لە وەڵامی شاڵاو عەلی عەسكەریدا

2 مانگ پێش ئێستا

بەشی توێژینەوەی چاودێر
لە سایتی دیپلۆماتیك مەگەزیندا، شاڵاو عەلی عەسكەری وەڵامی نوسینەكانی مەلا بەختیار دەداتەوەو دەشڵێ، بۆیە ئەو نوسینانە بڵاودەكاتەوە، هەتا یەكێتی دەنگ كەم بهێنێت. لە وەڵامدا بەم بەڕێزە دەڵێین:
سیاسەت هەر پیاهەڵدان نییە. هەر بانگەشەو ناسینی كاندیدەكان نیە. بەڵكو بنچینەیەكی حزبایەتی، رەخنە لەخۆگرتن و رەخنە گرتنە لەو هەڵانەی كراون.
هەر حیزب و سەركردایەتیەكی سیاسی چەكی رەخنە لەخۆی دابماڵێ، بێگومان ئەو حیزبە هەرگیز ناتوانێ سیاسەتە شكسخواردوەكانی راست بكاتەوە. یەكێتی پێش كۆنگرە، یان دوای كۆنگرە، هەڵەی كردبێ، پێویستە هەڵەكانی راست بكرێنەوەو رەخنەیان لێبگرێ.
بەڵام كاك شاڵاو بە گۆڕی باوكی سوێند دەدەین، ئایە یەكێتی پێش چوارەمین كۆنگرە هەڵەی زۆر بووە؟ خۆ یەكێتی گۆڕان زۆر دژایەتی دەكرد. پاشان هاوپەیمانی دیموكراتی دژایەتیان دەكرد، كەچی هەرگیز بە ئەندازەی ئێستا یەكێتی لەناو خۆیدا كێشەی نەبوو، لەناو خەڵكیشدا متمانەی لەدەست نەدابوو.
كاك شاڵاو!
بیرتە كە ناوەندی بڕیارتان دروست كرد و جەنابت لەسەر تەلەڤزیۆن فەرمووت (سوپرایزمان ) هەیە بۆ ناو یەكێتی. دەتانویست یەكێتی دووچاری جیابونەوە بكەن.  بە ویژدانت، ئەگەر مەلا بەختیار نەبوایە، ئەوكاتە، یەكێتی توشی یەكتر كوشتن نەدەهات؟
بەداخەوە، كاك شاڵاو، ئێوە لە پەیامی رەخنە واتێگەیشتون، كە یەكێتی لاواز دەكات. بەڵام دڵنیات دەكەین، ئەگەر سەركردایەتی یەكێتی پەیامێكی رەخنەیی لەسەر هەڵەكان و گەندەڵی و ریزی شێواوی خۆی بڵاوبكاتەوەو بەڵێن بدات، كە ئەو دیاردانە چارەسەر دەكات، بە دڵنیاییەوە، هیچ نەبێ سەدان تێكۆشەری بێ تاقەتی یەكێتی ئومێدیان بۆ پەیدا دەبێ و دەكەونەوە تێكۆشان.
بەڵام كاك شاڵاو:
دڵنیابە، هەڵە داپۆشین، بۆ حیزبایەتی و بۆ ئێستای یەكێتی، بۆ یەكێتیەكان كوشندەیە. بە پێچەوانەشەوە، دەستنیشانكردنی هەڵەكان و بەڵێنی راستگۆیانەی چارەسەركردنیان، سیاسەتێكی راست و دروستە.
شاڵاوی كوڕی كەڵە شەهید عەلی عەسكەری:
جەنابت بەرپرسی مەكتەبی رێكخستنی، هیچ نەبێ لە مەڵبەندی خانەقین بپرسە.. بزانە كە مەلا بەختیار سەردانی خانەقینی كرد، دڵی خەڵكی سارد كردەوە، یان دڵی گەرم كردن بۆ دەنگدان.
ئەرێ كاك شاڵاو.. بیرتچۆتەوە دەتفەرموو ئەندامی مەكتەبی سیاسیمان هەیە دەیان ملیۆن دۆلاری لایەو نایداتەوە بە یەكێتی. رەخنەكانی خۆتت بیرچۆتەوە، كە پەیتا پەیتا، لەسەردەمی سەركردایەتی پێشوودا دەتگرتن. بە ویژدانت سوێندت دەدەین، یەكێتی ئەگەر دۆخی لە پێش كۆنگرە باشترە، ئەی بۆچی بەناچاری لەگەڵ گۆڕان رێككەوتون.. كە گۆڕان لە ئاوابوندایە.
ئێمە دڵنیات دەكەین، ئەگەر رەخنە لە خۆتان نەگرن و هەڵەكان راست نەكەنەوە، نەك زۆربەی خەڵك، بەڵكو خزمەكانی خۆشتان لە تەریقەتی هەقە، هەمویان دەنگ  بە یەكێتی نادەن.. بۆیە، تكامان وایە، رەخنە بە پەیامی حزبایەتی وەربگرن.. نەك بە ساردكەرەوەی دەنگدەر!