ئەوكاتەی لە دایكبوونی ئومێد دەبینین لە دۆخی نائومێدی

25/11/2021

هیوا عومەر
چەند تێبینییەكی كورتە لەبارەی خۆپیشاندانی خوێندكارانەوە:
یەكەم/ بایكۆتی زۆرینەی هەڵبژاردن و كۆچكردنی بەكۆمەڵ و خۆپیشاندانی سەرتاسەری زنجیرەیەك رووداوی تەواوكەری یەكترن، ئاماژەیە بە درووستبوونی بزووتنەوەیەكی كۆمەڵایەتی تازە بەهەمووشێوەیەك خۆی لە دەرەوەی ئەم سیستەمە لە ئاستی سیاسی و ئابوری و كلتوری دەبینێتەوە . 

دووەم/ ئەم بزووتنەوە كۆمەڵایەتییە رەنگدانەوەی واقعی سیاسی و كۆمەڵایەتی و كلتوری هەرێمی كوردستانە، واقیعێك كاتێك هێزەسیاسیەكانی ناو دەسەڵات و دەرەوەی دەسەڵات مانایەك ناهێڵنەوە بۆ بەشداری سیاسی راستەقینە چ لە پانتایی گشتی چ لە ئاستی ناوەخۆیی پارتە سیاسیەكان ئیتر دەبێت یارییەكە قوڵپ بكەیتەوە . 

سێیەم/ جەربەزیی و چاو نەترسی و ئامادەیی رووبەروو بونەوە، یەكێكە لە سیفاتە جیا كەرەوەكانی ئەم بزووتنەوە كۆمەڵایەتییە كە زۆرینەی نەوەی تازە پێك هێنەرییەتی بە پێچەوانەی ئەوانیتر، ئەوەش رەنگدانەوەی پێگەی چینایەتییە، ئەوان هیچیان نییە لە دەستی بدەن بەڵام ئەوانیتر زۆر شتیان هەیە نایانەوێت لە دەستی بدەن  بەهۆی نزیكی و بەشداری راستەوخۆ و ناراستەوخۆ لە دەسەڵات بە دەستیان هێناوە . 

چوارەم/ چیتر چیرۆكە سواوەكانی شاخ ناتوانێت ببێتە پەرژین و راگرتنی  دەسەڵاتێك كاتێك دیزانی ئەم دەسەڵاتە كاڵایەكە پر بە باڵای كەمینەیەكی ئۆلیگاریشی .

پێنجەم/ ئەم بزووتنەوە كۆمەڵایەتییە خۆی لە دەرەوەی هەموو پارتە چەپ و راستڕەو ئۆپۆزسیۆن و دەسەڵاتیش دەبینێتەوە، وێڵە بەدوای فۆرمێكی تری كاری سیاسی، ئەمەش دابراونییە لەو بزووتنەوە كۆمەڵایەتیە تازانەی  لە ئاستی جیهانی و ناوەخۆیی دروست بوون  وەك وەڵامێك دژ بە لیبراڵیەتی نوێ‌ .

شەشەم/ ئێمە دیمەنی كەوتنی ئەم مۆدێلە لە حوكومرانی دەبینین لە چەنیدن ئاستەوە، گۆرانكاری ریشەیی بۆتە پێویستییەك چیتر ناتوانرێت بە ئیجرائاتی ئەمنی خەڵك سەركوت بكرێت و دەسەڵات بەرێوەببرێت . 

حەوتەم/ كاتێك سەرمایەداری تازە سەرۆك و كوری سەرۆك دەكاتە خاوەنی زانكۆی تایبەت و مافی خوێندنیش لە كچ و كوری زۆرینە لە زانكۆحكومییەكان وەردەگرێتەوە یان دەرماڵەیەكی رەمزیشیان پێ‌ رەوا نابینێت، كاتێك بێكاری و خراپی ژینگەی كارو ناداد پەروەری دەچێتە ئاستێكی مەترسیدار، ئاگایی گشتی لێرەدا پێش ئەوەی بەر ئەنجامی پرۆسەیەكی خودی و ئیرادەگەری بێت واقیعی ژیان دروستی دەكات .

هەشتەم/ لەگەڵ بەردەوامی تێكۆشان ئەم بزووتنەوە كۆمەڵایەتییە و هەڵكشانی لەرووی چەندایەتییەوە دەبێت هاوشان لەگەڵ ئەوەشدا بیر لە پێشخستنی بكەینەوە لە رووی چۆنیایەتییەوە، ئەوەش خۆی دەبینێتەوە لە تەكتیكی تازەی تێكۆشان و خستنەرووی داواكاری جەوهەری و دەست نیشانكردنی ئەركە هەنووكەیی و درێژ مەوداكان .

نۆیەم/ نائومێدی گشتی، ساتەوەختێكی بێ‌ جولە و وەستاو نییە، ناكرێت وەك كۆتایی مێژوو تەماشابكرێت، بە پێچەوانەوە ئومێد لە ساتەوەختی نائومێدی لە دایك دەبێت .