مۆزەخانەی بەرخودان

1 مانگ پێش ئێستا

پۆڵا سەعید
لە سەرەتای مانگی دیسێمبەری ساڵی 2009دا لە گفتووگۆیەكدا لەگەڵ پرۆفێسۆر میشایل بووش (Michael Bösch)، كە مامۆستای فەلسەفەم بوو، ئاشنای چەمكی ڕێسێنتیمۆ بووم (بوغز و ڕق). ئەو كات سەرقاڵی نووسیینی ڕۆمانێك بووم بە زمانی ئەڵمانیی بە ناوی نرخی ئازادیی. نزیكەی بیست لاپەڕەی سەرەتای ئەم ڕۆمانەم بە ئیمایل نارد بۆ پرۆفێسۆر میشایل هەتا سەرنجی خۆیم لەو بارەیەوە بداتێ. لەو گفتووگۆیە‌دا پرۆفێسۆر میشایل گووتی، لە ڕۆمانەكەتدا ئارگوومێنتت هەیە لەسەر ئەوەی، كە بۆچی دایك و باوكانی كورد منداڵ زۆر دەخەنەوە، ئارگوومێنتەكەشت بریتییە لەوەی، كە كورد زۆریان لێدەكووژرێت، ئەگەر دایك و باوكان منداڵ زۆر نەخەنەوە لە ئایندەدا پاكتاو دەكرێین. بۆ پرۆفێسۆر میشایل قورس بوو، كە لەم ئارگوومێنتە بگات و دەیگووت، چ خەمبارییەكی گەورەیە، كە منداڵ بۆ كووشتن بخەیتەوە. چ خەمبارییەكی گەورەیە، كە لە ترسی لەناوچوون نەوە بۆ بەدەستهێنانی ئازادیی بخەیتەوە.

ئالێرەدا من دیسان دەگەڕێمەوە سەر هەمان سێ چەمكی گرنگ، كە لە كۆتاییەكانی ساڵی 2009 دا من زۆر سەرقاڵبووم پێوەی.
1-ڕێسێنتیمۆ (بوغز و ڕق). كاكە حەمەی حاجی مەحموود ڕاست دەكات. بوغز و ڕقی عەرەب بەرانبەر بە كورد هەرگیز كۆتایی نایەت. لەوەتەی عەرەب هەیە كورد دەكووژێت. عەرەبی فتووحی ئیسلامی، عەرەبی سەرەتای دروستبوونی ئێراق، عەرەبی بەعسیی، عەرەبی حەشدی شەعبیی، عەرەبیی ئەلقاعیدە و عەرەبی داعش. لە دوای شانزدەی ئۆكتۆبەرەوە، چەندیین جار عەرەبی هاوردە بە هاوكاریی حەشدی شەعبی و سوپای ئێراق هەوڵی داگیركردنی گوندەكانی كوردستانیان داوە، لێ هەر كات سەرنەكەوتووبووبن بۆ چەند ڕۆژی ئایندە داعشیان ناردۆتە سەر گوندەكان. ئەم ڕووداوانە پێماندەڵێت، پەیوەندییەكی سیاسیی و دینامیی لە ‌نێوانی سووپای ئێراق داعشدا هەیە، پەیوەندییەكی دینامیی لەنێوانی حەشد و داعشدا هەیە.

2-ترس. لەوەتەی كورد هەیە، ترس دێوێكی گەورەی ژیانیەتی و لەدژی دەجەنگێت. ترسی لەناوچوونێكی هەتاهەتایی. لە فتووحی ئیسلامەوە هەتا ئێستای داعش.

3-چارەنووس. زۆر خستنەوەی منداڵ چارەنووسی كوردە لەپێناوی مانەوەیدا. شێرەژنەكەی گوندی خدرجیجە نموونەیەكی زیندووی ئەم ڕاستییەیە. لە ئێستادا خۆزگە دەخوازم، چاوم بە پرۆفێسۆر میشایل بووش بكەوێتەوە و پێیبڵێم، تەماشاكە، دوای دوانزدە ساڵ لە گفتووگۆی ئێمە لەسەر ئەم باسە، هێشتا ڕۆژانە خاوەنی ئارگوومێنتین بۆ خستنەوەی نەوەی زیاتر. گوێ لەم شێرە ژنە بگرە، كە سێ كوڕی شەهیدە و ئێستاش سیانەكەی تریان ئامادەی گیان بەختكردنن.

