جار شەڕی حزبایەتی كوردی. 

دروشمی (ئەم دینارە بە خڕی، ...... ژنی سەدام- مان دڕی) یەكێك لەو دروشمانە بوو، زۆر دروشمی تری نێوان بەرەی جود (جەبهەی وەتەنی دیموكراتی) و یەكێتی كە هێندە ناشرین بوون لە وێنە نایەت.

دوای ڕاپەڕین خولی دەمپیسی گۆڕانی گەورەی بەخۆیەوەدی، ڕادیۆ و تەلەفزیۆنەكانی حزبە كوردییەكان بوونە دیڤایزێكی ڕوخێنەر بۆ هەستی یەكتر، تەنانەت ئەگەر تەلەفیزیۆن و ڕادیۆیەك دەنگی ڕوخێنەر و دەمپیسی نەبوایە، بە كەناڵێكی باش دانانرا.

یەكگرتووی ئیسلامی كوردستان لەقۆناغی دەمپیسی دوای ڕاپەڕین سەركەوتووترین حزب بوو، تەنانەت لەڕێگەی بێدەنگییەوە توانی جەماوەرێكی باشی هەموو حزبەكان بەرێت.

راڤەكردنی كەلچەری دەمپیسی لەلای تاكی كورد درێژكراوەی هەستی خۆبەكەمزانینە، كە ئەمە گرێیەكی دەروونی سەختە هەموو تاكێك تێی ئەكەوێت و دواتر تێی ئەپەڕێنێت، بەڵام پێویستی بەكاتە. 

بەشێك لە لایەنگرانی بزووتنەوەی گۆڕان نموونەیەكی خراپی  ئەم جۆرە ڕەفتارە بوون، تەنانەت وایلێهاتبوو كەسێك تا زۆرتر دەمپیس بێت، بە كەسێكی دژەدەسەڵات زیاتر دەناسرێت، وردە وردە زۆرێك لە لایەنگرانی گۆڕان ئەم كاژەیان فڕێدا، بە كورتی خولی ئەوانیش كۆتایی هات.

گۆڕانی ڕۆڵی دەمپیسی، زیانی گەورەی لە زۆر حزب داوە، بۆیە زۆرێك دەستبەرداری بوون چونكە دڵنیابوون كە جگە لە زیان هیچ سودێكی پێ نەگەیاندوون.

ئێستا خولی دەمپیسی گواستراوەتەوە بۆ بەشێك لە خەڵكانی ئیسلامیەكان ، مەبەست لە خەڵكانی ئیسلامی (ئەندام و لایەنگرانی كۆمەڵی ئیسلامی و یەكگرتووی ئیسلامی و بزوتنەوەی ئیسلامی و سەلەفییەكان و لایەنگرانی مەلا كرێكار).

هەقیقەت كێشەكە لەم خولە لەوەدایە كە ئینسانی باوەڕدار ئەبێت دەمپاك بێت، چونكە دەمپیسی لە بنەمای ئاینی ئیسلامدا جێگەی نابێتەوە، بەڵام كەسانی نێو ئەم خولی دەمپیسییە بەهۆی بێئومێدبوونیانە لە ژیانی سیاسی چونكە تەواو دڵنیابوون لەوەی زۆریان ١٥ ساڵ زیاترە هەوڵدەدەن بگەنە ئامانجێك كە دەسەڵاتی سیاسییە ، بەڵام پێی ناگەن بۆیە دەمیان دەكەنەوە و بە جنێو ڕووی دەممیان دەكەنە هەموو كەناڵ و شوێنێك كە لینكێكی بە دەسەڵاتی سیاسیەوە هەبێت لە كوردستان.

دواقسە ئەوەیە با ئەمانیش خولێكی دەمپیسی تەواو بكەن، بزانین دوای ئەمان كێی تر ئەم خولە تاقیدەكاتەوە.