زەنوبیا شاژنی تەدمور کێ بوو؟

2 مانگ پێش ئێستا

هاوژین زیبا
کە چاو بە مێژوودا دەخشێنینەوە، زیاد لە هەر شتێک بەر ململانێکان دەکەوین: ململانێی چینەکان، ململانێی شارستانیەتەکان، ململانێی نەتەوە و ئایینەکان و هتد، کە چەق و بزوێنەری هەموویان هێزە؛ وەک بڵێی مێژوو تەنها گێڕانەوەی حەکایەتی ئەوانەیە کە هێز و دەسەڵاتیان بەدەستبووە، بۆیە لەناو مێژوودا کەمترین کات بەر ئەو کەسایەتی و ڕووداو و چیرۆکانە دەکەوین کە ژیانێکی ئاساییان بەڕێکردووە یان لە پەراوێزی هێز و دەسەڵاتدا بوون. بە پاڵ چینی ژێردەستەوە، ژن یەکێکە لە دیارترین پەراوێزخراوەکانی نێو مێژوو. لەبەرئەوەی هێز و دەسەڵات زۆرینەیجار لەلای پیاوان بووە و قەڵەمڕەوییەکانی نێو مێژوو قەڵەمڕەویی پیاوسالارانە بوون، بۆیە لەناو مێژوودا کەمترین چیرۆکی ژنانە دەبینین، مێژوو نەیپەرژاوەتە سەر چەندین داستانی ژنانە، چونکە داستانەکان لە پەراوێزی دەسەڵاتدا بوون. داستانەکانی ژنان داستانی پاڵەوانیەتی و داستانی ئازایەتین، داستانی دایکایەتی و مرۆڤایەتین، داستانی ژیانەوە و داهێنان و ئاشتین، بەڵام لەبەرئەوەی لەناو ماڵەکاندا بوون نەک لەناو کۆشکەکان، لەبەرئەوەی لەسەر کار و لەسەر کانی و لە پەراوێزە ژیندۆستیەکاندا بوون نەک لە بەرەی جەنگ و چەقەکانی دەسەڵات، بۆیە نەگێڕدراونەتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا، لەناو چەندین داستانی مەزنی نەگێڕدراوەی ژناندا، چاوی مێژوو کەوتۆتە سەر چەند داستانێکی ژنانە، ئەویش لەبەرئەوەی ئەو ژنانە دەسەڵاتیان گرتۆتەدەست. یەکێک لەو ژنە ئازا و دانایانەی چاوی مێژووی کەوتۆتەسەر، زەنوبیایە.
زەنوبیا شاژنی تەدمور (سوریای ئێستا) بووە، هاوشان لەگەڵ مێردەکەی یاخیبوونێکیان لەدژی ئیمپراتۆریەتی ڕۆمانی ئەنجامداوە و سوریای ئێستایان خستۆتە ژێر ڕکێفی خۆیانەوە. بە جوانی و بوێری ناوبانگی دەرکردووە. لەپاش مێردەکەی بۆتە شاژنی تەدمور و ڕۆمانیای ڕۆژهەڵات، پاشان لەشکرکێشی کردۆتە سەر ئاسیای ناوەڕاست و میسر و خاکێکی زۆری خستۆتە نێو قەڵەمڕویی شانشینییەکەی خۆیەوە.
زەنوبیا لە مێژوودا بەوە ناوبانگی دەرکردووە شاژنێک بووە کە ئیمپراتۆریەت و شانشینەکانی دەوروبەری شانشینیەکەی خۆی خستۆتە لەرزەوە. پاشئەوەی مێردەکەی بەهۆی ململانێی خێزانییەوە و لەسەر دەستی برازاکەی دەکوژرێت، دەسەڵاتی تەدمور دەگرێتەدەست، ئەوجا سەرباری ئەوەی دایکی منداڵێکی ساوایە، تەدمور لە شارێکەوە دەگۆڕێت بۆ ئیمپراتۆریەتێک کە هەڕەشە دەکاتە سەر شانشینیەکانی چواردەور و دەبێتە تاکە شاژن کە عەرشی ڕۆما دەهەژێنێت.
قەڵەمڕەویی ئیمپراتۆریەتەکەی زەنوبیا میسریشی گرتەخۆی و بەشێک لە خاکی ڕۆمایشی بۆخۆی دادڕی. جێدەستی ئەم ژنە بوونە میراتێکی هونەری و مێژوویی بۆ هەموو مرۆڤایەتی، ئاسەواری شانشینیەکەشی کە هەتا پێش هاتنی داعش بەسەر خاکی سوریادا ڕووەو ئاسمان هەڵکشابوون، سەلمێنەری ئەوەبوون شەیدایی و دانایی ژن بە ئاسۆیەک دەگات کە پیاو خەیاڵیشی پێوە نەکردووە. لێ، ئاسەواری ئەو شانشینییە و پاشماوەی ئەو تالارسازییەی زەنوبیا خستیە سەر پێ، کە ئەنتیکەیەکی جوانیناسانە و بەرەبەیانی هێزی سیاسیی ژنانە بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، لەسەر دەستی خەلافەتی داعش لە سوریا تێکشکێنرا، وەکو وابێت ئەوەی دەسەڵاتی پیاوسالاریی لەسەروەختی خۆیدا پێی نەوێرا، ئەمڕۆ داعش وەک نوێنەرێکی بەئەمەکی پیاوسالاری و تاریکبینی تۆڵەی لێکردبێتەوە.
زەنوبیا چ لە ڕووی حوکمڕانی و سیاسەتکردنەوە، چ لە ڕووی سەربازی و پلاندانانەوە، چ لە ڕووی تەلارسازییەوە بلیمەتێکی کەموێنە بووە. جگەلەوەی لەناوخۆدا حوکمڕانییەکی باش و مرۆڤانەی پەیڕەوکردووە، لەگەڵ دەسەڵاتەکانی چواردەوریشیدا سیاسەتێکی ژیرانەی گرتۆتەبەر و بۆ ماوەیەکی زۆر ڕێی لە چاوتێبڕینی دەسەڵاتی ڕۆمانیەکان و ساسانیەکان گرتووە. هەرچی لەباری تەلارسازییەوەیە، بایەخی زۆری بە دروستکردنی پایە و تەلار و ستادیۆم داوە شوورایەکی دوور و درێژی بە دەوری شانشینیەکەدا کێشاوە.
زۆرن ئەو ژنانەی وەک زەنوبیا دەیانتوانی ببنە ئەستێرەیەکی درەوشاوەی نێو مێژووی مرۆڤایەتی و ئەزموون و مۆدێلێکی پڕشکۆی حوکمڕانی پێشکەش بکەن، بەڵام بەهۆی باڵادەستیی دەسەڵاتی پیاوسالارییەوە دەرفەتیان بۆ نەهاتۆتە پێش. لێ زەنوبیا، درز و داڵانێکی نێو مێژووی دەسەڵاتی پیاوسالارییە، ئاوەژووکردنەوەی مێژووە و مێژوویەکی ڕووناکە لەنێو مێژوویەکی تاریکدا، لەوەش زیاتر دەرخەری ئەو ڕاستیەیە کە توانای ژنان بە ڕادەی توانای پیاوان نییە، بگرە زیاترە و جوانیناسانەترە.

 

بۆ نوسینی ئەم بابەتە سود لەم سەرچاوەیە وەرگیراوە:

من هی زنوبیا؟ موقع الفجر

https://www.elfagr.org/2830248