دەرونی شەڕەنگێزیی، هەر حكومەت و سیستمەكانی پەروەردە و خوێندنی باڵا لێی بەرپرسیارن!

25/11/2021

بارزان شێخ عوسمان 
لەكاتی گرژی و ئاڵۆزیی و پەلاماردانەكانی چەند رۆژی رابردوی سلێمانی و دەوروبەری دا، ژمارەیەك رۆژنامەنوسی دۆست داوای تێڕوانینی بەندەیان كرد، هەندێكیش بە تەوس و پلارەوە بە هەمان شێوە مەرامیان بو بمدوێنن. رێزم لە هەردومەبەستە باشەكە و مەرامە خراپەكەش گرت . 

جارێ پێش هەمووشتێك با بەبیری خۆمانی بێنینەوە، لەماوەی سی ساڵی رابردوی هەرێمی كوردستان و دەیان ساڵی رابڕدوی حكومەتەكانی عێراق بەوەی ئێستاشەوە، هیچ بەرنامە وپلانێك نەبوە و نییە تا كەرتی تایبەت بەو جۆرە گەشە بكات كە ئیتر خەڵك زەڕنەقوتە ئاسا هەر چاوەڕێی حكومەت نەكات پۆ دامەزراندن و دابین كردنی ژیانی، هەر سیستمی بێكاریی روپۆشكراو پەیڕەو كراوە .خوا هەڵناگرێت ئەم حكومەتەی خۆشمان بە هەمان رێچكەدا رۆیشتوە و دەڕوات كە هەر سەرمایەداری خانوبەرە وقاچاخچی بەرهەم بێنێت یەك پرۆژە نابینیت كە ستراتیژیی بێت و خەڵك چیتر هەر چاوەڕێی پاروە نانەكەی حكومەت نەبێت. بە حكومەت و موعاڕەزە و ناڕازییان بۆ كورسیی پەرلەمان و دەسەڵات خەڵكیان كردۆتە ئامڕازێك و هەریەكەیان بۆ مەرامێك بەكاریان دێنن و، بەشێكی خەڵكیان بە شەڕەنگێزیی و جنێو فرۆشیی بەرهەم هێناوە . 

چیرۆكی روداوەكان ناگێڕمەوە و دوبارەیان ناكەمەوە، یەكسەر دێمە سەر مەسەلەكە . گرژیی و ئاڵۆزییەكانی ئەمجارە لە مەسەلەی دەرماڵەی خوێندكارانەوە سەریهەڵدا كە مافێكی سەرەتایی و رەوای خۆیانە، ئیتر بۆچی بۆیان دابین نەكراوە و دواخراوە ئەوە ناهەقییەكی ئاشكرایە و لایەنی پەیوەندیدار لێی بەرپرسیارە . بابەتەكە هەر لێرەدا كۆتایی نایەت و حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستانیش بێ بەرنامە و بێ پلانن نەك هەر لە ئاستی پەروەردە و خوێندنی باڵادا، بەڵكو لە هەمو سێكتەرەكاندا، بۆیە ناڕەزاییەكان تا دێت زیاتر دەبێت، پێ ناچێت وا زوش كۆتاییان بێت . هەر كۆبونەوەیەك دوای چەند خولەكێك دەبێت بە خۆپیشاندان و ئیتر پەلاماردانی خۆپیشاندەران و پۆلیس و هێزی ئەمنیی بەدوادا دێت . 

بەوحوكمەی نەخۆپیشاندەر ئاگاداری رێسا و قانونەكانی خۆپیشاندانە، نە پۆلیسیش هێندە مەشق و وانەی لەبارەی شێوازی مامەڵە كردن لەگەڵ ئەو روداوانەدا وەرگرتوە، بۆیە هەمیشە دۆخەكە ئەبێتە راپەڕین و شەڕی مان و نەمان، بێدەسەڵاتیی و دەستەوەستان و نەبونی رێگە چارە ی لۆجیكیی و لەدەستدانی ئەقڵیش ئەو رەفتارانە بەرهەم دێنێت، بۆیە یەكسەر تەقە و تێهەڵدان و شەڕە جنێو و پێك هەڵپژانی هەڕەمەكی عەشایریی دروست دەبێت، ئیتر كار لەكار دەترازێت و ئەوە رودەدات كە ئیتر ئەبێتە مادەیەكی باش هەم بۆ مەرامی سیاسیی، هەم بۆ مەرامی ئیعلامیی .لەم نێوەشدا هیچ لایەك هێندەی حزبە ئیسلامییەكان و پۆپۆلیستە هاو ئاوازەكانیان قازانج لەم شەڕە ناكەن، بۆیە ئەوانیش زیاتر فو بە ئاگرەكەدا دەكەن خوا خوای زۆرترین كوشتار و خوێنڕشتنیانە. بەداخەوە زیان بەر زۆر شوێنی گشتیی كەوت كە نەدور نە نزیك پەیوەندییان بە مەسەلەكەوە نەبوە، لە هەموی ناخۆشتر بەفیڕۆ چونی ئەو ئاوە زۆربو كە بۆ پاككردنەوەی جادە وبان و شوێنە سوتاوەكان بەكار هێنرا، لە كاتێكدا ناوچەكەمان بۆ تنۆكێ ئاو داماوە.!
 
