چەند ڕێنماییەك لەكاتی گەڕانەوەی منداڵان بۆ قوتابخانە

14/09/2021

د. سۆران صابر
منداڵان كاتێك لە پشو دەگەڕێنەوە بۆ خوێندن بێگومان گۆڕان بەسەر خەو و خواردن و تەندروستی و هەڵسوكەوتیاندا دێت، جا بۆ سەلامەتی منداڵەكانمان ئەو چەند ڕێنماییە دیاریە..
١. ڕێكخستنەوەی كاتی خەو: بۆ ئەوەی منداڵ چاڵاك بێت لە ڕۆژدا و باشتر بێت لە خوێندنی پێویستی بە لایەنی كەم هەشت بۆ دە كاتژمێر نوستن هەیە لە شەودا، وە دەبێ زوو بخەوێنرێت و كەشێكی ئارام و دوور لە شاشەی تەلەفزیۆن و ئامێرە ئەلیكترۆنیەكانی بۆ فەراهەم بكرێت.
٢. گرنگیدان بە خواردن: پێدانی خواردن كاتێك بەڕێدەكرێت بۆ قوتابخانە بۆ ئەوەی توانا و تەركیز و تێگەیشتنی تەواوی هەبێت، دانانی هەندێ خواردنی وەكو میوە و شەربەتی سروشتی كارێكی باش دەبێت، وە ئاگادار بكرێتەوە لە نەخواردنی گیراوە گازیەكان و چپس و خواردنی دانەپۆشراو.
٣. كاتێ منداڵەكەت توشی نەخۆشیەكی گوازراوەی وەكو كۆڕۆنا و سۆریكە و مێكوتە و گوێ ڕەپە و دەردە سەرما بو ئەوا مۆڵەتی بۆ وەرگرە چونكە پشودان دەبێتە هۆی زوو چاك بونەوەی و ڕێگری كردن لە بڵاو بونەوەی نەخۆشیەكە.
٤. ئەگەر منداڵەكەت نەخۆشی درێژخایەنی هەیە وەك ڕەبۆ، نەخۆشی دڵ، نەخۆشی گورچیلەكان و شەكرە وا باشە كوتانی ئەنفلوەنزای ساڵانەی بۆ بكەی وە بەڕێوەبەرایەتی قوتابخانەی لێ ئاگادار بكرێتەوە بۆ یارمەتی دانی لەكاتی پێویست. 
٥. منداڵ فێر بكرێت چۆن پاك و خاوێن بێت و بەشێوەیەكی ڕێك و لەكاتی گونجاو دەستی بە ئاو و سابون بشوات بەتایبەتی پێش خواردن و دوای سەرئاو.
٦. سەیری پرچی منداڵەكەت بكە ئەگەر ئەسپێی هەیە چارەسەری بكە پێش ئەوەی بگوازرێتەوە بۆ قوتابی تر چونكە بونی ئەسپێ كێشەیەكی باو و بەردەوامی قوتابیانە.
٧. كاتێك هەستت كرد منداڵەكەت زۆر نزیك دەبێتەوە لە تەلەفزیۆن یان ژانەسەری هەیە یاخود لە دەرسەكانی دوا دەكەوێت وا باشترە پشكنینی چاوی بۆ بكەی چونكە لەوانەیە كێشەی بینینی هەبێت.
٨. تا دەكرێت كەمترین كەلوپەل لەناو جانتای پشتی منداڵەكەت هەبێت كاتێ دەڕوات بۆ قوتابخانە، بۆ دوور بون لە ئازار و كێشەكانی پشت.
٩. فشاری زۆر مەخەنە سەر منداڵەكانتان و ڕەچاوی باری دەرونیان بكەن بەوەی كە جگە لە كاتی خوێندن كاتی پشو و یاری و سەیری تەلەفزیۆنی پێ بدرێت و هاوسەنگیەك ڕابگیرێت، وە هەر كات هەستت بە خراپ بونی منداڵەكەت كرد لە خوێندن یان لایەنی دەرونی بەدواداچونی بۆ بكە چونكە لەوانەیە كێشەیەكی هەبێت. 
١٠. فێری ڕێنمایی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی كۆڕۆنا بكرێن و
زوو زوو دەستیان بشۆن.