مێژووی ئەشكەنجەدان لەئیسلامدا

2 مانگ پێش ئێستا

شەماڵ بارەوانی
كتێبێكی بەهادارو بەنرخی
نووسەرو بیرمەندی كۆچكردوووی بەڕەگەز عیراقی(هادی العلوی)یهە

مێژووی ئەشكەنجەدان لەئیسلامدا
ئەرشیفێكی قێزەونی مێژوویەكی خوێناویە، تۆمارێكی ناشرینی سەردەمێكی مێژووییە، كە تا ئێستایش كەسانێك، چەواشەكارانەو فریودەرانە، ئەو مێژووە قێزەونەی كە بارگاویە لەناشرینی و پڕی لە تیرۆرو سەر بڕین و دەست و پێ بڕین و زمان و گوێچكە بڕین و سوتاندن و زیندەبەچاڵكردن و دەیان شێوازیتری دڕندانەو هۆڤانەی ئەشكەنەدانی مرۆڤە،وەك برگەیەك و سەردەمێكی زێڕین و چاخ گەلێكی پێرفێكت و نموونەیی و ئایدیاڵی بەئێمەمانان و مرۆڤایەتی دەفرۆشرێتەوەو خەریكی مۆنتاژكردن و ماكیاژكردن و جوانكردنین.
 مێژوویەك، تیرۆرو كوشتن و سەركوتكاری و ستەمكاری لێدەتكێت و بۆنی مەرگ و خوێنی لێ دێت، مێژوویەكی ڕەشی لێوان لێو لە جەنگ و تیرۆركردن و داگیركردنی خاكی گەلان و بەكەنیزەكردنی ژن و خوشك و كچ ودایكی خەڵك و بە كویلەكردنی پیاوەكان،مێژووەكی سیخناخ لە دزین و تاڵانكردن و فەرهودكردنی ماڵ و مولكی خەڵك و خاكی وڵاتان، تەژی لە شێواندن و بەتەعریبكردن و بەتورك و پارسكردن و به ئەنفالكردنی ناسنامەو زمان و كەلەپورو كلتورو هەموو شتێكیتری نەتەوەی كوردو زۆرێك لەنەتەوەكانیتر،لەژێر ناوی فتوحات و جەنگی پیرۆز،بە پاساوی بێ ماناو پڕو پوچ هێرش و پەلاماری ناڕەواو داگیركەرانەیان دەكردە سەر خاك و شەڕەف و وڵات و هەموو شتێكی خەڵك و ئەویتر!
مێژوویەك، ئازادی و مافی مرۆڤ و دیموكراسیەت، بەسەرەتاترین پێناسەو مانای، لەسادەترین فۆرمیدا تێیدا ونە، هەموو دەنگێكی ئۆپزسیۆن و ناڕازی و هەناسەكی ئازادو دیدێكی جیاواز، دەخنكێندرێت و تیرۆرەكرێت و لەناو دەبرێت، دەیان و سەتان گەیلان و جەعدو هەلاج و ئیبنولموقەفەع و كێ و كێیتر، لەداردەدرێن و سەرو دەست و پێ و قاچ و گوێچكەو زمان دەبڕدرێن و دەسوتێندرێن، ئیبن ڕوشدەكان تێیدا دەردەكرێن و كتێبخانەكانیان گڕدەدرێت و موعتەزیلەو عەقلانیەتی تێدا تیرۆرو قەڵاچۆدەكرێت.

مێژووی ئەشكەنجەدان لەئیسلامدا
ئەشكەنجەنامەیەكە، سەبارەت بە ئەشكەنجەدان لەمێژوویەكی دوورو درێژ، مێژوویەك هێشتا كەسانێكی خەرەفاو، بەشان و باڵیدا هەڵدەڵێن و لەپێناویدا دەجەنگن و خەون بە دووبارە بەگەڕانەوەی دەبینن!
