پیلانە مەترسیدارەكانی پێرێز بەرامبەر خلیفی دەستیانپێكرد

8 مانگ پێش ئێستا

تیشكۆ
فلۆرینتینۆ پێرێزی سەرۆكی یانەی ریاڵ مەدرید شایانی ئەوەیە نازناوی سەرۆكە ئاسنینیەكەی پێ ببەخشرێت ئەوەش لەبەر بەهێزی ئەم سەرۆكە لە سەرجەم هەڵسو كەوت و رەفتار و مامەڵەكانیدا چ لەسەر ئاستی ئیسپانیا یان ئەوروپا.
پێرێز بەوە ناسراوە چی بوێت دەیكات، چی ئارەزوو بكات ئەیهێنێتە دی، بیەوێت كام یاریزانە بكرێت دەیكڕێت، تەنانەت بەهێزی ئەم سەرۆكە بەڕادەیەكە ركابەریی یەكێتیی تۆپی پێی ئەوروپاو تەنانەت فیفاش دەكات و رووبەڕویان دەوستێتەوە تا ڕادەی دژایەتی كردنیان.
هەموومان ئەوەمان لەبیرە كە بیرۆكەی سوپەرلیگ چۆن یەكێتیی تۆپی پێی ئەوروپا و جیهانیشی هەژاند، ئەم دژایەتییەی خولەكانی یوفاو فیفا لەلایەن پێرێزەوە كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا، هەڕەشەی توندی لێكرا، بەڵام لەبەر بەهێزی خۆی و پشتگیری هەردوو یانەی بارسیلۆنا و یۆڤانتۆس لە بیرۆكەكەی پێرێز، تا ئەم ساتەشی لەگەڵدا بێت بیرۆكەكە لەلایەن پێرێزەوە رەتنەكراوەتەوەو وەك چكێكی كاریگەر تائەم ساتەش هەڕەشەی پێدەكات و وازی لەو بیرۆكەیە نەهێناوە.
ئێستا پێرێز زۆر بەوە نیگەرانە كە ناسر خلیفی لە یوفا پۆستی سەرۆكی رابیتەی یانەكانی ئەوروپای لەجیاتی ئەندریا ئەنیلی وەرگرتووە، ئەمەش پاش دروستبوونی كێشەكانی سوپەرلیگ و دواتریش رەتكردنەوەی فرۆشتنی مباپێ بە ریاڵ مەدرید، ئەمەش پێرێزی زۆر نیگەران كردووە، بۆیە ئێستا پێرێز وەك دەوترێت لەكەمیندایە بۆ ئەوەی تۆڵەی هەموو ئەوانە لە خلیفی بكاتەوە، بۆ ئەمەش دەویەوێت لە دەروازەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆوە ئەوە بكات.
ئەم رۆژنامەیە بەوە ناسراوە كێشەی زۆر بۆ بەرپرسانی وەرزشیی درووستدەكات و لەم رۆژنامەیەوە دەتوانرێت دژایەتی توندی هەر بەرپرس یان یاریزانێكی ناوداری جیهانیش بكرێت، بۆنموونەو دوا كێشەی لەم جۆرە كێشەی نێوان بارتۆمیۆی سەرۆكی پێشووی یانەی بارسیلۆنا و میسی بوو كە تیایدا ووردەكارییەكانی بۆندی میسی لەگەڵ بارسیلۆنا ئاشكرا بوو ئەمەش دەنگدانەوەیەكی گەورەی هەبوو.
هەر لەم سۆنگەیەوە ئێستا پێرێز دەیەوێت بە ئاشكراكردنی ووردەكارییەكانی بۆندی نەیمار لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمان شەڕە گەورەكەی لەگەڵ ناسر خایفی دەستپێبكات.
هەموومان دەزانین كە بۆندی نەیمار لەگەڵ پاریس سانجێرمان و چونی لە بارسیلۆناوە بۆ ئەو یانەیە بە شكاندنی مەرجی جەزائی عەقدی نەیمار بوو لەگەڵ بارسیلۆنا بەرامبەر بە 222 ملیۆن یۆرۆ، ئەمش ناوەندی وەرزشیی ئەوروپاو جیهانی هەژاند و هاوسەنگی ئابوری تۆپی پێی ئەوروپاو جیهانیشی لەرزاند.
