باڵدار و بێ باڵەكانی دەسەڵات

25/11/2021

دلێر محەمەد نوری
ئەگەر سەردەمانێك دەسەڵاتی كوردی، موڵكی خۆی و زۆرینەی خەڵك بوو، ئەوا ئەمڕۆ بە ناڕەزایی سەر شەقام و بایكۆتی هەڵبژاردن و بە تەزویری پلە نایاب لە سەر ئاستی عێراق بێ، ئەم دەسەڵاتە ١٥٪ یان بڕێك زیاتری كۆی خەڵك خاوەنێتی. ئەم بڕە كەمەی كۆمەڵگاش پێك هاتوون لە  دوو چین:
١/ چینی باڵداری دەسەڵات
كەمینەیەكن لە سەركردە و هاوخەباتەكانی شاخ و هەڵتۆقیوەكانی دوای ڕاپەڕین لە كۆنە جاش و بەعسی و تازە سیاسی. ئەمانە و كوڕ و كچ و نەوەكانی سێیەم و چوارەمیان، چینی باڵدار پێك دەهێنن. ئەمانە پێكەوە ئێستا ڕێبەرایەتی و حكومڕانی ئەكەن. بڕیاردەری شەڕ و ئاشتین. دۆستی هەرچی نەیار و دوژمنە هەن. خاوەن پارە و دەسكەوتی زۆر و زەوەندەن. خاوەنی پەساپۆڕتی ئەوروپی و ئیقامە و ڤیزای بەردەوامن. خاوەن ڤێلا و كۆشك و تەڵار و پارەی نووستوون لە بانكەكاندا و كۆمپانیای زەبەلاحیان هەیە لە دونیادا. خاوەن یەخت و فڕۆكەی تایبەتی ئامادەكراون. هەشن ئەڵێن لە هەندێ جێگەدا، دورگەیان بە تەواوی كڕیوە. بە كورتی و كرمانجی ئەمانە لە چینی باڵداری دەسەڵاتن، لە هەر چركەیەكدا كار لە كار ترازا، لە ماوەی چەند سەعاتێكدا بە خۆیان و كەس و كارەوە دەفڕن بەرەو كەناری ئارامی. لە دونیاشدا هێندە وڵاتی گەندەڵ و هەژار ماوە جێگەی حەوانەوەی ئەم پارەدارە گەندەڵانە بكەنەوە. ئەمانە ئەوانەن كە تا دوا هەناسە شەڕی مانەوەی خۆیان ئەكەن لە دەسەڵاتدا. بەڵام بە ناڕاستەوخۆ لە ڕێگەی چینی بێ باڵی دەسەڵاتەوە، كە لە ژمارە ٢ ڕوونی ئەكەینەوە كێن.

٢/ چینی بێ باڵی دەسەڵات
ئەمانەشیان كە زۆرینەن، تیایاندایە كەسانی ئاسایی و بێ ئازارن، بەڵام كوێلەی مووچە و هەندێ وردە ئیمتییازاتن. پێیان ناكرێ لە بەر خاتری حەسانەوەی ئێستایان لە پاڵ دەسەڵات، دەست لە خزمەتكردنی چینی باڵدار هەڵبگرن. ئەمانە تا بۆیان بكرێت خۆیان لە ئەركی پاراستنی ئاغاكانیان ئەدزنەوە. ئەمانە وەكو هەر كەسێكی دەرەوەی دەسەڵات، هەموو چیرۆكەكان ئەزانن و لە ژێرەوە قێز لە دەسەڵات ئەكەنەوە لە سەریشەوە كارمەندی حزب و حكومەتن. چەكداری حزبی و حكومین، بەڵام بێ هەڵوێستییان لە ترسی نان بڕینە. خۆ بیرتانە چەند لەوانە دەنگیان نەدا بە حزبەكانی خۆشیان. یاخود حزبی دیكە لە ناو ئەو چینە دەنگی هێنا.