مێژوویەكی هێندە پیس و بۆگەن، مرۆڤ لەكاتی خوێندنەوەو هەڵدانەوەی لاپەڕەكانیدا، تەزو بەجەستەیدادێت و هێڵنج دەیگرێت و شەرم و دڵگوشین و بێزاری دایدەگرێت،مێژوویەكی بەپیرۆزكراو بە بڤەكراو، مێژوویەك، ڕەخنەگرتن لێی و قسەكردن لەسەری، یەكسانە بە هەرتەقەبوون و لادان لە ڕاستی و دژایەتی كردنی پیرۆزیەكان و ئاسمان خوداوەند!

مێژووی ئەشكەنجەدان لەئیسلامدا
كتێبێكی زێدەبایەخدارەو هادی عەلوی زۆر بەوردی و بەپێی ئارگیۆمێنت و سەرچاوە ئیسلامیەكانی وەكو تەفسیرو فەرمودەو كتێبە فقهی و  فیكریەكان و لەزاری پیاوە ئایینی و لاهوتیەكان و نووسەرو بیرمەندو ڕۆشنبیرو موفەسیرو فەقێ و مێژوونووسەئیسلامیەكان خۆیانەوە لەنمونەگەلێكی وەكو:
ئەلكوشافی زەمەخشەری، تەبەقاتی ئیبنو سەعد، تەبەقاتی سۆفی سەبەكی ،سونەنی دارمی،سونەنی ئەلنەسائی،سونەنی بەیهەقی، موەتەئی ئیمام مالیك،سەحیحی تورمزی،مێژووی تەبەری،بیدایەو نیهایەی ئیبنولكەسیر،ئەنساب وەلئەشراف و فتوحولبولدانی بەلازەری،فەهرەستی ئیبنولنەدیم، كامل فی لتاریخ و ئەسەدولغابەو ئەللوباب فی تەهزیبوئەلئەنسابی ئیبنولئەسیر،تەبەقاتی ئیبن سەعد،قصاص والمژكرونی ئیبنولجوزی ،ئحیائولعولومولدینی غەزالی،سیرەی ئیبنولهیشام، عەقدولفەریدو ئەلئیستیعابی ئیبن عەبد ڕەبە،سیەر ئەعلامولنوبەلائی زەهەبی،ئیتتیعازوئەلحونەفای مەقریزی، ئەلئەغانی ئەبوفەرەجی ئەسفەهانی،ئەلمەحەلای ئیبنولحەزم،ئەلسیاسە ئەلشەرعیەی ئیبنولتەیمیه، ئەحكامولسوڵتانیەی ماوەردی،ئەلئەعتیسامی شاتبی،موغنی ئبنولقودامە، تاریخولملوك و تاریخی یەعقوبی و، دەینوری و جاحز و ..تاد. خۆیان لەو ئەشكەنجەدانە دەدوێت،كەلەلایان خەلیفەو والی و حاكم و سەركردە ئیسلامیەكان لەخەڵكی كراوە، ئەو سەركردەو والی و خەلیفەو حاكمانەی هەڵگری نەزعەیەكی زۆر سادیكانە بوونەو چێژێكی بێ ئەندازەیان لەئەشكەنجەدانی مرۆڤەكان بردووە!