بە بڕوای بەندە سەبەبكاری ئەو بارودۆخە ی ئەمجارە نەبونی پلانە بۆ سیستمی خوێندن، لە هیچ وڵاتێكی دنیادا هەمو خوێندكاران دواناوەندی (پۆلی دوانزدە) تەواو ناكەن یەكسەر بۆ زانكۆ رەوانە بكرێن، لە كەم وڵاتی پێشكەوتوی جیهاندا ژمارەی دەرچوان و خوێندكارانی زانكۆ هێندەی هەرێمی كوردستانە، لە كاتێكدا ژمارەی دانیشتوانیەكەی هێندەی مەدینە سەورەی بەغدایە . 

لە وڵاتی ئاقڵان مناڵ كە ئەگاتە پۆلی پێنجەمی سەرەتایی ئەزانرێت ئاستەكەی چۆنە، ئایا دەتوانێت بگاتە خوێندنی زانكۆ و سەرو پیشەیی و پەیمانگا، یاخود نا ؟، تا توشی سەرلێشێواوی نەبێت، زۆربەی خوێندكاران لەو رشتە و بەشانە دەخوێنن كە توانایان پێی دەشكێت، بۆیە ژمارەیان لەزانكۆكاندا دیاریكراوە و پلانی بو دانراوە و هەڕەمەكی نییە . ژمارەی خوێندكاری زانكۆی هیچ هەرێمێكی وڵاتێكی پێشكەوتوی دنیا هێندەی ژمارەی پارێزگای سلێمانی نابێت ! .كێشەكە ئەوەیە ئەوانەیشی ناویان قانون داڕێژ و دانەرن لە پەرلەمان، پەروەردەو و دەرهاویشتەی ئەو سیستمە شێرپەنجاویەن بۆیە ناتوانن رێگە چارەیەك دابنێن، ئەوەی ئێستا دەبینرێت لە موزایەدە قسەی زل زیاتر نییە . ئەرێ تەواوی وڵاتێكی وەك نایزەرلاند هێندەی زانكۆكانی ئەم هەرێمە دەرچوی زانكۆ و دكتۆرا و ماستەر و دەرچوی كۆلیژی پزیشكیی تیایە؟! ئەی ئەو هەمو بەناو ڕۆژنامەنوس و دەرچوی راگەیاندنە بۆ ناڵێیت (لەگەڵ رێزی زۆرم بۆ راگەیاندنكارە راستەقینەكان ). 

بە بڕوای من لە جیاتی بیانو هێنانەوە و دروشم بازیی حكومەت و موزایەدەی ئەوەی سوار شەپۆلی ناڕەزاییەكان بوە، بیر لە گۆڕین و چاكردنی بە پلان و بەرنامە بۆ داڕێژراوی تۆكمە و زانستیی بكرێتەوە بۆ ئەوەی ئەو هەڵاوسانەی خوێندكاران و دەرچوانی زانكۆ بنبڕ بكرێت، لەوانە كەمكردنەوەی زانكۆكان لە جیاتی ئەو هەمو زانكۆیە لەسنوری پارێزگای سلێمانی، با كۆلیژەكانی زانكۆی سلێمانی بەسەر ئەو ناوچانەدا دابەش بكرێن كە ناوی زانكۆیان لێ نراوە .دیارە پێویستە گۆڕانكاریی لە سیستمی پەروەردەش لە سەرەتاییەوە بخرێتە ریزی پێشەوە بەو جۆرەی لە زۆربەی وڵاتانی جیهاندا دەبینرێت . دەبێت پسپۆڕان و شارەزایانی بیانیی پرس و راوێژیان پێ بكرێت، هیچ شەرم و نەنگییش نییە كە خۆمان لێی نازانین و رێگە چارەمان پێ نییە !