پەرلەمانتاری دووبارە

14/09/2021

مەعاز فەرحان
وەزیفەی پەرلەمانی تا خەڵكی بە ئەزمون پیادەی بكات باشترە، لە كوردستان بە ڕێژەیەكی كەم، رێكدەكەوێت كەسێك بۆ چەند خولێك ببێتە پەرلەمانتار، ئەوانەشی خۆیان كاندید دەكەنەوە بەر توانج و لۆمەكردن دەكەون، لە كاتێكدا دروستتر وایە هانی حزبەكان بدرێت لانی كەم بۆ دوو خول یان سێ خول پەرلەمانتارەكانیان بپاڵێونەوە.

لە دونیای دەرەوەدا پەرلەمانتار یان سیناتۆر بۆ ماوەیەكی زۆر دەمێننەوە، لە كۆی 709 پەرلەمانتاری ئەڵمانیا، 446 ئەندامیان پەرلەمانتاری پێشوون، پەرلەمانتار "فولفغانغ شویبل" لە ساڵی 1972 پەرلەمانتارە.
لە ئەمریكاش ئەندامانی كۆنگرێس بۆ ماوەیەكی زۆر دەمێننەوە، جۆو بایدن 1973 تاوەكو 2009 سیناتۆر بووە.
لیندسی گراهام ساڵی 1995 تاوەكو 2003 لە ئەنجومەنی نوێنەران بووە. لەساڵی 2003ەوە لە ئەنجومەنی پیرانە دەكاتە 26 ساڵ.
نانسی پیلۆسی، لە ساڵی 1987ەوە ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانە، لە 2019ەوە سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەرانە.

لە هەرێمی كوردستان بەشێك لە حزبەكان پەرلەمانتاری وەك دۆزینەوەی ئیش بۆ كادیرەكانیان سەیر دەكەن، كە ئەمە وادەكات چ لە كوردستان و چ لە عێراق ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەی خانەنشینی پەرلەمانتاران زیاد بكات.

بە پلەی یەكەم كۆمەڵ و یەكگرتووی ئیسلامی لە كوردستان گرنگی بەمە دەدەن، پەرلەمانتاری بە ئەزمون و دووبارە كاندید دەكەنەوە، كە بە بروای من كاندیدی دووبارە خاڵێكی بەهێزە، پەرلەمانتار چەند خولێك بمێنێتەوە كاریگەرتر و شارەزاتر دەبێت لە كارەكەیدا، كڕینی وەلائو ئەمسەرو ئەوسەركردنیشیان كەمترە.

باشیەكی دیكەی ئەمەش ئەوەیە ئیتر وردە وردە وای لێدێت ژمارەی ئەو كەسانەی وەزیفەی سیاسیان هەیە كەمترە دەبێتەوە، كە بۆ میزاج و دەرونی شێواوی خەڵك تەندروستترە.

لە كوردستان ساڵ لە دوای ساڵ ژمارەی چاودێری سیاسی، رۆژنامەنوس و پەرلەمانتار، پەرلەمانتاری پێشوو، چالاكوان، زیاتر دەبێت، كە تاڕادەیەك فەوزای دروستكردوە لە جیاتی ئەوەی زەحمەتی سەرشانی خەڵك كەمبكاتەوە.