پاشقول،تۆمە، عێراقچی، ژەهر، شوێنگر

20/11/2021

هاوكار محەمەد
مەلا بەختیار لەتەمەنی سیاسی خۆی، بەبیرم بێت یەكجار شوێنگرەوە بووە، هیچ كات بەدوای شوێنی كەسەوە نەبووە، نەشوێنی هەڤاڵەكانی نەشوێنی نەیارەكانی.
كاتێك شۆڕشی ئەیلول شكست ئەهێنێ و گۆڕەپانەكە چۆڵ دەكرێت، بەبێ ڕەزامەندی و داواكاری كەس شوێنی ئەو كەسانە دەگرێتەوە كە مەیدانی خەبات و شۆڕشیان چۆڵ كرد، تاكە حەز و هەوڵی مەلابەختیار ڕەنگە هەر ئەوەبوبێت، ئەوەش لەپێناو شۆڕش و دۆزی ڕەوای گەلەكەی بوو، چونكە ئەگەر پاڵنەرێكی نەتەوەیی نەبێ، كێ هەوڵ دەدات كوچەو كۆڵانی شارەكەی و هاوڕێكانی بگۆڕێتەوە بە ئەشكەوت و بن بەردی شاخە سەختەكان؟
وەختێ لەسەرەتای سەرپێخستنی كۆمەڵەی ڕەنجدەران و شۆڕشی نوێدا، ئارامی نەمر، شەهید ئەبێ و شیهاب و هاوڕێكانی لەگۆڕەپانەكە نامێنن، تاكە كەسێك شایستەی شوێنگرەەی ئارام بوو، مەلابەختیار بوو، بەڵام هەوڵی شوێنەكەی نادات و كاك نەوشیروان دەچێتە سەر ئەو سفرەی كە مەلابەختیار و ئارام و شیهاب ڕایانخستبوو!
كەواتە هەر لەتەمەنی بیست و پێنج ساڵیدا شوێنگرتنەوەی هیچ هاوڕێیەكی شەهیدیشی بەڕەوا نەزانیووە، چ جای كاك كۆسرەت كەخۆشبەختانە زیندووە!
مەلا بەختیار ساڵی 1978 هەوڵی شوێنگرتنەوە ئارام نادات، كەچی ئەوانەی بەناڕەوا باز بەسەریدا ئەدەن، بەوەشەوە ڕاناوەستن بەڵكو پاشقولی لێدەدەن، ئەمما پاشقوڵی چروك، كەتۆزقاڵێكیش نایلەرزنن!
پاشقوڵ نایخات، چەكی دووەمی بەرهەڵستكارانی بریتی دەبێ لە تۆمەت، بەڵام تۆمەتی بێ بنەما هیچی لێ ناڕوێ، كاروانی بەردەوامی مەلا، كارتی تۆمەت دەپروزێنێ!
عێراقچێتی لەناوەڕاستی هەشتاكان تۆمەتی زەقی نەیارانێتی دژی مەلا، بەڵام دوای نزیكەی دوو دەیە، ئەوانەی پێشتر ئەم تۆمەتەیان دەدایە پاڵ مەلابەختیار، وەك نەبایان دیبێ نەباران، پۆستەكانی حكومەتی تازەی عێراقیان بەسەر نزیكەكانیاندا دابەشكرد!
ئاخر خۆ ئەستەمە بچێتە عەقڵی سەلیمەوە كەسێك عێراقچی بێت و بەعسییەكانی حوكمڕانی ئەو عێراقە چەندجارێك هەوڵی لەناوبردنی بدەن، بەڵام كوردچییەكان، بەئارامی لێی بخەون!
دوایین جار، نەیاران ژەهرە فرێشەكەشیان بەجەستەی مەلادا ڕشت، ئەو هەرنەكەوت..
ئێستا بالۆنەكەیان بۆ دروستكرنی درز گۆڕیوە، گوایە مەلا، لەچوارچێوەی پلان و پیلانێكدا هەوڵی شوێنگرتنەوی كۆسرەت ڕەسوڵی هاوڕێ زیندووەكەی دەدات!
دیسان هەر خەیاڵ و عەقڵی ناحەزانە، جێگەی ئەم بالۆرە نوێیەی تێدا ببێتەوە، چونكە نە ئاستی دۆستایەتی كۆسرەت ڕەسول و مەلا بەختیار جێگەی ئەم تۆمەتەی تێدا ئەبێتەوە، نە پۆستەكەی كاك كۆسرەتیش خەونی مەلا بەختیارە.
ئاخر خۆ ئەمجارەش دەڵێم ئەستەمە كەسێك هەوڵی سكرتێری كۆمەڵەی نەدابێ كەحەقی خۆی بووە، بەڵام هەوڵی پۆستێك بدات كە ڕوبعێكی سكرتاریەتی ئەوكاتەی كۆمەڵە مەرغوب نەبووە!
مەلا بەختیار لەدوای كامیانەوە هاتووە تاهەوڵی شوێنیان بدات، ئەگونجێ كەسی نوێ هەوڵی شوێنی كەسی كۆن بدات، بەڵام ناگونجێ من هەوڵی شوێنی ئەوانە بدەم عەیامێك دوای من بێنە دنیاوە!
بەڕونكردنەوەیەكی مەسئولانە پەردەی لەسەر ئەم بالۆرە نوێیەش دادایەوە، بابزانین تۆمەتی داهاتوو دەیانگەیەنێتە كوێ؟