پلاسخارت لە نێو ململانێ سیاسییەكانی عیراقدا

1 مانگ پێش ئێستا

(چەند سەرنجێك لەبارەی جێنین پلاسخارت)
تەحسین تەها چۆمانی‌
جنین پلاسخارت، نوێنەری گشتی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ كاروباری عیراق، ئێستا یەكێكە لە كارەكتەرە دیارەكانی ناو شانۆی سیاسیی ئەو وڵاتە، بەهۆی جموجۆڵە سیاسییەكانییەوە، بۆتە جێی باس و خواسێكی زۆر و هەندێك لە لایەنە سیاسییە شیعەكان بە (جێگرەوەی شەیتانی) ناو دەبەن، وەك خۆشی لە هەفتەی رابردوودا رایگەیاند، تەنانەت پێی دەڵێن(پیرە ژن).
پلاسخارت لە سەردەم و قۆناغێكی تەواو هەستیار نوێنەرایەتی نەتەوە یەكگرتووەكان دەكات، لە هەموو گۆڕانكارییە سیاسییەكاندا هەڵوێست وەردەگرێت و رۆڵێكی گرنگی لە یەكلایی كردنەوەی زۆرێك لە پرسەكاندا هەیە.
ئەو هەندێكجار، وەك ناوبژیوانی نێوان لایەنە سیاسییەكان و تەنانەت وەك ناوبژیوانی ئەمریكا و ئێران دەردەكەوێت، هەندێكجاریش وەك ئامۆژگاری كارێكی سیاسییەكان.
ئەو بەهۆی ئەزموون و كارەكەیەوە لە نزیكەوە سیاسییەكانی عیراق دەناسێت، وەك بڵێی تایبەتمەندیی كەسایەتی تاكی عیراقی بناسێت و لێی تێگەیشتبێت، لە هەموو دەرگایەك دەدات و كەس دەرگای بەسەردا داناخات، رۆژێك بە لەچك و جلوبەرگێكی تەواو مەزهەبی و خۆرهەڵاتی لەگەڵ ئایەتوڵڵا عەلی سیستانی لە نەجەف دەردەكەوێت و بۆ رۆژی دواتر بە جلوبەرگێكی تەواو دیپلۆماسیی و رۆژئاوایی لەگەڵ سەرۆك وەزیران و ئەوانی دیكە كۆدەبێتەوە.
پلاسخارت خۆی لەگەڵ ژینگە و دۆخی سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئاینیی عیراقدا گونجاندووە، جوڵە سیاسییەكانی وایكردووە زۆرێك لە لایەنە شیعەكان بە لایەنگر و كارەكتەری ئەمریكای بزانن، بەڵام بێ گوێدانە ئەمە، پلاسخارت بۆ رۆژی دواتر لە دەرگای بارەگا سیاسیی و ماڵەكانیان دەدات و گوێیان لێدەگرێت.
بەم دواییانە كە دەرەنجامی هەڵبژاردنەكان راگەیەنرا، رۆڵی سیاسیی و نێوەندگیری پلاسخارت زیاتر بوو، لەگەڵ لایەنە كۆك و ناكۆكەكان گفتوگۆی كرد، ئەو بەدوای دەرفەتی لە دەستنەچوونی سەقامگیریی و ئارامی عیراقە، دەیەوێت هەرچی زووە حكومەتی نوێ پێكبهێنرێت، پێی وایە هەڵبژاردنێكی بێ ساختەكاریی و گرێوگۆڵ بەڕێوەچووە، لە ئەنجومەنی ئاسایش هەمان شتی وت، بەم هەڵوێستەشی لایەنەكانی چوارچێوەی هەماهەنگی كە پێیان وایە ساختەكاریی بەرنامە بۆ داڕێژراو كراوە لە دژی خۆی هاندا و ئەوان پلاسخارتیان تۆمەتباركرد بە نە وتنی راستییەكان.
ئێستا پلاسخارت ژنێكی دیاری ناو شانۆی سیاسیی عیراقە، چاوێكی زۆر گوماناوی لەسەرە، بەتایبەت لە لایەن بەشێك لە گروپە توندڕەوە شیعەكان، بەڵام وێڕای ئەوەش ئەو بەردەوامە لەسەر هەڵوێست و جموجۆڵەكانی، پرسیارەكە ئەوەیە پلاسخارتی چی دەكات لەناو ئەو ململانێ توند و بێ ئامانەی نێوان لایەنە سیاسییەكانی عیراقدا؟ ئایا ئەمەی ئێستا دەیكات جۆرێك نییە لە یاریكردن بە ئاگر؟.