چاڤی دەتوانێت قۆناغێكی نوێ دەست پێ بكات؟

7 مانگ پێش ئێستا

زەردەشت عوسمان
١ 
هەندێ كەسایەتی هەیە ناوەكەیان بەسە بۆ ئەوەی بزانیت كێیە و چی كردوە. چاڤی دوایی وازهێنانی لە یارییە نێودەوڵەتیەكان،دلبۆسكی ڕاهێنەری پێشووی ئیسپانێا ووتی( ئەو بەشێكی گرنگی شێوازی یاریكردنی تیپەكە بوو، گرنگی زۆری هەبوو بۆمان تەنانەت بۆ سەر خودی ڕاهێنەر. ئێمە ئەومان لە دەستدا لە ناو یاریگا و دەرەوەی یاریگا. شایستەی ڕێزێكی گەورەییە لەسەر ئاستی كەسی و ژێانی یاریكردنی. چاڤی خاوەن ڕێزێكی مەزنە لایەن یاریزان، دەستەی ڕاهێنەران، یەكێتی تۆپی پێی ئیسپانیا، تەنانەت لای شەخسی منیش ). 
ئەم شاهیدییە، هاوشان لەگەڵ ژیانی پیشەگەری چاڤی سەلمێنەری ئەوەن كە خاوەن كەسایتیەكی بەرز و بەهێزە. ئەمەش بۆ ڕاهێنەر هاوشانی شارەزایی و  زیرەكی زۆر گرنگە. 
٢ 
چاڤی دەتوانێ سود لە كار و ئەزموونی گواردیۆلا وەربگرێ كە پێشتر لە بەرشەلۆنە ئەنجامیدا. ابراهیمۆڤیچ دەڵێت كاتێك ڕۆشتمە بەرشلۆنە شۆك بووم، ئەو هەموو ئەستێرە وەك قوتابی سەرەتایی هەڵسوكەوتیان دەكرد، هەموو شتێك ڕێك پێك و لە شوێنی خۆیی بوو، ئێمە لە ئیتالیا بەو شێوە نەبووین . 
دۆخی ئێستایی بەرشەلۆنە لە هەندێ ڕوو لەو كاتە دەچێت كە گواردیۆلا جێگەی ڕیكاردی گرتەوە، هەموو شتێك شێوابوو. گواردێۆلا شێواز و كاتی كاركردنی گۆڕی، بۆ نموونە بە ئامانجی خواردنێكی تەندروست و دروستكردنی پەیوەندی بەهێز لە نێوان یاریزانەكان، بڕیاریدا نانی بەیانی و نیوەڕۆ پێكەوە بخۆن و لە یانەكە بۆیان ئامادەبكرێت. ئێستاش چاڤی بریایداوە هەمان شت بكات. پابەندبوون، جدیەت، دریژكردنەوەی كاتی كاركردن، یەكێكی ترە لە ستراتیژەكانی كاركردنی چاڤی. دەببێت یاریزانەكان یەك سەعات و نیو پێش ڕاهێنان ئامادەبن، دەستەی ڕاهێنەران پێش دووكاتژمێر. پێشتر لە بەرشەلۆنە ماوەی كاكردن كەم بووە. بۆ نموونە یەكێكی تر لە كارە نوێیەكان، چاودێرێ كردنی كێشی یاریزانەكانە، تۆماركردنی ڕۆژانە، بە درێژایی وەرزەكە، لەدوایی نەمانی لویس ئینركی ئەمە لە یانەكە نەماوە، ئێستا چاڤی كاری پیدەكاتەوە. ئەمانە دەكرێ گۆڕانكاری لە تیپ دروست بكەن. كاریگەریان دەبێت لەسەر ئاستی یاریزان. 
٣ 
بوونی چالاكی بە كۆمەڵ پێویستیە.چافی پێی وایە دەبێت ژووری خۆگۆڕین بناغەیەكی هەبێت، ئەگەر وانەكەین كارەكان خراپ دەڕوات. یارێزانەكان لەژێر فشارن، لە ڕووی دەروونی كاتێكی قورس تێدەپەڕێنن. دەبێت گرنگیان پێبدەین، قسەیان لەگەڵ بكەین، گرفتەكانیان چارەسەربكەین، جا ئەو گرفتانە  كەسی بن یان پیشەی. 
٤ 
چارەسەكردنی گرفتی پێكان و شێوازی چارەسەركردن، دەبێتە كاری لە پێشینەی چاڤی . سەرەتا گۆڕانكاری لە دەستەی پزیشكی كرد. چونكە پێكانەكان زۆر زۆرە. ڕاهێنانی تایبەت و دانانی پرۆگرامی خۆراكی، گرنگی هەیە بۆ كەم بوونەوەی پێكانەكان. میسی پێش هاتنی گواردیۆلا پێكانی زۆر بوو. بەڵام دواتر بە گۆڕانكاری لە بەرنامەی خواردن و بوونی راهێنەرێكی تایبەت بۆ چاودێری كردن، دۆخەكە زۆر گۆڕا. بە جۆرێك لەدوایی كاركردنی گواردێۆلا میسی پێكان و دوركەوتنەوەی لە یاریگاكان زۆر كەم بووە، ئەو چوارساڵەی گواردێولا ڕاهێنەر بوو میسی یەكجار تووشی پێكان بوو تەنها ١٠ ڕۆژ لە یاریكردن دابڕا. جارێك دوایی گەڕانەوەی لە پێكان بە شیوەی یەدەگ بەشداری كرد، ڕاهێنەرە تایبەتەكەی ئامۆژگاری دەكات چۆن یاری بكات، شێوازی ڕاكردنیشی بۆ دیاری دەكات.