لە (مێژووی ئەشكەنجەدان لەئیسلامدا) 
نوسەر سەبارەت بە ئەشكەنجەدان، لەدیدەنیگاو تێڕوانینی گرووپەجیاوازەكانی نێو بازنەی ئیسلام دەدوێت لەنێویاندا فەرمودەناس و فەقیهەكانی ئیسلامی و هەڵوێست و بۆچوونەكانیان سەبارەت بە ئەشكەنجەدان دەخاتەڕوو، 
پاشان باس لەڕۆڵی یاساكان و شارستانیەكان و دینەكان بەگشتی دەكات، لەپشتگیری كردنی ئەشكەنجەدان و، لەو دیاردە نامرۆڤانەو تاوانكاریەی ئەشكەنجەدانی مرۆڤ و لە ڕەهەندی ئایینی ئەشكەنجەدان دەدوێت قسەوباس لەفیكرەی ئەشكەنجەدان دەكات لەناو كەلەپوری ئیسلامی و ڕەوایەتی دان و ڕەنگدانەوەی ئەشكەنجەدان لەتێكستەكانی ئیسلامداو وڕۆڵ و دەستی ئەو ئایینەو هەموو ئاییەكانیتر لەو مەسەلەیەداو،  ئەشكەنجە له تەورات، یاسای حەموڕابی و لای سۆمەریەكان و ئاشوریەكان، لەبودیەتدا،
 لە ئایینەكۆنەكانی میسری كۆن و سەردەمی ئەخناتۆن، ئەشكەنجەدان و هەمەجیەت لەمێژووی كونی چین و سەدەی سێیەمی پێش زایین و لەسەردەستی ئیمپڕاتۆر(چین شی هوانگ)، لەتبت و تاساڵی ١٩٥١، وكاتی سەربەخۆیی ئەو هەرێمە،ئەشكەنجە لەئۆروپای سەدەكانی ناوەڕاست و لەسەردەستی كلێساو دادگای پشكنین و چینی ئەكلیرۆس،سەردەمی ئیمپریالیزم و ئەشكەنجەو وەحشیگەریەتی ئینگلیزو ئیسپانیەكان لەدەرحەق دانیشتوانی ئەم وڵاتانەی داگیرو كۆڵونیان دەكرد،ئەشكەنجەی نازیزم و هیلتەرو ..تاد.
هەروەها نووسەر
تیشك دەخاتە سەر جۆرەكانی ئەشكەنجەدان و لەبارەیانەوە دەودوێت، لەو جۆرو شێوازانە ئەشكەنجەدانانەی كە
لەتێكستەئایینیەكان و لەمێژووی ئاییندا هاتون و لەبارەی چەند جۆرە ئەشكەنجەدانێكی، وەكو:
سوتاندن،داماڵینی پێست،تینوكردن و برسی كردن، دڕك دەرخواردن دان ،بەردبارانكردن و ..تاد.دەدوێت
ئینجا بە تێرو تەسەلی و زۆر بە وردی باس لە چیرۆكەكانی ئەشكەنجەدان دەكات لەمێژووی ئیسلام و 
 لەڕەگ و ڕیشەی ئەشكەنجەدان و شێواوزو جورەكانی ئەشكەنجەدان و مێژووی ئەشكەنجەدان دەكۆڵێتەوەو لەسەری دەدوێت لە ناو ئەومێژوووە خوێناوی و ئەشكەنجاویەی ئیسلامیدا.
لەسەردەمی خەلافەتەكانی ئیسلامی و لەسەردەستی خەلیفەكانی ڕاشدی، عەباسی، ئەمەوی، بوەیهی، فاتیمی، سەلجوقی، قەرامیتەو، عوسمانیلەكان و هەموو ئەوانەیتر ،كەچۆن و بەچ شێوازێكی دڕندانەو نامرۆڤانە، ئەشكەنجەی سایكۆلۆجی و فیزیكی مرۆڤ و خەڵكیان داوەو خەڵكیان هەڵواسیوەو دەست و پێ و سەریان بڕیوەو سەریان بەگاشەبەرد پانكردوتەوەو داهێنانیان لەشێوازی كوشتن و تیرۆرو تۆقاندن و ئەشكەنجەدان و ئازاردانی خەڵك كردووە،لەوكاتەی تەنها شمشێر زمانی قسەو كۆتا بڕیاربووەو دیكتاتۆریەت و تۆتالیتاریەت فەرمانڕەوایەتی و حوكمی دەكردو، دەوڵەتی سیوكراتی ڕەها كاریكردووەو شتێك نەبوو بەناوی سیستەم و لەناو چوارچێوەی ئەوخەلافەتە ئیسلامیانە،بەناوی دەستاودەستكردنی دەسەڵات و ماف و دیموكراسی و مەدەنیەت