بۆچی ئێستا مناڵان زۆرتر توشی پەتا وەرزیەكان دەبن؟

2 مانگ پێش ئێستا

د. پشدەر عەبدوڵا
بۆچی لە ئێستادا بەراورد بە ساڵانی ڕابردوو ژمارەی تووشبوانی منداڵان بە پەتا وەرزیەكان زیاترە؟
لەبەر ئەوەی دوو ساڵی ڕابردوو بەهۆی داخستنی دەرگای خوێندنگاو قوتابخانەكان كەمترین ژمارەی منداڵ تووشی پەتا وەرزیەكان بوون،بۆیە كەمترین بەرگریان بۆ درووست بووە لەم دوو ساڵەدا،بۆیە ئاساییە ئەگەر ئەمساڵ ژمارەی تووشبوان بەراوورد بەساڵان زیاتر بێت،بۆ تووشبوون بە كۆڕۆناش بەهەمان شێوەیە.
بۆچی تووشبوونی منداڵان بە كۆڕۆناو پەتا وەرزیەكانیش لە دوو هەفتەی ڕابردوودا زۆر زیادی كردووە؟
لەبەر كردنەوەی دەرگای خوێندنگاو قوتابخانەكان بەریەك كەوتنی منداڵان زۆر زیادی كردووە، منداڵێكی تووشبوو ئەگەری هەیە هەموو خوێندكارانی پۆلەكە تووش بكات.
چی بكرێت بۆ ئەوەی ژمارەی تووشبوان كەم بكەینەوە؟
باشترین ڕێگا خۆپارێزییە،ڕاستە بۆ منداڵان قوڕسە خۆپارێزی بەڵام گرنگە فێری ماسك بەستن و دەست شووشتن و تەعقیم كردن بكرێن و لەناو پۆلدا دووری نێووانیان بەلایەنی كەمەوە مەترێك كەمتر نەبێت.
ئایە هەموو منداڵێكی تووشبووی پەتا وەرزیەكان یان كۆڕۆنا پێویست ئەكات سەردانی پزیشك بكات؟
نەخێر،تەنها كاتێك ئەو نیشانانەی هەبوو پێویستە سەردانی پزیشك بكات وەك تای بەرز،ڕشانەوە ،سكچوونی زۆر ،نەخواردنی خواردن،سەرئێشەی زۆر ،سك ئێشەی زۆر ، هۆشی تێك بچێت،پیساییەكەی خوێنی پێوە بێت یان تەمەنی بچووكتر بوو لە شەش مانگ ،یان نیشانەی ووشك بوونەوەی هەبوو وەك میزی كەمی كرد،فرمێسكی نەما ، دەمی ووشك بوو،ئەگینا ئەگەر تەنها تایەكی كەم یان لووت تەڕیەكی كەمی هەبوو ئەتوانێت لە ماڵەوە بە فێنك كردنەوەو پێدانی شلەمەنی زۆر و پشوودان چارەسەر بكرێت.
پێویستە لە كاتی هەر نیشانەیەكی كۆكەو هەڵامەتەو تا منداڵەكە پشوو وەربگرێت و نەچێتەوە قوتابخانە.
داوا لە دایكان و باوكان ئەكەین تكایە بێ پرسی پزیشكی پسپۆڕی منداڵان دەرمان بەكارنەهێنن


پرۆفایل:
د.پشدەر عبداللە اسماعیل
پزیشكی پسپۆڕی منداڵان و گەشەی منداڵان.