جنێوی وەرزش!

9 مانگ پێش ئێستا

زەردەشت عوسمان 
ئەو كاتەی ململانێی ئەرسناڵ و مان یونایتد لە لووتكەدا بوو، بەردەوام شەڕی ڕاگەیاندن و وەڵامدانەوەی ڕاهێنەر و یاریزانەكان گەرمترین بابەت بوو. فێرگسۆن لە ووتەیەكی مێژوویدا ووتی ژیان لە تۆپی پێ گەورەترە. 

ئێستا یەكێك لە گرفتە زەق و هەست پێكراوەكان جنێو و سوكایەتیە بەرامبەر یەكتر، ئەمە هەموو لایەكی تەنیوە، تەنانەت لە كایەیی وەرزش یەكتر قبووڵ ناكەین. 

لەم ماوەدا كە خولی تیپەپلەیەكانی دەربەندیخان بەڕێوەچوو, یانەی دەربەندیخانیش خەریكی دروست كردنی تیپ و ئامادەكارییە, دیقەت بدە لە فیسبوك چەند ووتەی بێ سود و بێمان و ناخۆش بەرامبەر یەكتر كراوە! ئەمە لە شارێكی وەك دەربەندیخان كە هەموو وەرزشكارەكان یەكتر دەناسن، رەنگە زۆربەیان هاوڕێش بن.كەواتە لێرە بە پێجەوانەوە تۆپی پێ لە ژیان گەورەترە. ئەوانەی یەكتر قبوڵ ناكەن بیرلەوە ناكەنەوە ژیان و تۆپی پی هەر بەردەوامە، ئەوە ئێمەین لە خاڵێكدا بە ناچاری دەوەستین. تێگەشتن و قبوڵی شكست و هەڵەی نابژیوان ئەلف و بێی تۆپی پێیە، لەشكست تێنەگەی ناگەیت بە بردنەوەی حەقیقی و سەركەوتن. سەرپەشتیار و ڕاهێنەری تیپەمیلیەكان، دەبێت ئەم دۆخە تێپەڕێنن، چونكە ڕۆشنبیری و تێگەشتووی بۆ یاریزان ڕێگایەكی دروست و بناغەی سەركەوتنە، ئەبێتە پاڵپشتیەكی بەهێز بۆخۆیی كاتێك ئاستی دەگاتە ئەوەی بۆ یانەیەك یاریی بكات، لەلایەكی تر دەبێتە جێگەی شانازی بۆ راهێنەر و ئەو تیپە میلییەی لێوەی پەروەردە بووە. ئەو یاریزانانەی لە ئادابی گشتی لادەدەن، دەبنە هۆیی گرفت لە وەرزش، جگەلەوەی سزا دەدرێن، پێویسە تیپەكانیش پشتگوێیان بخەن، نەتوانن بە ئاسانی برۆنە تیپێكی تر، ئەمە دەبێتە دەرس بۆیان، سنورێكیش بۆ هەمووان دادەنرێت. 

تیپەمیلییەكان ئەگەر نەبن بناغەیەك بۆ یانە و كادری باش پەروەردە نەكەن بەردەوام نیشانەی پرسیاریان لەسەردەبێت.بەبڕوایی من ئەوەی دەمێنێتەوە لە زهینی هاندەرو شوێنكەوتووی وەرزش ئاكار و رەفتاری ناو یاریگایە نەك ێەنجام. ێەنجامەكان بیردەجنەوە، گۆڵەكان لەبەرچاو وون دەبن، بەڵام ڕەفتار و قسەی وەرزشكار هەمووكات ئامادەیە لەبەرچاومان، لە مێشكمان دێت و دەچێت. 

لیژنەی تیپەمیلیەكان ساڵانە خولەكان دەكەنەوە، ڕێكخستنێكی باش دەكەن، حەیفە ڕێز لەو ماندووبونەیان نەگیرێت. هیوادارم وەزشكاران  و ڕاهێنەران كاریگەری فەیسبوك و قسە تێپەڕێنن، لە یاریگا یەكتر قبووڵ بكەن. چونكە ئازایی ئەوەیە لە ناویاریگا و لەكاتی یاریی ڕێز لە ێەكتربگرن و دۆخ و ئەنجامی یاری قبوڵ بكەن.