ماڵئاوایی كردنی كۆمان و ئایندەی بەرشەلۆنە

8 مانگ پێش ئێستا

زەردەشت عوسمان
كۆمان نەیتوانی لەسەر قاچەكانی بوەستێت، دواجار چیرۆكی ئەویش لەگەڵ بەرشەلۆنە كۆتایهات. 
كاتێك تیپ بە گشتی خراپ دەبێت لەڕووی ئاست و ئەنجام، ڕاهێنەر دەبێتە بژاردەی یەكەم بۆ گۆڕانكاری. 
بەرشەلۆنە بەڕوونی كێشەی تاكتێكی هەبوو بەتایبەت لەڕووی بەرگری كردن لە گۆڵ. ئەگەر بەوردی دیقەت بدەی لە هەندێك لە گۆڵەكان ئەمە دەبینی، شێوازی وەستانیان زۆر هەڕەمەكیە، بەردەوام بۆشایی جێدەهێڵن بۆ ڕكابەرەكانیان، ئەم بەردەوام لە یارییەكان دووبارە دەبووە. جگە لەوەی سەردەمی كۆمانیش گرفتی توانایی جەستەیی تیپەكە چارەسەر نەكرا. بەگشتی یاریزانەكان بێ رۆحێتن، لەڕووی دەرونیەوە نا ئارامن. بە شێوەیەكی سروشتی لەگەڵ ڕاهێنەری نوێ هەندێ لەم شتانە چارەسەر دەبن. 

كۆمان نیشانەی پرسیاری زۆر لەسەر بوو، بۆ نموونە لە نیوكامپ نەیتوانی هێرشە هەڵگەڕاوەكانی ڕیاڵ مەدرید ڕاگرێ، هەر بەو چەكە كلاسیكۆیی دۆڕاند. كەچی ڕاهێنەری ئۆساسۆنا لە یاریگایی ڕیاڵ مەدرید، توانی بەرگری لە گۆڵەكەی بكات و خاڵێك وەربگرێت. 

كۆمان بەرشەلۆنەیەكی ڕووخاویی وەرگرت، سەرەڕایی خراپی ئاست و ئەنجام، ناكرێ بڵێین هیچی نەكردوە، ژمارەیەك لاوی هێناوەتە تیپەكە و بوێری پێ بەخشیوون، ڕاهێنەرەكانی داهاتوو دەتوانن سوودیان لێ وەربگرن. 

دەنگۆیی زۆر هەیە چاڤی هێرناندز ئەستێرەی پێشووی یانەكە، جێگەی كۆمان بگرێتەوە. ئەزموونی پێشوو نیشانیداوین هاتنی ڕاهێنەر لە كاتی خول و پاڵەوانیتیەكان، زۆرجار باشی خۆیی هەبووە. توانیویانە دۆخی تیپ پێچەوانە بكەنەوە، نموونەی زیدان و تۆخێل. هەڵبەت ئەگەر بناغەیەكی باش دانرابێ بۆ وەرزەكە.