دۆنكیشۆتەكانی سیاسەت

2 مانگ پێش ئێستا

ئارام قادر حەمەسور
دۆنكیشۆت ناوی ڕۆمانێكی بەناوبانگی جیهانە، ٤۰۰ ساڵ لەمەوبەر لەلایەن سیرڤانتسی ئیسپانییەوە نووسراوە، لەسەدەی حەڤدەوە تا ئەمڕۆ كاریگەری ئەم ڕۆمانە لەگشت بوارەكان دیارە. ئەم ڕۆمانە ڕەهەندەكانی كۆمەڵناسی و دەرونناسی و سیاسەت و ئەدەب و مێژوو لەخۆ دەگرێت.

دۆنكیشۆت كەسایەتییەكی ئاڵۆزە و چەندین سەركێشی فانتازی دەكات، دۆنكیشۆت پاڵەوانێكی خەیاڵییە و لەڕێگەی شەڕەكانییەوە دەیەوێت شەڕی واقع بكات. خۆی وانیشان دەدات شۆڕشگێڕە و هەموو فیكرەكانی ڕاستن.

دۆنكیشۆت چەندین جۆر كەسایەتی لەخۆ دەگرێت، من مەبەستم دۆنكیشۆتە سیاسییەكەیە لێرەدا. زۆرن ئەو سیاسییە پۆپۆلیست و خەیاڵپڵاوانەی وادەزانن گیڤاران، وادەزانن شەڕی ئازادیی و دادپەروەری دەكەن. بەڵام تەنیا فانتازین و خەیاڵپڵاون. سەركردەیەك بەناوی كوردایەتی و سەركردەیەكی تر بەناوی ئازادیی و سەركردەیەكی تر بەناوی دادپەروەریی دەیانەوێت وانیشان بدەن كە ڕزگاركەر و فریادڕەسن!

بەڵام هەمووان گوتارێكی فانتازی نیشان دەدەن، گوتارێك كە مێزەڵانێكی فوو تێكراوە و نووكە دەرزییەكی هۆشیاریی بەتاڵی دەكاتەوە. سەدان ساڵە بەناوی گیڤارابوون و ڕزگاركەر و فریادڕەس و كاریزماوە دۆنكیشۆتەكانی سیاسەت حكووممان دەكەن. دۆنكیشۆتەكان شێرە بەفرینەكانی سیاسەتن و هەتاوی هۆشیاری دەیانتوێنێتەوە.

كۆمەڵگەی چەپڵە و پۆپۆلیستخواز شایەنی ئەوەیە دۆنكیشۆتەكان حكوومی بكەن و فانتازییاكانی لێ بكەنە واقع.