بۆ وەرزشكاری تیا نییە؟
9 مانگ پێش ئێستا
كاوان ئەبوبەكر
نازانم كێ ئەو وێنانەی دروستكردووە، كێش بڕیاری ئەو كەسایەتییانەی داوە، بەڵام هەر كەسو لایەنێك دروستی كردبێتو داینابێت بێت، مایەی دەستخۆشییە، ئیتر ئەگەر دانانی ئەو وێنانە لەو شوێنەدا كاتیی بێت یان هەمیشەیی.
ئەو كەسایەتییانەی لەو وێنانەدا دەبینرێن كە كەسایەتی (سیاسیو ئەدەبیو هونەریو كۆمەڵایەتیو ئاینی)ن، "ئەگەرچی كەسایەتی تیادایە لەدایكبووی سلێمانی نییە"، بەڵام هەمویان كەم تا زۆر خزمەتی ئەم شارەیان كردووە و شایستەن.
ئەوەی مایەی سەرنجە لەناو ئەو وێنانەدا كەسایەتی وەرزشكاری تیادا نییە، هۆكارەكەی نازانم چییە، بەڵام ئەوە دەزانم كە وەرزشكارانیش بەوانەی كە لەژیاندانو لەژیانیشدا نەماون، ئەگەر هێندەی ئەوانەی ناو وێنەكان خزمەتیان نەكردبێت، بەدڵنیاییەوە لەوان كەمتریان نەكردووەو كەسایەتی خاكی بوونو خەڵكی ئەم شارە خۆشیویستوون، ئەتوانم دەیان ناو بنوسم كە مافی ئەوەی هەبووە لەو شوێنەدا وێنەی بۆ دروستبكرایە.
(حەمەی عەبۆل، رەحیمە فشە، سەڵاح محەمەد كەریم، مامۆستا یاسین، جەمالی عەلی باپیر، ساڵح عەلی، عەلی لەتیف، حەمە بچكۆل، خەسرەو گورون، رەئوفی زەینەب، بەهرۆز قەشانیو دەیان ناوی تری شایستە)
هیوادارم بەمەبەست نەبووبێت، بۆیە داوا لەلایەنی جێبەجێكار دەكەم، كە بواری ئەوەی تیا ماوەو جێگەی ئەوە هەیە وەرزشكارێك بخاتە پاڵ هاوشارەكانی خۆی.