بەشێكی دیكەی بێ باڵەكانی دەسەڵات لە سەرمەست و عاشقانی چینی باڵدارن. هەمیشە دار بە دەست و پەنجە لە سەر پیتكەی تفەنگ و ئامادەباشن بۆ پاراستنی چینی باڵدار. ئەمانە بە زۆری هیچ لە بارا نەبوو و ناكەس بەچەن، ئەگەر چینی باڵدار نەبێت، ئەمانە نە نانیان پێ پەیدا دەكرێ و نە شوێنێكیش بۆ حەوانەوە.

چینێكی شاراوەی بێ باڵی بازنەی دەسەڵاتیش، ئەو چینەن كە كار بۆ دەزگا هەواڵگرییەكانی دەسەڵات و حزب ئەكەن. ڕەنگە زۆربەی ئەو كوشتن و تیرۆری بكەرنادیارانەی ناوخۆی حزب و ناو كۆمەڵگا دەستی ڕەشی ئەمانەی لە پشتەوە بێت.

مەبەست لە باڵدار و بێ باڵ چییە؟
مەبەست لەم دەستەواژە نوێیەی دەسەڵات ئەوەیە، كە ئەم چینە خاوەنی توانای مادی و مەعنەوین كە لە لێقەوماندا ئەتوانن بە فڕۆكە، خۆیان و ماڵ و مناڵ و كەس وكاریان بگەیێننە شوێنی ئارام. چینی بێ باڵی دەسەڵاتیش پێچەوانەی ئەمانە بێ توانای مادی و بێ فیزە و بێ ئیقامە و بێ فڕۆكەن، ئەم چینە تەنها پارێزەری دەسەڵاتن و هەتا بەر پەیژەی فڕۆكەكە دەڕۆن و دواتر ئەبن بە ژێر پێی توڕەیی جەماوەرەوە.

جا هەر بۆیە برای پۆلیس و كاكی ئاسایش، خزم و كەس وكارمان لە هێزی چەكداری حزب و هێزی چالاكی مەدەنی. ئەوان باڵدار و ئێوە بێ باڵن، ئەوان پادار و ئێوە بێ پا. خۆتان مەكەن بە سورەی بەر لەشكری ئەوان. خۆتان مەكەن بە سووتەمەنی بۆ ڕزگار كردنی كچ و كوڕ و كورسی ئەوان. ئەوان درێخی ناكەن لەوەی لە هەر چركەیەكدا ئێوە جێبهێڵن بەڵام ئێوە بۆ لە گەڵ گەلی خۆتان نابن و ئەوان جێبهێڵن. لە كوا خۆپیشاندەرتان بینی بچنە ناویان و داوای ئاشتی و ئارامیان لێ بكەن. ئەوانەی ئێوە گازیان بە سەردا دەڕێژن و گوولە پلاستیكیان تێدەگرن، ئەم بەیانییە لە هەمان ئەو كووچە و كۆڵانانەی شارەوە لە گەڵ ئێوەدا هاتنە دەرێ. ڕەنگە ئەم بەیانییە سڵاوتان لە یەكتر كردبێت، ڕەنگە لە سەرەی ناندا پێكەوە نانتان كڕی بێت. ئەوان وەكو ئێوە خەڵكی كووچە وكۆڵانەكانن، هیچیان كۆشك و قەڵا و گردنشین نین.

جا لە خۆی ئاسانتر نیە، لە جێی دار و گاز و گوولە، یەكی چەپكێ گووڵ لە گەڵ خۆتاندا ببەن بۆ خۆپیشاندەر. تۆ بڵێی ئێوە هێندەی سوپا و ئەمن و پۆلیسەكانی میسر هۆشتان نەبێت كە لە گەڵ خۆپیشاندەر لە سێبەری دەبابە و زریپۆشدا، لە گۆڕەپانی تەحریر چا و قاوەیان فڕ ئەكرد. بەمەش هەم ئارامی ئەپارێزن و هەم فشاری ئەوانیش دەگاتە مەبەست.