میسۆژینی لە ناو تۆڕەكۆمەڵایەتییەكاندا

14/11/2021

ن/ رۆزا حەمە ساڵح
میسۆژینی ( Misogyny ) وشەیەكی ئینگلیزییە، لە بنە‌ڕە‌تدا وشە‌كە‌ یۆنانییە، بە واتای ڕقلێبوونەوە لە ژنان و سوكایەتی و دژایەتی كردنیان دێت.
 ئەم دیاردەیە هەر لە كۆنەوە و لە سەرهەڵدانی شارستانییتەوە بوونی هەیە، هەتا ئەمرۆش بە هۆی پەرەسەندنی تەكنەلۆژیا و ژینگەی ئەلكترۆنی ئەم دیاردەیە بە بەربڵاوی رووی لە زیادبوونە.
لە ساڵی ٢٠١٥ دا ڕۆژنامەی "گاردیان"ی بەریتانی توێژینەوەیەكی ئەنجام دا؛ تێیدا باسی لە زیادبوونی دیاردەی میسۆژینی لە ناو ژینگەی ئەلیكترۆنیدا كردووە، بە جۆریك ساڵانە بە تەنها لە وڵاتی بەریتانیادا دەیان هەزار تویت بڵاودەكرێتەوە كە تێیدا پێشێلكاری بە ژنان دەكرێت و بە وشەی نەشیاو وەسف دەكرین وسوكایەتیان پێدەكرێت، وەك وشەی لەشفرۆش، ناشرین، بەدڕەوشت، زۆر وشەی نەشیاوی دیكە.
 ئەم دیاردەیە لە تەواوی دونیادا بوونی هەیە، بەڵام لەو وڵاتانەی كە مافی ژن تێیدا پارێزراوە ڕێژەكە كەمترە بە بەراورد بەو وڵاتانەی كە مافەكانی ژنان تێیدا پێشێلكراوە و گیرۆدەی دەستی كلتوور و فەرهەنگێكی دواكەوتوون، ئەمەش بە تەنها ژنانی ئاسایی نەگرتۆتەوە، بەڵكو زۆر لە ژنە دیارەكانی ناو سیاسەت و ژنە چالاكوانە مەدەنییەكان و مۆدێلەكان… هتد.
لەناو ئەو وڵاتانەی كە ئەم دیاردەیە بە بەربڵاوی بەرچاودەكەوێت و ڕۆژانە ژنان تێیدا دەكەونە بەر ئەم هێرشە قێزەوەنە وڵاتی خۆشمان نموونەیەكی زیندووە، بەهۆیەوە ژنان ڕوبەڕووی فشاری دەروونی زۆر دەبنەوە و ژیانێكی نائارمیان هەیە، ئەمەش هۆكارە بۆ ئەوەی زۆر جار لە ترسی ئابڕووچون پەنا بۆ خۆكوشتن بەرن، یان زۆر لەو ژنانە وەك كاردانەوەیەك هانا بۆ خۆدەرخستنی زیاتر دەبەن، كە ئەمەش كێشەكە زیاتر ئاڵۆز دەكات و زیاتر دەكەونە بەر هێرشی رقلێبوونەوە و سوكایەتی پێكردن.
بە پێی بەدواداچوونەكانی داكۆكیكارانی مافەكانی ژنان، دەكرێت میسۆژینی یان ڕقلێبوونەوە لە ژنان بە چەند شێوازێك وێنا بكرێت؛ لەوانە جیاكاری سێكسی، سوكایەتی بە ژنان و توندوتیژی كردن لە بەرامبەریان و ڕوانین لە ژنان وەك ئامرازێكی سێكسی.
ئەم دیارەدەیە بۆچی بەم ڕادە مەترسیدارە ڕوبەڕووی ژنان دەبێتەوە؟
 بەپێی لێكۆڵینەوەكان دەركەوتووە كە هۆكارەكەی بەڕێژەیەكی زۆر بۆ خودی ژنان خۆیان دەگەرێتەوە، كە وەك پێویست ئاستێكی هۆشیاری ئەوتۆیان نییە و نازانن چۆن مامەڵە لە گەڵ ئەم ژینگەیەدا بكەن، تا تواناكانی خۆیان وەگەڕبخەن و بوونی خۆیان بسەلمێنن، لە بەر ئەوەی ژنان لە پێش بەروپێشچوونەكانی ئەم دوایەیی تەكنەلۆژیا، ئازادی دەركەوتنیان بەم ڕادەیە نەبووە، ئێستا كە دەرفەتەێكی ئاوایان بۆ ڕەخساوە و دەتوانن بە یەك چركە و بە موبایلەكەی دەستیان هەرچیان بوێت بیكەن، بۆیە بە هەموو شێوازێك هەوڵی خۆدەرخستن دەدەن، ئیتر گرنگ نییە بەلایەنەوە چی دەڵێن و چۆن دەردەكەون .
