چۆن خۆمان بپارێزین لە زیادبوونی ئازاری ماسولكە و جومگە، لەكاتی سەرما و زستاندا؟

20/11/2021

د. هەڤین كەمال شاه
١- پێویستە جلوبەرگی زیاتر لەبەربكەیت و خۆت گەرم داپۆشیت بەتایبەتی ئەو شوێنانەی كە ئازاریان تیادایە، بۆ نموونە : ئەگەر سەرئێشەت لەگەڵ بوو باشترە لەوەرزی زستاندا كڵاو یان لەچك بەكار بێنیت، وەئەو جومگانەی ئازاریان تیادایە بە باندج بیبەستە . 
٢- لەكاتی سەرما و بەفری زۆردا، كاتێكی زۆر لە دەرەوە مەمێنەرەوە، هەوڵ دە لە ڕۆژی ساردا زیاتر لەژوورەوە كاتەكانت بەسەر بەریت ئەگەر گونجاو بوو . 
٣- بەیانیان پێش هەستان لە جێگاكەت بە ٢ كاژێر، ژوورەكەت زیاتر گەرمكە . وە هەروەها پێش چوونە ناو ئۆتۆمبێلەوە ناو ئۆتۆمبێلەكەت گەرمبكە بە نیو كاژێر، بۆ ئەوەی ئازار لە سەرەتایی ڕۆژەكەوە دەست پێنەكات. 
٤- هەوڵ دە هەمیشە لەجووڵەدا بیت، لەناو جێگاكەدا مەمێنەرەوە بۆ ماوەیەكی زۆر، بۆئەوەی جومگەكانت ڕەق و سست نەبن . هەروەها وەرزشیش بە ڕێكی و ڕۆژانە كاریگەریەكی زۆری هەیە لەسەر چەوركردنی جومگەكان بە شلەی نێوان جومگەكان و كەمكردنەوەی ئازار . 
٥- ئەو خۆراكانە بخۆ كە دژە هەوكردن و دژە ئازاریان تیادایە وەكو : زەنجەفیل، بیبەری توونی سوور، زەردەچەوە، نەعنا، زەیتی زەیتون، برۆكۆلی، سیر، پیاز، شیلك، بێرییەكان (گۆڵدن بێری، بلو بێری، گێلاس، توتڕك) شیرەمەنیەكان كە ڕێژەی ڤیتامین دی و كالسێومیان زۆرە، هەروەها چەرەزات كە ڕێژەی ئۆمێگا سێیان زۆرە . 
٦- دووركەوەرەوە لەخواردنی فاست فود و موعەلەب كە ماددەی حافزەی تیادایە و نایترایتی تیادایە بەڕێژەیەكی زۆر. 
٧- خۆت دووربگرە لەووشكبوونەوە، ئەویش بە خواردنەوەی بڕی تەواوی ئاو لەڕۆژەكەدا، بەلایەنی كەمەوە دەبێت لەڕۆژێكدا ١٢ پەرداخ ئاو بخۆیت . وشكبوونەوە كاریگەریەكی زۆری هەیە لەسەر دروستبوونی ئازار . 
٨- دووركەوەرە لەخواردنەوەی چا، یاخود قاوە بەڕێژەیەكی زۆر، لەڕۆژێكدا تەنیا ٣كوپ قاوە و ٥ پێاڵە چا دەتوانیت بخۆیت لەبەر ئەو كافایینەی كەلەناویدا هەیە و بەڕێژەیەكی زۆر ئازار دروست دەكات، باشترە بیكەیت بەو خواردنەوە گەرمانەی دژە هەوكردنیان تیادایە وەكو چای سەوز، چای گوڵە بەیبوون، چای دارچینی 
٩- دەتوانیت لەكاتی بوونی ئازار ڤیتامین دی و كالسێۆم بە شێوەی حەب و سەپلیمێنت بەكاربێنیت، چونكە لەوەرزی زستاندا خۆر كەمە و ئاساییە مرۆڤ تووشی كەمی ڤیتامین دی ببێت . 
١٠- ئاگاداری كێشت بە و مەهێڵە بە هیچ شێوەیەك كێشت زیاد بكات . 
لەكاتی دروستبوونی ئازار بەهۆی سەرماوە چیبكەم باشە ؟؟ 
١- پێویستە پێش هەموو شتێك خۆت گەرمبكەیتەوە، دەتوانیت حەمامێكی گەرم بكەیت یاخود شاوەرێكی گەرم، یان ئەگەر ساونا بەردەست بێت . هەر نەبوو دەتوانیت پاكی گەرم یان جەوەنەی گەرم بەكاربێنیت . 
٢- دەتوانیت مەساج بكەیت بۆ شوێنی ئازارەكە، بە شێوەیەكی بازنەی . 
٣- دەتوانیت ئەو كرێمانە بەكاربێنیت كە گەرمكەرەوەن، بۆ نموونە كرێمی بیبەری توونی سوور، كە ماددەی كاپسەسینی تیادایە، یاخود زەیتی زەنجەفیل، جێلی گوڵە ئەرنێكا، ئەمانە هەمووی ئازار كەمدەكەنەوە . 
٤- دەتوانیت دەرمانی ئازارشكێن و ماسولكە خاوكەرەوە بەكاربێنیت . 
٥- لەكاتی ئازاری زۆردا، كە بەئازار شكێن كۆنتڕۆڵ نابێت، دەتوانیت دەرزی ئاژەنین و ئامێری شۆك وەیڤ یان تێنس بەكاربهێنرێت بۆ خاوكردنەوەی خاڵی ئازار لەلەشدا . 


پرۆفایل:
د. هەڤین كەمال شاه محمد
پسپۆڕ لە زانستی ئازار و بەنج
ئەندامی پڕۆڤیشناڵی ئەكادیمیایی ئەمریكی بۆ ئازار شكاندن