مستەر ئینشتاین، یاخـود دۆنی دووەم!

21/09/2021

شادمان محەمەد
 لە دیمەنی كۆتایی بەشی دووەمی فیلمی باوكە ڕۆحییەكەدا، بە تایبەت ئەوكاتەی مایكڵ پاكتاوێكی ئیسرائیلیانەی بە سەر سەرجەم نەیارەكانیدا ئەنجامدا، ئیتر چیرۆك بەشێوازی (فلاشباك) لە ئەندێشە و خەیاڵی مایكڵەوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ڕۆژانەی؛ خۆی و خانەوادە و برا و خوشك و كەسەنزیكەكانی باوكی لەدەوری یەك مێزدا كۆیكردبوونەوە بۆ بەشداریكردن لەیادی لەدایكبوونی بــاوكە ڕۆحییــەكەدا! 

گــەرچی بڕیاربوو لەو گرتەیەشدا (مارلۆن براندۆ - دۆن ڤــیتۆ كــۆرلیۆنی)یش، ئامادەی هەبێت، بەڵام ئەوە رووینەدا، بەمەش ئامادەنەبوونی مارلۆن براندۆ كۆپۆلای دەرهێنەری ناچاركرد بێ ئامادەبوونی (مارلۆن براندۆ) و تەنها بە بوونی دەنگێكی غائیبی باوكە ڕۆحییەكە دیمەنەكە وێنەبگرێت.

لەم دیمەنەدا، كرۆكی ململانێكان ئاشكرادەبن، بەتایبەت بابەتی دژبەیەكی لە ناخی مایكڵدا!چونكە كوڕەكانی گادفازە لە دەوری مێزێكی نانخواردندا خڕبوونەتەوە، هەموان دلخۆشن مایكل نەبێت!

لەوێدا سۆنی كوڕە گەورەی باوكە ڕۆحییەكە وەك ڕێكخەر و سەرپەرشتیار و جێگری باوكی دەردەكەوێت، چونكە بە چەپ و راستدا گاڵتە و گەپ و دەستبازی دەكات و زۆریش دڵخۆشە، تەنانەت بۆكس و مشتی خۆشی لە فرێدۆی برای دەدات، هەروەها كارلۆ ڕێتزی (زاوای داهاتوو)یان بە خوشكەی و براكانی و ئامادەبوان دەناسێنێت، ئەوجا تەماشایەكی مایكڵ دەكات كە بە بێدەنگی دانیشتووە بەدەست ئاماژە دەكات بۆی و وەك تەنزێك و گاڵتەپێكردنێك بە (كوڕی زانكۆ) بانگیدەكات و پێی دەڵێت؛ مستەر ئینشتاین! 

كێشەكەی هەموان وەك خانەوادە لەگەل مایكلدا ئەوبوو؛ لە یادكردنەوەی رۆژی لەدایكبوونی گادافازەدا قسەی باوكی شكاندووە بەوەی لە پاش تەواوكردنی زانكۆ بەردەوامی بە خوێندنی سەربازی دەریایی دەدات و دەیەوێت لە دەرەوەی كەشی خانەوادەكەی ژیان بكات، ئەمەش سۆنی توورە دەكات، مایكلیش دوبارە جەخت دەكاتەوە لە بریارەكەی هەربۆیە هەلدەستێت و پەلاماری یەخەی مایكڵ دەدات تاوەكو مشتێكی تووندی لێ بدات! بەلام هەموان دەستی دەگرن و رێگری لێ دەكەن! لەوێدا مایكل جگە لەوەی كاردانەوەی نابێت لە هەمانكاتدا زۆر خوێنساردانە تەماشایان دەكات! دواتر لە دەرەوەی كەشی دانیشتنەكە هەموان گوێبیستی دەنگی گــادفازە دەبن، كوڕەكان هەڵدەستن بۆ پێشوازیكردن بەرە و باوكیان دەرۆن تەنها مایكڵ نەبێت لەسەر مێزی نانخواردنەكە بە تەنها دەمێنێتێتەوە، دوكەڵی جگەرەكەی دەكات بە ئاسماندا! 

لێرەوە ئەوەمان بۆ رووندەبێتەوە مایكڵ هەر لە سەرەتاوە ئــەو جیهانەی هەڵیبژاردبوو بە هیچ جۆرێك ئارەزووی لێی نەبوو، بەڵكو ناچاری بوو، بەڵام جگە لە ئـاوات و خۆزگەی باوكە ڕۆحییەكە كە ئارەزووی لێبوو لە هەمانكاتدا تۆڵەی خوێن و جیهانی مافیایی و مانەوە بوو لەو جیهانەدا كە دواتر پەلكێشی كرد و لە چوارچێوەی خانەوادەكەیدا هێشتیەوە و بەوەش مایكڵ  لە مستەر ئێنشتاین و كوڕی قۆزی زانكۆوە بووە؛ دۆنی دووەم !