٥ 
لاوازی توانایی جەستەی، یەكێكی ترە لە خاڵە لاوازەكانی یانەی بەرشەلۆنە. ئەم گرفتە بەڕوونی دیارە ، بەتایبەت لەو یارییانەی تیپی بەرامبەر بەهێزن، ڕییمی یارییان خێرایە. ئەم گرفتە ئەوەندە جدییە یانەی بەرشلۆنە بە تەواوی بگاتە ئەو بڕوایەیی، هۆكاری ئەنجامە خراپەكان، لەخولی یانە پاڵەوانەكان، بەهۆیی لاوازی توانایی جەستەیە تیپەكەیە بەگشتی . هەر لەبەر ئەمە ئێستا چافی ڕاهێنانەكانی چڕكردۆتەوە، لە هەفتەیەك چەندین ڕۆژ تیپەكە بەشەوانیش ڕاهێنان دەكەن. بۆ نموونە ڕۆژی شەمە سەر لەبەیانی ڕاهێنان دەكەن، شەوی هەمان ڕۆژ بەرامبەر ئیسپانیۆل یاری دەكەن. ڕۆژی یەك شەمە سەر لەبەیانی ڕاهێنان دەكەن. 
٦ 
بەرنگارییەكی تر بۆ چاڤی، ئاستی خراپ و ناجێگیری ( دیۆنگ )ە لە هێڵی ناوەڕاست، لەوەكاتەوەی هاتۆتە بەرشەلۆنە نەیتوانیوە لەئاست چاوەڕوانیەكان بێت. ئەم یاریزانە بە گرێبەسیێكی گەورە هاتۆتە ئەم یانە. لەگەڵ چەند ڕاهێنەرێك یاریكردوە،  بەردەوام بە سەرەكی یاریدەكات، كەچی وەك ئاست تا ئێستا نەیتوانیوە ئەسترەی تیپەكەی بێت، یاریزانەكانی تر تێپەڕێنێ. ڕاهێنەرایەتی چاڤی دوا هەلە بۆ دیۆنگ كە ئایا ئەم یاریزانە ئاستی هەر ئەوەندەیە و بەرشلۆنە چاوەڕێی زیاتری لێدەكات؟ یان ڕاهێنەر دەتوانێ گۆڕانكاری لە ڕۆڵ و ئاستی بكات؟ 
٧ 
هاتنی چاڤی جیاوازە لە وانی تر، ئەتوانێ ئەنجامەكان ڕاست بكاتەوە. كیكی ستین و ڕۆناڵد كۆمان كاتێك هاتن، یانەكە لەڕووی ئیدارەوە سەقامگیر نەبوو، دۆخەكە هی ئەو نەبوو پرۆژەیان هەبێ كاری لەسەربكەن. ئێستا جیاوازترە بەرشلۆنە لە ڕووی كارگێڕی سەقامگیرترە. بۆ دۆخی هاوشێوەی بەرشلۆنە گرنگە ڕاهێنەر پەیوەندی بەهێزی هەبێ لەگەڵ یاریزانان. چاڤی پەیوەندی ڕۆحی لەگەڵ چەند یاریزانێكی پێكهاتەكەی هەیە، چونكە پێكەوە یارییان كردوە، خاوەنی سەردەمی زێڕینی یانەكەن. یاریزانەكان بەگشتی پێیان وایە لەگەڵ چاڤی بەرەو پێش دەچن.
٨ 
سەرەڕایی هەموو خراپیەكان. بەرشەلۆنە گۆڵپارێزەكەشی زۆر خراپە. شتیگن بووەتە خاڵیێكی لاوازی زەق لە تیپەكە، بەئاسانی گۆڵی لێدەكرێ، حەماسی نیە، توانایی بەرنگاری نیە. قسەیەك دەكرێ كە بەرشلۆنە هەمووی خراپە و بەرگری لاوازە، بۆیە شتیگن ئاوایە. بەڵام گۆڵپاریز بە تەنها خۆیی دەتوانێ فریادرەس بێت، ئەمە پەیوەندی نیە بەباش و خراپی تیپ. یانەی چێڵسی یەكێكە لە باشترین تیپەكانی جیهان لە ئێستا، پێكهاتەیەكی زۆرباشی هەیە بێ كەموكورتیە. لەگەڵ هاتنی مێندی گۆڵپارێز ئەنجامەكانی یانەكە بە تەواوی گۆڕا. باشە ئەم پێكهاتە باشە بۆ نەیتوانی لەگەڵ كیپای خراپ وەك ئێستا ئەنجامی باش بنوسنەوە؟ یان مانوێل نویەر، كۆرتوا، لە چەندین یاری گرنگ ڕزگاركەر بوون. 
چاڤی بەبێ چارەی گرفتی گۆڵپارێز لە بەرشلۆنە، هەنگاوەكانی تری سود و كاریگەری گەورە دروست ناكات. 
٩
بۆ ئێستایی بەرشلۆنە، پێكەوەی، ڕۆحیەت، باش بوون لە ڕووی دەروونی. ئەمانە ئیجابیاتی دەبێت. چاڤی لەسەر ئەمانە كاردەكات.