ئەكرێت بەخۆمان بڵێین هەڵەبووم؟

21/11/2021

تەوار شێخ عوسمان
مەرج نییە زیرەك بیت، جوانبیت، دەوڵەمەندبیت، ناسراوبیت تەواو تۆ كەسێكی سەركەوتوو پەسەند كراویت لەلای كۆمەلگا، خۆشەویست و سوود بەخش بە وەك مرۆڤ وەك ئەوەی كەهەیت كە ناخت چۆنە .
كەسە ترسنۆك و ناخ پیسەكان هەمیشە ئەیانەوێت ئازاری ئەو مرۆڤانە بددەن كە خۆیانن كە ئامانجیان نییە ناوبانگ پەیدا بكەن لەو كارانەی بۆ خزمەتی مرۆڤایەتی و ژینگەكەی ئەنجامی ئەدەن.

من خۆم زۆرینەی كات خەیاڵ ئەمباتەوە بۆ ئەودنیایەی كە خۆم بۆخۆمم دروست كردوە كە لە دنیای مرۆڤەكانی تر ناچێت،دنیایەك كە مرۆڤە چەوت ودڵ ڕەقەكانی تیادانی یە بەڵام كە دێمەوە ئەم جیهانە تێ ئەگەم دڵپاكی و باشی بۆ ئەم سەردەمەی ئێستا جێی نابێتەوە بە گەمژەت لەقەڵەم ئەدەن هەرچەند خۆم ئەڵێم ئەوە كەی گرنگە گەمژەكان، دەروون نەخۆشەكان چۆن شیكارم بۆ بكەن.

هەرگیز نامەوێت ببمە باشترین بۆی خەڵكی ناوم ببیستێت ئەمەوێت باشترینەكانم پێشكەش بكەم بۆ ئەوەی سودیان هەبێت نەوەیەكی تەندروست  پێشكەش بەكۆمەلگا بكەم دوور لە رق و جیاوازی ڕەگەز و ئاین.
گرنگە هەمیشە ئەوە بیرخۆم بخەمەوە كە سوپاسی هەموو ئەوانە بكەم كە بە ژیانمدا ڕۆیشتوون لە باش و خراپەكان، ئەو دوانە هەردووكیان بەرەنگارت ئەبنەوە هەردووكیان وات لێ ئەكەن كە بێزار بیت، هەردووكیان ئەزموونت پێ ئەبەخشن، ئەتگرێنن زەردەخەنەت پێ ئەبەخشن، دڵتەنگت ئەكەن، نائومێدو لەهەمان كاتیشدا بەختیارت ئەكەن دوا جار هەردووكیانت خۆش دەوێت، بەلام هەریەكەو بەشێوەی خۆی بێ ئەوەی بتەوێت تۆڵە لە خراپە بكەیتەوە كاتێك تۆ ئەو ڕۆحی ڕق و تۆڵەیەت بۆ دروست ئەبێت ئەوە بزانە هیچت سەوز نەكردووە لە چاكە ئەگەر رۆحی سزا لە ناخت دا نەمردبێت.

هەلبەت منیش وەك هەمووان هەڵەم هەبووە حەزم كردووە تۆڵەبكەمەوە لەڕابردوولە كاتێكدا كە ئەم مرۆڤەی ئێستا نەبووم بەلام چاو خشاندنەوە بە ئەزموونەكان ئەگەینە ئەوەی بۆ كەسێك كێشەی لەگەڵ من هەبێت ئەبێت منیش كێشەم هەبێت لەگەڵی؟ 

ڕەنگە ئەوە راست نەبێت بلێم كاریگەر نابم چونكم مرۆڤم بەلام هەر زوو خۆم بیری خۆمی ئەخەمەوە ئەگەر منیش وەك تۆ، ئەو، ئەوان ئاوا بیر بكەمەوە كەواتە هیچ ئامانجێكی خۆشەویستیم لە فەرهەنگمدا نەبووە.

ئەزموون زۆر گرنگە، هەمیشە ئێمە خوێندكارین و رۆژانە تاقیكردنەوەكان چاوەرێمانن، زۆر سەیری ئەوانە ناكەم چۆن سەركەوتوو بوون بەلكوو ئەبێ بپرسین لەوانەی كە شكستیان هێناوە بۆ ئەوەی بزانین بۆچی شكستیان هێناوە؟!
تەمەن، كات دوو دەرفەتی باشن بۆ ئەوەی بتوانین پیادا چوونەوە بە ئەندێشە و تواناكانمان بكەین، هەموو تاڵە سپی و چرچەكانی روخسارمان ئەزموونێكی باشن بۆ ئێستا و ئایندە.