و هاووڵاتی بوون و ژن بوون و، شتێك نەبوو لەسای دەسەڵاتی تۆتالیتارانەی ئەو خەلیفانە،بەناوی مافی مرۆڤ و ئازادی ڕادەبڕین و بۆچوونی جیاوازو  ئازادو ڕەخنەی ئازادانە و پلورالیەتی ئایینی و تۆلەرەنس و دیموكراسیەت و دیالۆك، هەموو شتێك بەزەبری هێزو نوكی شمشێر یەكڵایی دەكرایەوەو ،چەندان شاعیرو نووسەرو ڕۆشنبیرو جودابیرو لائیك و دنیایەك جەعدی دەرهەم و گەیلانی دیمەشقی لەسەردەستی هیشامی كوڕی عەبدولمەلیكی ئەمیری ئیمانداران و خەلیفەو ولی و سوڵتانەكان ،بەتۆمەتی بێ بڕوایی و لادان لەدۆكترینی ئایینی و قەدەریەت، دەست و پێ و سەربڕرداوەو، چەندین(أم قرفە)و محەمەدی كوڕی عەبادەو مەیسەم ئەلسەمارو ڕەشید ئەلهیجری و عەمارەی ئەلكەلبی و موغەیرەی كوڕی سەعیدی ئەلعەجەلی و بەشاری كوڕی بوردو سالح عەبدلقودوس و عەمری كوڕی ئەلحەمەقەو محەمەدی كوڕی حەسەنی زەنگی و حوسێنی كوڕی زەكەرویەی قەرامیتی و ئیبن ئەبو فەوارسی قەرامیتی و دەیان و سەتان و هەزارانیتر هەڵواسراون و بەشمشێر دەست و پێ و گوێچكە بڕدراون، و زمانیان قرتێندراوەو نینۆكەكانیان دەرهێندراوەو بە ئاگرداخكراون و سوتێندراون و بەزیندوێتی زیندەبەچاڵ و ژێرخاك كروان و، خەسێندراون، چاویان هەڵقەندراوەو دڕكی تێ چەقێندراوەو مەسیح ئاسا لەخاچ دراون و دەست و پایان بزمار ئاژەنكراوە،بەقامیش جەستەیان كون و برینداركراوەو خەل و خوێ بەبرینەكانیانداكراوەو لەتەندوری گڕگرتووی پڕ ئاگرخراون و سوتێندراون،بەقامچی و دەست و پێڵەقەو مشتەكۆڵە تامردن لێیان دراوەو،لەبەرخۆرڕاگیراون، سەرو ڕیشیان تاشراوە،لەنێوان دوو ئەسپ بەستراونەتەوەو ڕاكێشراون و دووكەرت كراون،لەسایەی دەوڵەتی سیوكراتی و تۆتالیتاری و لە لایان سوفیانی كوڕی مەعاویەو یەزیدی كوڕی موعاویەو موعاویەی كوڕی سوفیان و هارونەڕەشیدو موعتەزیدو خالیدی كوڕی وەلید و هیشامی كوڕی مەلیك و ئەبو جەعفەری مەنسورو حەجاجی كوڕی یوسفی سەقەفی و حاكم بیئەمرواللەو مەهدی و ڕەشیدو واسقی كوڕی محەمەدی عەبدولمەلیك ئەلزیات و مەروانی كوڕی موحەمەدو عەبدولمەلیكی كوڕی مەروان و یەزیدی كوڕی مەزیدو یەزیدی كوڕی ئەلمولهەب وموسلیمی كوڕی عوقبەو قوڕەی بن شورەیك و زیادی بن ئەبیه وموعتەمەدی كوڕی عەبادو  فەخرولمەلیك و سەفاحەكان و سەیفولدینەكان و سوڵتانولدینەكان و قائیم بیئەمروللاكان و بلانولحەق و فولانولدەولەو حاكم و خەلیفەو والی و وەزیرو ئەمیرەكانی تر هەموو، جگە لە(عومەری كوڕی عەبدولعەزیز كەكەمتر لەسێ ساڵ حوكمی كردو ،یەزیدی ناقیس شەش مانگ، ئەو دووەی لێ فڕێدەینە دەر)، باقیەكەی تر نووسەر وتەنی هەمووی سەركوتكارو دیكتاتۆر بوونەو ،بەو شێوەیە مرۆڤەكان لەسەردەستی ئەمان و بەفەرمانی ئەمان و لەسایەی حوكمی ئەمان، دڕندەترین شێوە ئەشكەنجەدراون و لەشێوەی ئاژەڵێك سەر بڕدراون و لەخوێن گەوزێندراون و كوژراون .
