داهاتووی بازاڕەكانی وزە

3 مانگ پێش ئێستا

رۆندیك فارس
رووسیا لە 2017 جەنگی نرخی نەوتی لەگەل ئەمریكا دەستپیكرد، بەڵام لە 2021 دیسان جەنگێكی تری وزە لەگەل ڕۆژئاواییەكان دەستپێكردووە و گازی سروشتی كەمتر هەناردەی بازاڕەكانی جیهان و ئەورووپا دەكات. 

پێشبینی دەكرێت  جەنگی نرخی گازی سروشتی لە نێوان رووسیا و رۆژئاواییەكان دەست پێ بكات، بە تایبەت دوای بەرزبوونەوەی نرخی كارەبا لە تەواوی ئەورووپا و هاوكات بەردەوامی بەرزبوونەوەی نرخەكانی گازی سروشتی. 

فاكتەرێكی هەرە سەرەكی لە پشت بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گەیشتنی بە 78 دۆلار بۆ هەر بەرمیلیك، بەرزبوونەوەی نرخەكانی گازی سروشتیە، چونكە بەكاربەرە سەرەكییەكانی وزە، بۆ كەمكردنەوەی كاریگەرییەكانی بەرزبوونەوەی نرخی گاز، پەنا دەبەنە بەر بەكاربردنی نەوت. لە ئەنجامدا  خواست بۆ سەر نەوت زیاتر دەبێت، بەڵام لەبەر ئەوەی دوای ڕووداوەكانی 2017، رووسیا پێوەندیەكانی لەگەل سعوودیە بەهێزكردن، لە ئێستادا سەركردایەتی بڕیارەكانی ئۆپێك پلەس دەكات و  بڕیاری بەرزكردنەوەی ئاستی بەرهەمهێنانی نەوتیش لە دەست 
رووسیاییە.

 
هەرچەندە ئەمریكا لە ئێستادا هەناردەكاری وزیە نەك هاوردەكار، بەڵام بەرزبوونەوەی نرخی نەوت و گاز، ئەمریكای ناچار كردووە بە دوای جێگرەوە بۆ تێركردنی خواستی بازاڕەكانی بگەڕێت . عێراق یەكێكە لەو وڵاتانەی ئەمریكا كار بۆ هاوردەكردنی نەوت و گازی دەكات، بەڵام دووبارە بەهێزبوونی پێگەی كۆمپانیاییە رووسیاییەكان ئاستەنگی خستۆتە بەردەم هەژموونی كۆمپانیایەكانی ئەمریكی و ئەوروپی. 

بۆیە رووداوە پر ركابەرییەكانی شەش مانگی داهاتوو بۆ هاوسەنگكردنی بازارەكانی وزە ئاسان نابێت، بە تایبەت لە جوڵەكانی نێوان رووسیا و ئەمریكا. 

هەروەها ئەگەر ئەمریكا و ئێران نەگەن بە رێككەوتن لە پرسی ئەتۆمی  ، و گۆڕانكاری لە پێوەندیەكونی نێوان رووسیا و ئەمریكا روونەدات ، نرخەكانی نەوت نزیك 20 دۆلاری تر بەرزدەبنەوە ، بەتایبەت دوای ئەوەی چین سیاسەتی بەكاربردنی نەوتی یەدەگی بۆ پاراستنی بازارەكانی لەئەگەری هەر بەرزبوونەوەیەكی نرخی نەوت پێرەو دەكات و ترسی بەرزبوونەوەی نرخی نەوتی نەماوە. 

زستانی ساردی ئەمساڵ، تەنگژەی وزە بۆ ئەورووپیەكان دروست دەكات، كلیلیش بەدەست رووسیایە.