چۆن لە وتەكانی وەزیری بەرگری توركیا تێبگەین؟

25/11/2021

هێژا دڵشاد
كاتێ‌ وەزیرێكی پلەداری سەربازیی تورك، لێدوانێك لەسەر كورد و كوردستان دەدات، بۆ ئێمەی كورد گرنگە بەوردی لەپشت قسەكانییەوە تێبگەین.
خلوسی ئاكار، وەزیری بەرگری دەوڵەتی توركیا، نكۆڵی لە بونی خاكی كوردستان دەكات  و دەڵێت"لەهیچ شوێنێكی ئەم زەمینە شوێنێك نییە بەناوی كوردستان، تەنانەت لە عیراقیش".
با بگەڕێینەوە بۆ مێژوو، لە دەیەكانی رابردوودا سەرۆككۆمار و سەرۆكوەزیرەكانی توركیا لێدوانی لەو جۆرەیان هەبووە، "نەتەوەی كورد نییە، توركی شاخاوی هەیە". كوردەكان میلەتێك نین ئەوان بە رەچەڵەك توركن" یان وتراوە  "كورد نییە، كوردستان بونی نییە". 
بەڵام ئەم وتەیەی خلوسی ئەكار فۆڕم و ناوەڕۆكی جیاوازترە لەوانەی رابردوو، هەروەها دەشبێت ئاماژە بە سەردەمی ئێستای توركیا و دۆخی توركیا و كورد بكەین.
خلوسی لە سەردەمی نوێی توركیا واتە لە"سەردەمی رێككەوتنی كۆماریی" ئەم قسەیە دەكات، لە كاتێكدا توركیا لە رابردوویەكی نزیكدا فۆڕمێكی فەرمی لەگەڵ كورد و هەرێمی كوردستاندا هەبووە، لەسەرئاستی حكومەت پەیوەندیی لەنێوان ئەنقەرە و هەولێر هەبوو، دوور نەڕۆین لە ساڵی 2005 بەدواوە، حكومەتی ئاك پارتی و خودی رەجەب تەیب ئەردۆغان چەند هەنگاوێكی بۆ دۆسییەی كورد لە باكووری كوردستان و هەروەها ئاسایی بونەوە و دروستكردنی پەیوەندیی لەگەڵ هەرێمی كوردستان لەسەر ئاستی حكومەت نابوو. تەنانەت توركیا بۆ مەرام و بەرژەوەندیی خۆی لەم ساڵانەی دوایی توركیا ئامادەیی زۆر شتی دەربڕی لەوانەش: هەڵكردنی ئاڵای كوردستان لە فڕۆكەخانەكانی توركیا و لە وەزارەتی دەرەوە لە ئۆفیسی ئەنجومەنی وەزیران و لە پرۆتۆكۆڵی سەرۆكوەزیران، هەموو ئەمانە پێشهاتی ئیجابی بوو رەمز و بەهایەكی تایبەتی خۆی هەبوو بۆ پەیوەندیی نێوان هەرێمی كوردستان و توركیا، هەروەها بۆ گەلی كورد بەگشتیی، وادەردەكەوت توركیا بە فەرمی دانی بە قەوارەی كورد هەرێمی كوردستانی عیراق ناوە، لەو چوارچێوەیەشدا بەرپرسانی توركیا لە لێدوانەكانیاندا ناوی هەرێمی كوردستانی عیراق یاخود بەڕێوەبەرێتی خۆجێی كورد لە باكووری عیراق دەبرد، بەڵام ئێستا دۆخەكە جودایە، لەوەش بەدەر سەرۆكوەزیرانی پێشووی توركیا چەندین جار لە میتینگەكانی وتویەتی هەرێمی كوردستانی عیراق هاوپەیمانی ئێمەیە.
ئاكار لەسەردانەكانی پێشووتر بە ئاڵای كوردستانەوە لە هەولێر پێشوازی لێكراوە، كۆمپانیا توركییەكانی نزیك لە دەسەڵاتی ئاك پارتی لەژێر ئاڵای كوردستان رێككەوتنی بازرگانی بەبڕی ملیارەها دۆلار ئیمزا دەكەن. ئەوە پترەی كوردستانە بۆتە راگرتنی ئابوورییەكەی توركیا.
گەڕانەوە بۆ سەردەمی توركیای رابردوو، یان زیهنیەتی دەوڵەتی كەمالیزم سفر كردنەوەی هەموو هەوڵ و هاوكێشە ئیجابییەكان دەچێتە چوارچێوەی سیاسەتی نوێی دەوڵەتی توركیا یاخوود سیاسەتی توركیای سەردەمی "رێككەوتنی كۆماریی" سەردەمی گەڕانەوەی سیاسەتی سوپا، سەردەمی قەدەغە و رێگرییەكان لەسەر كورد بەگشتی نەوەك بە تەنیا كورد لە باكوور و رۆژئاوای كوردستان،ئەوەتا دژایەتی قەوارەی هەرێمی كوردستانیش دەكرێت بە ئاشكرا رەتدەكرێتەوە لەلایەن توركیاوە.
لەهەموو گرنگتر بۆ ئێمەی كورد وتەكانی ئاكار، جارێكیتر پێمان دەڵێت دەوڵەتی تورك بە تەنا كێشەكی لەگەڵ پەكەكە-دا نییە، بەڵكو كێشەی لەگەڵ هەر كیانێكی كورد هەیە لەهەر شوێنێك بێت. واتە ئەو بۆچونە پشتڕاست دەكاتەوە كە تورك نەیاری كوردە.
پێموانییە هێشتا سەركردایەتی كورد لە هەرێمی كوردستان، یان بەشێكی هەرە زۆری حیزبە سیاسییەكان و سەركردەكانی كورد لە باشوور تێگەیشتنی وردیان بۆ سەردەمی رێككەوتنی كۆماریی هەبێت. جێی نیگەرانییە لەپاش وتەكانی وەزیری بەرگری توركیا، حكومەتی هەرێم و سەرۆكایەتییەكانی هەرێمی كوردستان وەڵامێكیان بۆ وتەكانی ئاكار نەبوو، وەك هەموو بێ رێزییەكانیتر بێدەنگییان هەڵبژارد! بە بۆچونی تادێت هەژمونی توركیا لە باشوور زیاتر دەبێت و بەتایبەتیش  لە باشوور و رۆژئاوای كوردستان توركیا هەنگاوی داگیركاریی زیاتر دەنێت.