ئومێد دەخوازم، وەزارەتی پێشمەرگە هاوكارییەكی ماددی گەورەی ئەم خانەوادە ئازا و بوێرە بكات. لە شوێنێكی تری گوندەكەدا لەسەر خەرجی وەزارەتی پێشمەرگە خانوویەكی نوێیان بۆ دروست بكات و خانووە كۆنەكەشیان بكرێتە مۆزەخانەیەك، وەك مۆزەخانەی بەرخوودان. ئەوەی ڕوویدا داستانێكی مێژووییە و دەبێت وەك گلێنەی چاوەكانمان بیپارێزین.

ئاخر مەگەر لە فیلمەكانی سایس فیكشندا منداڵێكی یانزدە ساڵ ببینین، كە دژی تیرۆریستانی داعش شانبەشانی براكانی دەجەنگێت و فیشەكیان بۆ دەهێنێت. پرۆفێسۆر میشایل بووش لە كتێبێكیدا بە ناوی ترس و چارەنووس، كە لەسەر سورێن كیركەگۆر نووسیوویەتی و لەو گفتووگۆیەشماندا تیشكی خستەوە سەر هەمان باس، كە لە كتێبەیدا قسەی لەسەر دەكات دەڵێ. گەورە شاعیری ئەڵمان هولدەرلین لە هۆنراوەی گۆرانییە چارەنووسسازییەكانی هیپەریۆنسدا، قسە لەسەر ئەوە دەكات، كە چارەنووس پەیوەندییەكی قوڵی بە ئازارێكی گەورەوە هەیە، كە مرۆڤ چارەنووسی ژیانی لە دەستی خۆیدا نەبێت، بەڵكوو بەردەوام بهێنرێت و ببرێت. لێرەدا من لەبری پرۆفێسۆر میشایل دەڵێم، چ خەمبارییەكی گەورەیە، كە ئێمەی كورد چارەنووسمان لە دەستی خۆماندا نەبێت و هەر كەسێك بێت بە ئارەزووی خۆی بیهێنێت و بیبات.

من پێشمەرگەی ئازام زۆر دیووە، پێشمەرگەی نەبەردم زۆر دیووە، لێ هەرگیز پێشمەرگەی ئازا و جەربەزە و نەبەردی وەك ئەم چوار برایەم نەدیووە. نازم و ئازاد و بارزان داستانێكی نوێی ئاڵتوونین بۆ كوردستان. من لێرەوە گریانم دێت، ئینجا وەرە ڕووبەڕوو ‌بەرانبەر ئەم خانەوادەیە بتوانیت ڕابوەستیت. دڵێكی ئازای دەوێت، سێ برات لە تەنیشتتەوە شەهید بێت و تۆش هەتا دوا گوللە بەرگریی لە خاك و ماڵت بكەیت. چی ڕوویدەدا، ئەگەر بێتو ئەم خانەوادەیە لە ماڵەوە تفەنگیان نەبوایه؟ ئەمە خاڵێكی پۆزەتیڤی هەبوونی چەكە لە ماڵەوە، كە لەپێناوی پاراستنی خۆت و نیشتیمانەكەتدا بەكاری بهێنیت.

چ خەمبارییەكی گەورەیە، كە ئەو هەموو نەوە جوانەمان لەسەر سنوری پۆڵۆنیا وەك كۆچبەر ڕەق دەبنەوە، لە دەریادا لە ‌نێوانی فەڕەنسا و بەریتانیادا دەخنكێن. چی دەبێت، ئەگەر بێتو دەستبەرداری تێكشكاندنی یەكبین، دەستبەرداری دوژمنایەتییكردنی یەك بین و نیشتمانمان وەك ئەو چوار برا نەبەردە خۆشبوێت و بۆ ئەو بەوپەڕی شانازیی و شكۆوە وەك پێشمەرگە بمرین.

هەندێكمان دەڕۆین و نەزانانە بەرد دەگرینە نیشتمان

هەندێكیشمان ڕۆحیان لەسەر لەپی دەستیانە بۆ بەرگریی.. وەك نازم و ئازاد و بەرزان.