لەنێوان رۆمان و فیلمدا

20/11/2021

گۆران رەسوڵ
ساڵی ٢٠١٢ وتارێكم بە ناونیشانی "لە نێوان رۆمان و فیلمدا" بڵاوكردەوە، كە تێیدا بەشێوەیەكی گشتی بەراوردی نێوان دونیای ڕۆمان و فیلمم كردبوو. هەر لەم وتارەدا باسم لەو ڕۆمانانە كرد كە كراونەتە فیلم، كە دواتر لە ساڵی ٢٠١٦ بەشێكی ترم هەر لەسەر ئەم بابەتە بە ناونیشانی "كتێب لە سەردەمی شاشە گەورەكاندا" نووسی. 

بەشێك لەو وتارانە سەرنجدان بوو لەسەر جیاوازییەكانی ڕۆمان و فیلم لەلای وەرگر (خوێنەر و بینەر). كە بەبڕوای من یەكێك لە خاڵە گرینگەكان كە بەهای زیاتر دەبەخشێتە بە ڕۆمان و بە خوێندنەوەی ڕۆمان ئەوەیە كە خوێنەر لە بیر و ڕوانگەی خۆیەوە دیمەنەكان لەناو خەیاڵی خۆیدا دروست دەكات. بەڵام بینەران دەكەونە ژێر یەك ڕوانگە و بینینی دەرهێنەر یان پڕۆدیوسەر بۆ گواستنەوەی دیمەنێكی ناو ڕۆمانێك بۆ ناو سینەما. بۆ نموونە هەر خوێنەرێك لە كاتی خوێندنەوەی چەند ڕستەی ڕۆمانێك دەربارەی خانوویەكی ڕووخاوو خۆی وێنەی جۆری شكانی دەرگە و وردبوونی پەنجەرە و داڕمانی دیوارەكانی دەكات. بەڵام هەمان ئەم دیمەنە كە دەكرێتە فیلم، خوێنەران كە دەچنە پێگەی بینەرەوە، هەموویان ڕوانینی دەرهێنەر/پرۆدیوسەری فیلمەكە لە چۆنییەتی شكان و وردبوون و داڕمانی ئەم شتانە دەبینن. 

فیلمی (The Guilty) كە لە ساڵی ٢٠٢١ بەرهەمهاتووە و بڵاوكراوەتەوە، ئەگەرچی لە هیچ ڕۆمانێكەوە وەرنەگیراوە، بەلام شتێكی ترمان لەم نێوانەدا پێدەڵێت. ئەم فیلمە باسی چەند كاتژمێرێكی كاركردنی پۆلیسێكی دێسكی فریاكەوتن ٩١١ دەكات، لەو كاتەی كە وەڵامی تەلەفۆنی ژنێك دەداتەوە كە ڕفێندراوە. تەواوی فیلمەكە سەرەڕای پیشاندانی دیمەنی سینەمایی، لە هەمان كاتدا، وەك ئەوەی كەسێك چیرۆكێكت بۆ بگێڕێتەوە، بینەر ناچار دەبێ خۆی ڕووداوە گرینگەكانی ناو فیلمەدا لە خەیاڵی خۆیدا دروست بكات. چونكە ئەوەی بە درێژایی فیلمەكە ڕوو دەدات لە ڕێگەی قسەكردنی چەند كەسێكەوەیە بە تەلەفۆن و ڕووداوەكانی ڕفاندن و گرتن و لێدان و هەڕەشەكردن پیشان نادرێن، بەڵكو تۆی بینەر دەبێ لە خەیاڵی خۆتدا وێنای ئەم شتانە بكەیت. 

وەك هەمیشە جەیك یلنهۆل زۆر ناوازە و تایبەت ڕۆڵ لەم فیلمەدا دەگێڕێت، كە ڕەنگە ئەم ئاكتینگە پێویستە بۆ فیلمێكی لەم جۆرە هەر بەو بكرێت. ئەم فیلمە لەژێر كاریگەری فیلمێكی دانیماركی بە هەمان ناونیشان بەرهەم هاتووە.