هۆكارێكی دیكە ئەوەیە ژنان زۆر جار بە هەڵە پەیامەكانیان دەگەیەنن و بە وردی لەو ڕاستی ئەو كۆمەڵگایەی كە تێیدا دەژین ورد نەبوونەتەوە و توێژینەوەیان لە سەر بنەما و پرەنسیپی كۆمەڵگا نەكردووە. بۆ هۆكاری دووەم ئاماژە بە نموونەیەكی زیندوو دەكەم؛ لە ماوەی پێشوودا كۆمەڵێك ژنی چالاكوان كەمپینی ( ناوی من ناوی دایكمە) یان ڕاگەیاند، لە ناو سۆسیال میدیادا هەرایەكی یەكجار زۆری نایەوە، ئەگەر لە‌ بنچینە‌وە‌ ناوی كە‌مپینە‌كە‌ بەم شێوەیە نەبوایە، ئەوا دڵنیام ئەو ژنانەی كە بیرۆكەی كەمپینەكەیان دانا و پاڵپشتی بوون بەو جۆرە مەترسیدارە ڕوبەڕووی دیاردەی مێسۆژینی نەدەبوونەوە. كۆمە‌ڵگای ئێمە‌ بە گشتی كۆمەڵگایەكی موسڵمانە كاریگەری ئاین بە سەریەوە زاڵە، میلەتێكین ئاستی هۆشیای و ڕۆشنبیریمان وەك پێویست نییە، بە گشتی مرۆڤەكان ماندووی دەستی ڕۆژگار و ئەم دەسەڵاتە چەوتەن، بە تەواوی توانای بیركردنەوەیان نەماوە، ئیتر چۆن ئە‌م جۆرە‌ پە‌یامانە‌یان پێ قبوڵ دە‌كرێت و لێی تێدە‌گەن؟! دە‌كرا كە‌مپینە‌كە‌ ناوبنرایە‌ ( ئە‌گە‌ر هاتوو بە‌هە‌ر هۆكارێك باوكم نە‌بوو، با پاشناوی دایكم هە‌ڵبگرم)، لە‌و كاتە‌دا هە‌م كارەكە شوێنی خۆی دەگرت و هە‌م بە‌ جوانیش دە‌توانرا پەیامەكە بگات و ئامانجی خۆی بپێكێت، ئە‌م هە‌موو هە‌رایە‌شی نەدەنایەوە و هە‌ر كە‌س بۆ خۆی هە‌ڵبسێت و بە ئارەزووی خۆی لێكدانەوەی بۆ بكات، وە ژنانیش نەدەبوونە قوربانی و ڕوبەڕووی ئەو هەموو ڕقلێبوونەوە و سوكایەتی پێكردنە نەدەبوونەوە.
ئێمە كە دەڵێین ژنان خۆیان بەشێكی بەرپرسیارێتی ئەم هەل و مەرجانە هەڵدەگرن، هەڵبەت گرنگە ئەوە بزانین كە دەسەڵاتی سیاسی و ناوەندەكانی دیكەی دەوڵەتی و فەرهەنگی پشكی گەورەیان بەردەكەوێ لە هۆكاری قورسبوونی ئاستەنگی و ڕێگرییەكانی بەردەم ژنان، وێڕای رێگرییەكانی كولتوری باوی كۆمەڵگا.
ئەگەر لە مێژوو بڕوانین دەبینین پیرۆزی ژن گەیشتوو بە ئاستی بەخوداوەند سەیركردنی ژنان، ئیتر ئەو وەرچەرخانە لە ڕوانینی پۆزەتیڤانە بۆ ژن بۆ ئەم ڕوانینە نیگەتیڤانە پێمان دەڵێت كۆمەڵگای مرۆڤ پێویستی بەدەربازبوونی زانستیانە هەیە، بۆ گەڕاندنەوەی ژن بۆ پێگە سروشتیەكەی خۆی، كە ئەویش ڕوانینە بۆ مرۆڤبوون و دووركەوتنەوەیە لەجیاوازییە ڕەگەزییەكان.