چۆن جەعدی كوڕی دەرهەم، لەڕۆژی جەژنی قوربان و لەشێوەی بەرخێك و لەژێر منارەی مزگەوت و لەلایان (خالدقەسری)والی عیراق و پێش ئەوێش حیجاز،لەسەردەمی خەلافەتی ئیسلامیەوە سەردەبڕدرێت و براكەی ئەمیش(ئەسەد)كە والی خوراسان دەبێت، هەمان شێوە دەست و پێی هەموو، لایانگرانی حارسی كوڕی سەریج دەبڕێت، تەبەری مێژوونووسی ئیسلامی باس لەوە دەكات، چۆن كەلەسەردەمی عەباسیەكان و تەنها لەسەر دەستی ئەبو موسلیمی خوراسانی  ٦٠٠هەزار،ژن و پیاو مێرد منداڵ عیدام كراون و بەشمشێر سەر بڕردراون.
ئەسفەهانی لەوەدەدوێت كە ئەبو جەعفەری مەنسورلەسەردەمی خەلیفایەتی و دەسەڵاتی خۆیدابەعزێك لە عەلەویەكانی بە زیندوویی زیندەبەچاڵ كردووە،
من لێرەوە دەوەستم و ئەوەیتر بۆ خوێنەر خۆی جێ دڵم كە بچێت كتێبەكە بخوێنێتەوەو بەدەستەكانی خۆی،لاپەڕە خوێناوی و پڕ لەتوندو تیژی و هەموو ئەو ئەشكەنجەدانانەی ناو ئەو مێژووە ڕەش و خوێناوی و بۆگەنە سەروبن بكات و چیتر باوەڕ بەو درۆیەو بەو ئەفسانەیەنەكات، كەگوایە مێژوویەكە هەموو باخ و گوڵ و گوڵزارو بەهەشتێك بووە،

باخوێنەر خۆی بڕوات وسەیری ئەو كتێبە مێژووی ئەشكەنجەدان لەئیسلامدا.
بكات، تا زیاتر ڕاستیەكانی بۆ دەركەوێت و خەجاڵەتیەكان و نموونەكان ببینێت، نموونە ئابڕووبەرەكانی ئەشكەنجەدان، كە لەمێژووی ئیسلامی هێندە زۆرن و لەژماردن نایەن و بە هەڵدانەوەی هەر لاپەڕەیەك لەو مێژووە خوێناویەدا، دەیان  سكانداڵ و سەتان فەزیحەت لەنموونەی ئەشكەنجەدان. دەكەونەبەرچاو خۆیان نمایش دەكەن و دەبن بە هۆكارێك ،كە چیتر هەر مرۆڤێكی ویژان زیندو هۆشیاربوویەوە، نەفرەتی ئەو مێژووە ڕەشە، ئەو مێژووە قێزەونەو بە پیرۆزكراوەو ئەشكەنجدانی مرۆڤ بكات و بەهەموو شێوەیەك ئەشكەنجەدانی مرۆڤ و  ئازاردانی جەستەیی مرۆڤ، لەژێر هەرناو بەهەر پاساوێك بێت، ڕەتبكاتەوەو پڕ بەگەرو هاوار بكات و بگوڕێنێت و بڵێت،نەخێر بۆ ئەشكەنجەدانی مرۆڤ، نەخێر بۆ كوشتن و خوێن ڕشتن و سوتاندن و سەربڕین و دەست و پێ بڕین و بەردبارانكردن و لەسێدارەدان و بێ ڕێزی كردن بەمرۆڤ.