ئاخۆ لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا ڕێگە دەدرێت بەدەستورێكی جیاكردنەوەی ئاین لە دەوڵەت؟

18/11/2021

سابیری سەندیكا - ئەمریكا
بەبەشداری سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان و كەسی یەكەمی لایەنە سیاسییەكان و نوێنەرانی پێكهاتەكانی كوردستان و شارەزایانی دەستور لە زانكۆی كوردستان لە شاری هەولێر كۆنفرانسێك دەربارەی یەكڕیزی و دەستور بەڕێوەچوو، لە كۆنفرانسەكەدا تەوەر و رەهەندە گرنگەكانی پرۆسەی داڕشتنی دەستوری هەرێم لە زەمینەی یەكڕیزییەكی كوردستانیدا تاوتوێ كران، بەڵام لە گەڵ ئەوەشدا ئاخۆ لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا ڕێگە دەدرێت بەدەستورێكی جیاكردنەوەی ئاین لە دەوڵەت؟ ئاخۆ ئەو چینە دەسەڵاتدارەی لەمێژووی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا بونیان هەیە،كامیان توانیویانە ئەزمون لەمێژوو وەربگرن و خۆیان وەك ئەوانی پێش خۆیان دوبارە نەكەنەوە؟ كاتێك دەستوری عێراقی نوسرایەوە ماددەی یەكی دەستور هەیە كە دەلێت دژ بە پرینسیپی مافی ئازادی بنەماكانی شەریعەی ئایینی ئیسلام دەكاتە سەرچاوەیەكی بنەڕەتی، ئەمەش زۆر مەترسیدارەو كاتی خۆی ئەمەریكا ڕەخنەی لە دەستوری عێراقی هەبوو وتی مافەكان بەر تەسك كراونەتەوە لە دەستوری عێراقیداو هەموو مافەكان بە یەكسانی دابەش ناكات، نابێت لە ناو دەستوردا ئەم هەڵا گەورانە بكرێت. من دەلێم دەستوری خراپ ئەوەیە چەند ساڵێك بە ڕاستوچەپدا ماف پێشێل بكات و دوای ئەوە بە قودرەتی قادر چاكی دەكەین؟ چونكە كۆی مێژووی ئەو دەسەڵاتدارێتیانە پڕاوپڕ لەمێژووی خوێن و بەخوێن ڕشتن دێن و بەخوێنڕشتنیشیان كورسی دەسەڵات بەجێ دەهێڵن.. ئەمانە دەستیان بە هەرچی گەیشتوە خراپیان كردوە، بەناوی كوردایەتیەوە هاتن سەیری حاڵی كورد بكەن! ڕوم نییە باسی پەروەردە و ئابووری و كۆمەڵایەتی بكەم. ئینجا گەڕیان داوەتە دەستور. دوێنێ و ئەمڕۆ یان گواوی كردوین لە سبەی بەچكەكانمان ناگەڕێن.

دوای٣٠ ساڵ لە كوردستانی عێراق لەسەر چی وەستاون كورد بەردەوام شانازی پێوە دەكات، دروشمی پێكەوە ژیانە و دەبێت دڵنیایی ئەو پێكەوەژیانەش بە تەواوی پێكهاتە جیاوازەكانی هەرێمی كوردستان بدرێت، ئەمەش لەڕێگەی دەستوورێكەوە دەبێت، كە مافی هەموو پێكهاتە و لایەنەكانی تێدا بەرجەستە بێت". یەكڕیزی و دەستور ئەو دوو دەستەواژەیەی كە چەندین ساڵە كوردی گرفتار كوردوە، هاوڵاتی باجی نەبوونی ئەیات و بەرپرس و سیاسیە باڵادەستەكانیش سودمەندن لە نەبوونی و بەروبوومەكەی ئەچنەوە.