ئێستا پێرێز لەرێگەی ئەو رۆژنامەیەوە ئاڵای دژایەتی خلیفی و پاریس سانجێرمانی هەڵكردووەو ووردەكاریی بۆندی نەیماری لەگەڵ پاریس سانجێرمان ئاشكرا كردووە، ئەم ئاشكرا كردنەش دەبێتە هۆی ئەوەی عەرشی خلیفی و یانە پاریسییەكە بهێنێتە لەرزە، ئەوەش لەبەر هەردوو هۆكاری نەفرۆشتنی مباپێ بە ریاڵ و پاشان لایەنگیری خلیفی لە یوفاو دژایەتی كردنی بیرۆكەی سوپەر لیگ.
مۆندۆدیپۆرتیڤۆ -ی كەتەلۆنی بەپشت بەستن بەو زانیارییانەی پێرێز دەستیكەوتووەو رەقەمە خەیاڵییەكانی ناو ئەو بۆندەی ئاشكرا كردووە كە تائێستا لەناوەندی وەرزشی ئەوروپاو جیهانیشدا بەشاردراوەیی ماوەتەوە و ووردەكارییەكانیش دەبنە مایەی توڕەكردنی خلیفی و رەنگە كێشەی گەورەشی بۆ دروستبكات و هێندێك لە وردەكارییەكانی ئەو بۆندە بەمشێویەیە كە رۆژنامەی مۆندۆ بڵاویكردۆتەوە:
*222 ملیۆن یۆرۆ بەهای جەزایی شكاندنی بۆندی نەیمار بووە لەگەڵ بارسیلۆناو خلیفی ئەم پارەیەی بەكاش داوە.
*43:3 میلۆن یۆرۆ مووچەی ساڵانەی نەیمار بووە لەنێوان ساڵانی 2017 تا 2022 لەو یانەیە.
*موچەی سافی نەیمار لەگەڵ یانە پاریسییەكە دەگاتە 505:5 ملیۆن یۆرۆ.
*ئەگەر بۆندەكەشی نوێ بكاتەوە و بەردەوام بێت كە بۆندەكەشی نوێكردتەوە، كۆی موچەی نەیمار دەگاتە 490 ملیۆن یۆرۆ و لەگەڵیشیدا چەندین بڕە پارەی تریش وەردەگرێت كە هەموو ئەمانە جێگەی مشت و مڕ و قسەو باسی زۆرە.
هەربۆ نموونە بەندێك لە بۆندەكەدا هەیە ناوی بەندی رەوشتە، ئەم بەندە بەرامبەرە بە پارەیەك كە 451 هەزار یۆری مانگانەیە، ئەم خاڵە باسی ئەوە دەكات ئەگەر نەیمار بەئەدەب بوو بەرامبەر جەماری یانەكەو دوای تەواو بوونی یارییەكان سڵاو بۆ هاندەران بكات ئەوا ئەو بڕە پارەیەش وەردەگرێت.
بڵاو كردنەوەی ئەم بابەتە لەلایەن رۆژنامەی مۆندۆەوە لەكاتێكدایە كە پاریس سانجێرمان لەباشترین بارودۆخیدایە، بڵاو كردنەوەی ئەم ووردەكارییانەی بۆندەكەی نەیماریش لەگەڵ پی ئێس جی گومانی زۆر لەسەر خلیفی و ئیدارەی یانەكە دروستدەكات، تەوقیتی بڵاو كردنەوەی ئەم وردەكارییانەش هەر پاش رەتكردنەوەی فرۆشتنی مباپێ بوو لەلایەن پاریس سانجێرمانەوە بە یانەی ریاڵ مەدرید، پرسیارە گرنگەكەش ئەوەیە: ئایا خلیفی چۆن دەتوانێت لەتەونی پیلانەكانی پێرێز رزگاری ببێت كە پێرێز لەو رووەوە بەهێزترین سەرۆكی یانەكانی ئەوروپایە؟.