تونێلێك بۆ ژینگە و ژیان

22/11/2021

هێژا دڵشاد
"پاراستنی ژینگە، پاراستنی ژیانی داهاتوومانە". ئەمە نوسینی من بوو لەسەر پارچە كارتۆنێك دەربارەی پڕۆژەی (تونێلی هوشیاری لەسەر گوڕانكارییەكانی كەش و هەوا) نوسیم. 
هەفتەی رابردوو لەسەر بانگهێشتی هاوڕێیەكم سەردانی زانكۆی سلێمانیم كرد بەمەبەستی لەنزیكەوە بینینی پڕۆژەی ( تونێلی هوشیاری لەسەر گوڕانكارییەكانی كەش و هەوا).
چالاكییەكە لە كەمپی نوێی زانكۆی سلێمانی، لەلایەن بەشێك لە  مامۆستایانی دەستەی كوردستانی بۆ دیراساتی ستراتیژی و تویژینەوەی زانستی و ئارت پڵەس و پارێزەرانی ئاوی عیراق -وە پولیك لە خویندكارانی بەشەكانی پەروەردەی تایبەت و فەلسەفە و كیمیا و بایولوجی بەهەماهەنگی زانكۆی سلێمانی و فەند كردنی پروژەكە لەلایەن كونسولخانەی  گشتی ئەڵمانیا لە بەغداد رێكخرابوو، ماوەی سێ‌ رۆژی خایاند، ئامانج لە رێكخستن و دروستكردنی تونێلێك لەپێناو پاراستنی ژینگەی كوردستان و كاركردن بۆ هۆشیاركردنەوەی تاكی كورد بوو.
مامۆستا شنە و ماموستا شاگوڵ و گروپیك لە خوینكارانی بەشەكانی پەروەردەی بنەڕەت و بەشی فەلسەفە و بەشی كیمیا و بایولۆجی لە زانكۆ خۆبەخشانە بەشداری دروسكردنی تونێلەكە بوون. دروستكردنی پڕۆژەكە لە پلاستیكی كوكراوە لەگەڵ كەلوپەلی بەكارھاتوو پێكهاتبوو، كە لە خۆڵ و خشاكی ناو زانكۆ بەكارهێنرابوویەوە، لەناو پڕۆژەكە چەند فۆتۆیەكی تایبەت بە ژینگە و پۆستەری جیاواز لەسەر كارەساتەكانی پیس بونی سروشت نمایش كرابوو، هەروەها بە زمانەكانی كوردی، عەرەبی و ئینگلیزی چەند دروشمێك دەربارەی ژینگە نوسرابوون، لەگەڵ ئەوەش شوێنێك تەرخان كرابوو كە میوانانی پڕۆژەكە راو بۆچونی خۆیان بنوسن.
هەریەك لە بەڕێزان خاتوو شاگوڵ و خاتوو شنە، وەك دوو ئەكادیمی و پسپۆڕ لەو بوارە لەوێ‌ زایاری زۆر وردیان خستەڕوو، لەسەر كشتوكاڵ، پیس بونی ئاو و هەوا، ئاژەڵ، بەرهەمی خۆماڵی، قسە و گفتوگۆ دەكرا. 
لەوێ‌ پیبَشنیاری ئەوە بۆ میوانان دەكرا لەبری بەكارهێنانی دەبەی ئاوی پلاستیكی، بتڵی دۆستی ژینگە بەكاربهێنرێت، كە پێكهاتووە لە تەرمۆزەیەكی بچووك، هەروەها لەبری زەرف و عەلاگە، تورەكەی بچوك بەكاربهێنرێت، بەمەش دەبینە رێگر لە بەشێك لەو پیس بونەی ئەمڕۆ كە لە ژینگەی كوردستان بونی هەیە.
لە ساڵی 2019 كاتی سەردانی توركیام كردەوە، لەوێ‌ بینیم هەموو كەسێك لەكاتی بازاڕ كردن تورەكەیەك یان زیاتری لەگەڵ خۆی پێبوو، پێشتر بەو جۆرە نەمدیبوو، رۆژێك لە بازاڕ كردن بووم، لەكاتی پارەدان كاشێرەكە لێی پرسیم ئایا زەرف و عەلاگەم پێویستە یاخود نا، پاشان پرسیاری ئەوەشی كرد كە كام سایزی عەلاگەم دەوێت، لەبەرئەوەی ئیتر بەكارهێنانی زەرف و عەلاگە كرابوو بە پارە و دەبوو بە پارە كام سایزت دەوێ بیكڕیت، ئەمە پاڵنەرێك بوو بۆ ئەوەی خەڵك لەو وڵاتە هەمیشە لەكاتی بازاڕ كردن، تورەكەی خۆی پێبێت. ئەم بڕیارە بۆ ریگریكردن لە پیس بونی سروشت و ژینگە لەجێی خۆی بوو وە لەلایەن خەڵكەوە پێشوازی لێكرا هیچ كێشە و ناڕازاییەك لەسەری نەبوو. 
 لە چالاكییەكەی بەردەم كتێبخانەی زانكۆی سلێمانی، پڕۆژەكەیان جێی دەسخۆشی بوو، بەوەی تێچوویەكی كەم و كارێكی سەرنجراكێش بوو، تونێلەكە لە دەبەی پلاستیكی و قتوی بەكارهاتووی خۆڵ و خشاكی ناو زانكۆ دروستكرابوون. 
ئەم چالاكییە كاریگەر بوو، لەبەرئەوەی لەبری كۆنفڕانسەكانی ناو هۆڵەكان و تێچوویەكی زۆر لە رووی مادییەوە، لە شوێنێكی مەیدانی وەك كامپوسی زانكۆی سلێمانی بەڕێوەچوو، جگە لە مامۆستایان و خوێندكارانی زانكۆ، لە چین و توێژەكانیتری دەرەوەی زانكۆش سەردانی پڕۆژەكەیان دەكرد.  
رێكخستنی ئەم جۆرە كار و چالاكییانە لەلایەن كەسانی پسپۆڕ و شارەزا و خەم خۆرەوە چەند كارێكی پێویست بێت، ئەوەندەش پیرۆز و جوانە، لێرەوە كارەكانی ئەو بەڕێزانە بەرز دەنرخێنم بێشك كارێكی جوان و لەو پەڕی خەمخۆری خۆیان بوو بۆ ژینگەی كوردستان. 
تەنها سەرنجم لەسەر ئەو چالاكییە ئەوەبوو كە پێویست دەكات ئەم جۆرە چالاكییانە لە پلاتفۆڕمی جیاواز ئەنجامبدرێت، لەبەر ئەوەی پێش هەموو شتێك هوشیاركردنەوەی تاك و دواتر چین و توێژەكانی ناو كۆمەڵگەش پڕۆسەیەكی هێواش و دورودرێژە، لەبەرئەوە پێویستە ئەم جۆر چالاكییانە پڕۆسەیەكی مەودا درێژی هەبێت و بەردەام بێت لە شوێنە مەیدانەكان. ئەوەی باسكرا بەنیازن لە داهاتوویەكی نزیكدا سەردانی چەند خوێندنگەیەك بكەن تەنانەت گەشتێك ساز بكەن بۆ شوێنی مەیدانی بۆ خوێندكاران تاكوو لە نزیكەوە ژینگە و سروشتی ئەو شوێنانە ببینن كە چۆن پیس بووە و روبەرووی كارەسات بۆتەوە.