فێسیڤاڵی هەنار و پاییزی هەڵەبجە و چەند سەرنجێك

2 مانگ پێش ئێستا

سەركۆ یونس* 
بۆ ساڵی حەوتەم، تۆڕی ڕێكخراوەكانی هەڵەبجە و پارێزگاو فەرمانگەتایبەتمەندەكانی بواری كشتوكاڵ لەسنورەكە، فێستیڤاڵی هەنارو پایزی هەڵەبجە بەڕێوەدەبەن.... 
بەداخەوە ئەمساڵ بەهۆی ووشكەساڵی و دەرئەنجامەكانی ئەم دیاردەجیهانییە،كاریگەری ڕاستەوخۆی لەسەر كەرتی كشتوكاڵ بەگشتی و بەروبومی باخداری كردووە..
سنوری كارگێری پارێزگای هەڵەبجە، بەزەوی بەپیت و سەرچاوەی ئاو و دەستیكاری شارەزای بواری باخداری دەوڵەمەندە، كەنمونەی خاك وئاو وجوتیاری نمونەیی گەواهیدەری ئەم راستیەن.

هەرێمی كوردستان بەگشتی و سنوری پارێزگای هەڵەبجە بەتایبەتی، زەوی وكەشوهەوایەكی لەباروگونجاوی هەیە بۆ بەرهەمهێنانی هەنار، بەشێوەیەك كە تام و ڕەنگی تایبەتی هەیە، لەهەناری ناوچەكانی ترو هەناری هاوردەی وڵــاتان جیاوازترە.
لەم سنورە (11) جۆر هەنار بەرهەم دەهێنرێت و نزیكەی (30) هەزار تەن بەرهەمی ساڵــانەی پارێزگای هەڵەبجەیە و ڕووبەری هەشت هەزارو پێنج سەد دۆنم باخی هەنار هەیە و بەردەوام لەزیادبووندایە.
.
جێگای وەبیرهێنانەوەیە، ساڵی پار، بەهەوڵی كەرتی تایبەت و هاوكاری حكومی توانرا ڕێژەیەك لەهەناری هەڵەبجە هەناردەی وڵاتانی ئەوروپا بكرێت و بازاڕێكی باش و نرخێكی بەرزی تۆماركرد..
بێ گومان، ئەم چالاكییەكلتوری وئابورییە، كاریگەری پۆزەتیڤی لەسەر بواری كۆمەڵایەتی و ئابوری و ڕۆشنبیری و بازاڕسازی دەبێت، زۆرێك لەبەشداران دەتوانن لەم ڕێگەیەوە بەرهەمەكانیان راستەوخۆ بگەیەنن بەدەستی بەكاربەرو راستەوخۆ داهاتی فرۆشراوەكانیان بەدەستبهێنن، بەڵام ئەوەی جێگای سەرنجە فێستیڤاڵی ئەم پاییزە، كاتەكەی گونجاو نی یە، چونكە كاریگەرییەكانی وشكەساڵی لەسەر بەرهەمی هەناری سنورەكە هەبووە و پێگەشتنی هەنار دواكەوتووە، هەنار دوای بارانی پاییز، تام و رەنگی جوانتروخۆشتر دەبێت، پێمان وایە ئەگەر فێستیڤاڵەكە لەمانگی یازدە ئەنجامبدرایە باشترو گونجاوتر دەبوو.

لەلایەكی ترەوە، شوێنی فێستیڤاڵی ئەمساڵی هەنارو پایزی هەڵەبجە، كەلەدەروازەی شارە، لەڕووی ئابوری وبازاڕسازییەوە، باش نی یە و كاریگەری نێگەتیڤی هەیە، چونكە پێمان وایە گەشتیاران و كڕیاران لەساڵانی ڕابردودا هاتوچۆی ناوبازاڕو چێشتخانەو كەبابخانەكانی ناوشاریان دەكرد، هەروەها زۆرێك لەگەشتیاران سەردانی شوێنەگەشتیارییەكانی وەك چاووگ و عەبابەیلێ و تەنانەت هەورامان و خورماڵیان دەكرد.

زۆر گرنگە، حكومەت ولایەنەپەیوەندیدارەكان، هەموو ئەو كونسوڵ و ئەندامانی نوێنەرانی دیبلۆماسی و بازرگانی بانگهێشت بكەن، بەمەبەستی ئاشنابوونی هەموولایەك بەهەناروبەروبوومەكانی تری ناوچەكە.

خواستی خەڵك و بەكاربەران بۆ هەناری هەڵەبجە، خواستێكی تایبەتە و ساڵــانە، لەشارەكانی تری كوردستانەوە خەڵكێكی زۆر لەهەڵەبجە هەنار دەكڕن.

هەروەها خواستی بازاڕەكانی شارەكانی هەرێم و ناوەڕاست و باشوری عێراق، خواستێكی گەورە و هەمیشە و بەردەوامە، ئەمەش بۆ لایەنی بەبازاڕكردن و ساغكردنەوەی بەرهەمی خۆماڵــــی گرنگە و جێگەی بایەخە.
هەربۆیە، پێویستە لایەنەپەیوەندیدارەكان بەگرنگییەوە لەم بەرهەمە بڕوانن و كار بكەن بۆ بوژانەوە ودۆزینەوەی بازاڕ لەدەرەوەی هەرێم.
بەئومێدین، ئەم فێستیڤاڵــە ئامانجە ئابوری وكۆمەڵایەتی وڕۆشنبیری وكلتورییەكان بەدەست بهێنێت.

*ئابووریناس