ژنبوون مانای چییە؟

1 مانگ پێش ئێستا

كەنار قاسم
لەم رۆژگارەدا ژنبوون پێویستی بە دووبارە پێناسەكردنەوە هەیە، ژنبوون واتە جوانی و هێز، لەهەمان كاتدا واتە بڕوا بە خۆبوون و ئازادی لە دۆزینەوەی حەز و خولیا و بەشداربوون لە هەموو كایەكانی ژیاندا. لێرەدا دەمەوێت بڵێم ئێمە دەتوانین هەستی جوانبوون و هەستی سەركەوتن پێكەوە تێكەڵ بكەین ئەو كاتە مانای ژنبوون تەواو دەكەین.

ئێمەی ژن پێویستمان نە بە ماكیاژ و نە بە ماسولكە هەیە بۆ ئەوەی وەك پیاو لە كۆمەڵگەدا خۆمان بسەلمێنین، لەو قۆناغەتێپەڕین كە دەبێت ژن پیاو بێت بۆ ئەوەی سەركەوتوو بێت.

رەنگە پێویست بێت هانی كچان و كوڕان بدەین كە خۆیان بن و دوور لە پێناسەی پیاوەتی و ژنێتی خۆیان بسەلمێنن، بەپێی جێندەر دادگاییان نەكەین.

دەبینین چین وەك وڵاتێك بەردەوام لە گەشەسەندایە، چونكە بنمیچێكی شووشەیی و پڕ لە پەنجەرەی كراوەیان هەیە، دەرفەت دەدەنە ژنانی گەنجی رۆشنبیر، ژن و پیاو یەكسانن، بڕیارەكان لەسەر بنەمای لێهاتوویی دەدرێت نەك جێندەر. فێمێنیزم لە كاری ژناندا رەنگیداوەتەوە و دەتوانن سەركردەبن تا ئەو كاتەی كە زیرەكن و جەخت دەكەنەوە و ئامادەی فێربوونن.

دەمەوێت بڵێم فێمێنیست بوون مانای ئەوەیە كە باشبم لەگەڵ خۆم و بزانم كێم، گرنگ نییە چ جۆرە كچێكم و چ جۆرە پۆشاكێك دەپۆشم، ژنبوون نابەستمەوە بە چەمكی خێزان و ژیانی تایبەتم. چێژ لە لایەنە فێمینیستەكەی خۆم وەردەگرم كاتێك دەردەكەوێت، هەموو ئەوانەشم قبووڵە كە وەك خۆیان دەردەكەون نەك وەكو ئەوەی خەڵك و دەورووبەر لێیان دەوێت.

هیچ كەس نابێت پێناسەی ژنایەتیم بۆ بكات و ناشبێت بۆ ئەوانی پێناسە بكەم. ئەوانی تر قبوڵ دەكەم بۆ ئەو هەڵبژاردنانەی كە ئەوان دەیكەن تا ئەو كاتەی كە رێگری لە من ناكەن.

ئەزموونی زۆرێك لە وڵاتان سەلماندویەتی كاتێك ژنان دەسەڵاتێكی ئابووری و سیاسی وەردەگرن، دەستكەوتێكی گونجاو لە بواری تەندروستی و پەروەردەی جیهانیدا فەراهەم دێت، ئەو كۆمپانیایانەی كە زۆرترین ژن بەهرەی خۆیانی تیادا بەگەڕدەخەن لە رووی بەرهەم و بواری داراییەوە زۆر باشترن لەو كۆمپانیایەنەی رێژەی پیاو تیایاندا بەرزترە.

ئیتر خۆزگە دەخوازم بە هەستێكی جوان و زانخوازییەوە سەیری چاوەكانی یەكتر بكەین، بپرسین ئەو كەسە كێیە كە بەرامبەرمان وەستاوە، چ هێز و توانایەكمان پێدەبەخشێت، كاتێك وەكو مرۆڤ بێ جیاوازی جێندەر رێز لەیەكتر دەگرین ئەمە ژنبوونە بەمانای دروستكردنی كۆمەڵگە و پیاوبوونە بە مانای دانپێدانان بە تاك، ئەمە ئەو باڵانسەیە كە دەبێت رایبگرین.ئێستاش تۆ لە خۆت بپرسە ژنبوون مانای چییە لای تۆ؟