لە كوردستانی عێراق ٣٠ ساڵە،لەشەش ملیۆن كەس، باجی شكست‌و چاوچنۆكی‌و نابەرپرسیارێتی، سی كەسە دەدەن، نە گوێیەكیان هەیە بۆ بیستن، نە باكیشیان هەیە بەكەوتن. كوردستان و عیراق لە دۆخێكی جێگری سیاسی و ئابووری و ئەمنیدا نییە، ساسیەكانی كوردستانی عێراق فێرن كە هەڵەئەكەن تاوانەكە لەخۆی دوورخەنەوەودەیسون بەشانی خەلكانیترا. ئێستا سێ حیزبی بنەماڵە هەڕەمەكی و نەزانانەو بێویژدانانەو گەمژەیانە سیاسەت دەكەن، نەك حوكمەت سیاسەت بكات، چونكە لەم نیمچە روبعە هەرێمە شكست خواردووە حوكمەت یەكسانە بە حیزب... ئەگەر ئەوانەی ئێستا كەڵكەڵەی نوسینی دەستوریان هاتۆتە سەرەوە بۆچی٣٠ ساڵە بیریان لێنەكردۆتەوە، ئەوسا چەند كەسێكی شارەزا و خەمخۆر داوای نوسینی دەستوریان كرد بەڵام وەڵامیان نەدرایەوە، بۆیە منیش دەڵێم (ئەم ماستە هەزار موی تیایە).

دوای٣٠ ساڵ ستەمكاری و دزینی قووتی خەڵك لەترسی لەناو چوونی خێروبێریان لەدزی و تاڵانكردن ئێستا بەنیازن شەرعیەت بدەن بەمانەوە یان بۆ نووسینی دەستوری هەڵكردن بەوەش دەیانەوێ٣٠ ساڵی تر خەڵكی بەشمەینەتی كوردستانی عێراق لەخشتەببەن ئەگینا ئەو حیزب و دەسەڵاتدارانە تاڵەمووێك ناچێتە بەینیان لەدزین و گەندەڵی یەكتری كۆكن دەی ئەو دەستورەی كەئێستا باسی لێوە دەكەن بۆ كێی دەنوسن تۆ بڵێی داهاتە دزراوە كەدزێكی گەورە تری داهێناوە تەنانەت حیزبە بچووكەكانیش تریشیان لەهەناوی نیشتووە نەبادا ئەو حیزبە ئینفیراد بەدەسەڵات بكا ریسیان بكا بەخوری ئەگینا هەڵكردن لەگەڵ كێ .. بەكوردی و پەتی ولاتێكی وێران لەمافەكانی مرۆڤ دەستوری بۆ چییە بیگومان ئیستە كورد وەك ئەوە وایە لەدەرەوەی شارستانیەت بێت ...كەواتەدەستووری چی 

ئەگەر بەرپرسان و سەرۆك و حكومەت و كاربەدەستانی وڵات واز لەكلتوری ناشرینی خۆشاردنەوە بهێنن و دەربكەون و چاویان بەخەڵكی وڵات بكەوێت، بێگومان ئەوسا شتێك لەژێر ناوی خۆپیشاندان و ناڕەزایەتی و ئاپۆرای شەقام لەوڵاتدا نامێنێت.
لای هەمووان ڕوون و ئاشكرایە بەهۆی دزی و گەندەڵی حیزبەكانی دەسەڵاتداری هەرێمی كوردستانی عێراق شكستیان لە بەڕێوەبردنی وڵات و پشك پشكێنە و بەرژەوەندی حیزبی و شەخسی ، ڕۆژ بە رۆژ گوزەرانی هاوڵاتیان خراپتر دەبێت و دەسەڵاتیش لە لوتكەی بێ باكیدایە لە چارەسەركردنی قەیرانەكان ، ئەمەش ژیانی هاوڵاتیانی ڕووبەڕووی مەترسی جدی كردۆتەوە ئەوانەی نەوت‌و غازو بازاڕیان داگیركردوە، لە كوردستان و عێراق دەتوانن پارەی چەندین مانگ بۆ موچەو پێداویستی وڵات فەراهەمبكەن. 

ئاخۆ لەوڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا لەلایەن هەژمون و پێگەی دنیای سەرمایەداریەوە،ڕێگە دەدرێت بەدەستورێك كە جیاكردنەوەی ئاین لە دەوڵەت؟ ئاخۆ ئەو چینە دەسەڵاتدارەی لەمێژووی وڵاتانی ڕۆژهەڵاتدا بونیان هەیە،كامیان توانیویانە ئەزمون لەمێژوو وەربگرن و خۆیان وەك ئەوانی پێش خۆیان دوبارە نەكەنەوە؟ چونكە كۆی مێژووی ئەو دەسەڵاتدارێتیانە پڕاوپڕ لەمێژووی خوێن و بەخوێن ڕشتن دێن و بەخوێنڕشتنیشیان كورسی دەسەڵات بەجێ دەهێڵن. بێگومان بۆ وەرچەرخانێكی مەزن،تەنها شۆڕشێكی كۆمەڵایەتی وای پێویستە كە هاوشانی پێگەی قۆناغەكە بێت.