كێ د. ئاسۆی كاندید كرد؟

20/09/2021

كێ لەئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەریخست؟
هاوكار محەمەد
د. ئاسۆ فەرەیدوون لەبارەی دیموكراسی و دەسەڵاتی هێزی چەكدارەوە هەندێك قسەی كرد
د.ئاسۆ، بەبڕوانامەی پزیشكی و بەژیانكردن لەئەوروپای دیموكراسیدا، هێشتا وەك پێویست نەشارەزایی لەسیستم و چەمكی دیموكراسیدا هەیە، نە لەگرنگی و هێزی هێزە چەك بەدەستەكان تێگەیشووە!

قسەكانی دكتۆر ئاسۆ ئەوەندەی وەڵام بوو بۆ قسەیەكی پێشتری بەڕێز مەلابەختیار، ئەوەندە مەبەستەكەی ڕونكردنەوە نەبوو لەسەر دیموكراسی و پایەكانی! چونكە هەربەقسەكانیدا دیارە بایی ئەوەندە شارەزایی لەدیموكراسی و سیستمە دیموكراسییەكاندا نییە بتوانێت بیكاتە پێوەر بۆ پێوانەكردنی بۆچوونەكانی مەلابەختیار لەسەر دیموكراسی!

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا:
سەیرە د. ئاسۆ هێشتا بەتەواوەتی لەمەبەستی قسەكانی پێشتری مەلابەختیار نەگەیشتبێت و قسەشی لەسەربكات!

مەلابەختیار لەدیدارێكی تەلەفیزیۆنی ڕوداودا سێ ساڵ بەرلەئێستا ووتی: (یەكێتی حزبێكە هێزی چەكداری هەیە، هێزی یەكێتی بەكورسییەكانی ناپێورێت، بەڵكو بە چەكدارەكانیدا دەپێورێت و ئەگەر یەكێتی یەك كورسیشی هەبێ هەریەكێتییە).
مەلا بەختیار تێدەگات و دەزانێت و بەداخیشە بۆ ئەوەی كەدیموكراسی لەكوردستان، هێشتا لەقۆناغی سەرەتای لەدایكبونیدایە و بەسەد ساڵی تریش هێشتا سیستمی دیموكراسی ناگاتە ئەو ئاستەی پێی بوترێ دیموكراسی تەمام عەیار!

د. ئاسۆ دەیەوێت پێمان بڵێ (لەكوردستان سیستمی حوكمڕانی دیموكراسییە و دەسەڵاتی چەكدار گرنگییەكی ئەوتۆی لەحوكمڕانیدا نییە!)، ئەم بۆچونە وەڵامێكی ناڕاستەوخۆی بۆچونەكەكەی مەلا بەختیار بوو.
ئەگەر وایە، ئەدی دكتۆر ئاسۆ بەپێی كام پێوانەی دیموكراسی بوو بەپارێزگاری سێمانی؟
ئایا د. ئاسۆ هەرلەبنچینەدا بەدەنگی دەنگدەر بوو بەئەندامی ئەنجومەن، یان بەهیمەتی دەنگ ژمێر؟
ئایا ئەگەر د. ئاسۆ، هێزی، هێزی چەكداری نەبوایە دەبوو بەپارێزگار؟
ئاخر بۆ پێمان ناڵێت هەرلەبنچینەوە بەكام پێوەری دیموكراسی و بەڕاوێژی كێ كاندیدكرا بۆ ئەنجومەنی پارێزگا؟

لەدوو هەڵبژاردنی پێشتری پەڕلەمانی كورستاندا كورسییەكانی پارتی دوو ئەوەندە و كەمێك زیاتریش بوون لەكورسییەكانی یەكێتی، بەڵام ئایا:
پارتی توانی بەڕێژەی كورسیی، خۆی بەسەر یەكێتیدا بسەپێنێت؟
ئەی ئایا یەكێتی ملی دا بۆ ڕادەستكردنی دەسەڵاتەكانی خۆی بەپارتی؟

بەڕەچاوكردن دۆخی ئێستای كوردستان، لەهەڵبژاردنی داهاتووش هێزی چەكدار پشكەكانی حكومەت دیاری ئەكات نەك كورسییەكانی پەڕلەمان
ئەوەی بەلای منەوە سەیرە، ئەوەیە كە:
مەلابەختیار پێش ڕووداوەكان، پێش هەڵبژاردنەكان پێشبینی كردبوو، نەك هە پێشبینی بەڵكو بەقەناعەتەوە ڕای وابوو كەهێزی چەكدار تەحەكوم دەكات نەك ژمارەی كورسی، هەرواش دەرچوو، كەچی د.ئاسۆ دوای تێپەڕبوونی سێ ساڵ بەسەر قسەكانی مەلابەختیار و هەڵبژاردنی پێشوودا هێشتا نەیزانیوە ڕوداوەكان و پشكەكانی حكومەت و دەسەڵات چۆن دابەشكراون!!!