بەكارهێنانی توندوتیژی بەرانبەر ژن لە سۆشیال میدیادا

1 مانگ پێش ئێستا

بەناز كاوێس ئاغا
تا ئێستەش لە زۆرینەی كۆمەڵگەكاندا ژن رووبەڕووی توندوتیژی دەبێتەوە، زۆربەی جاریش یاسا هیچ جۆرە پشتگیری و بەرگریی گونجاو پێشكەش بە قوربانیان ناكات. بەداخەوە كە ئێستەش توندوتیژی بەرانبەر بە ژن گواستراوەتەوە ناو سۆشیال میدیا.

هەرچەند ژن زیاتر بچێتە ناو سۆشیال میدیا، ئەگەری توندوتیژی بەرانبەری زیاتر دەبێت، كە هیچی كەمتر نییە لە توندوتیژیی جەستەیی. توندوتیژی بەرانبەر بە ژن لە سۆشیال میدیا بووە بە دیاردەیەكی زۆر باو، رێكخراوی بەخشینی نێودەوڵەتی ئاشكرای كردووە كە یەك چارەگی ژنانی دنیا، دووچاری توندوتیژی بوونەتەوە لەناو تۆڕی ئینتەرنێت كە زۆربەیان هەستیان كردووە هەڕەشەیان لەسەرە.

سەرەڕای ئەوەی كە خەڵكانێك لە رەگەزی جیاواز رووبەڕووی توندوتیژی و خراپی مامەڵە دەبنەوە لەناو ئینتەرنێت، بەڵام ئەو مامەڵە خراپەی كە ژن دووچاری دەبێتەوە، بەزۆری پێوەندی بە سێكس هەیە و ئاماژەی دیاریكراو لەخۆیەوە دەگرێت كە پێوەندیی راستەخۆی هەیە بە جەستەی ژنەوە.

ساڵی ٢٠١٧ رێكخراوی بەخشینی نێودەوڵەتی لەرێی ئینتەرنێتەوە لێكۆڵینەوەیەكی هاوبەشی لەگەڵ IPSOS MORI  كرد، لەبارەی ئەو ژنانەی كە دووچاری توندوتیژی و خراپی مامەڵە بوونەتەوە لەناو سۆشیال میدیا، هەشت وڵاتی لەخۆوە گرتبوو، لەوانە ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا و بەریتانیا.. ئەنجامەكان دەریانخست كە یەك چارەگی بەشدارەكان واتا ٢٣٪ ژنان لە هەر هەشت وڵاتدا رووبەڕووی توندوتیژی و گێچەڵی سێكسی بوونەتەوە لەناو سۆشیال میدیادا، ئەگەر بۆ یەك جاریش بێت، ٥٩٪ ژنانی ئەمەریكی و بەریتانی باسیان لەوە كردووە كە تاوانبارەكان نەناسراو و بێگانە بوونە.

لەمبارەیەوە رێكخراوێكی ئەمەریكی بەناوی Network to End Violence National لەسەر هەمان بابەت بەدواداچوونێكی كردووە، لە ئەنجامدا دەركەوتووە كە رێژەیەكی زۆری خراپبەرانی تەكنەلۆجیا، ئینتەرنێت بەكار دێنن بۆ ئەوەی قوربانییەكانیان بدۆزنەوە. 

رێكخراوی یارمەتی ژنان لە دژی توندوتیژی لە لێكۆڵینەوەیەكدا دەریخستووە، قوربانیان ئاشكرایان كردووە ئەو توندوتیژییەی دووچاری بوونەتەوە لە سۆشیال میدیا، لەلایەن هاوبەشەكانیان یان هاوبەشی پێشوویان، بەشێك بووە لەو توندوتیژییەی كە لە دەرەوەی ئینتەرنێتیش دووچاری هاتوون. جگە لەوە نیوەی رێژەكە ئاشكرایان كردووە كە توندوتیژییەكە گەیشتووەتە ئاستی هەڕەشەكردن لە خۆیان و لە كەسە نزیكەكانیشیان.

لێكۆڵینەوەیەكی تر هەر لەم بابەتە كە لە كۆمەڵێك وڵات ئەنجام دراوە وەك زیمبابۆی، هایتی، ئەفغانستان، نیپال، گینیا، سریلانكا، ئۆكرانیا ئاشكرای كردووە، قسەی نەشیاوی زۆر كراوە بەرانبەر ژنانی سیاسەتمەدار لە رێی سۆشیال میدیاوە، ئەمەش كاریگەریی نەرێنی كردووەتە سەر ئازادی ژن لە رادەربڕین و بەشداری سیاسیدا.

بڵاوكردنەوەی وێنەی رووتی ژن بەبێ رەزامەندی خۆی، دەچێتە قاڵبی توندوتیژی و بە پێشێلكردنی مافی ژن دادەنرێت، هەر لە بەدواداچوونی IPSOS MORI هاتووە كە ١٠٪ ژنان لە ئەمەریكا، ٨٪ ژنان لە بەریتانیا ئاشكرایان كردووە، بەبێ رەزامەندیی خۆیان وێنەی رووتیان لە ئینتەرنێت بڵاو كراوەتەوە.

هەر توندوتیژییەك لە بەرانبەر ژن دەكرێت لە ناو ئینتەرنێت و لە دەرەوەشی، بە پێشێلكردنی مافی مرۆڤ و مافی ژن هەژمار دەكرێت. توندوتیژیی بەرانبەر ژن لە سۆشیال میدیا واقیعێكی تاڵە و ژن بە دەستیەوە دەناڵێنێ، چونكە ئازارە دەروونییەكەی زۆر خراپتر و ترسناكترە لە ئازاری جەستەیی. رەنگە سۆشیال میدیا شوێنێكی ترسناك و تۆقێنەر بێت بۆ ژن، چونكە گێچەڵكردنی سێكسی و توندوتیژی ناو سۆشیال میدیا، پانتاییەكی زۆر فراوان داگیر دەكات، بەر لە هاتنی ئینتەرنێت، توندوتیژی بەرانبەر ژن لەناو چوارچێوەی خێزان بوو، یان لە گەڕەكێك یان لە ناوچەیەك بڵاو دەبووەوە، بەڵام ئێستە لە پانتاییەكی بەرفراوان و ترسناك تەشەنە دەكات و بڵاو دەبێتەوە.

توندوتیژی بەرانبەر ژن لە سۆشیال میدیا بەتایبەتی لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، هەڵكشان و درێژەپێدەری ئەو توندوتیژییەیە كە ژن لەسەر ئەرزی واقیع دووچاری دەبێت، ئەمەش لە ئەنجامی ئەوەیە كە كۆمەڵگەی رۆژهەڵاتی تا ئێستەش بە چاوێكی نزم سەیری ژن دەكات، وا دەزانن ژن نابێ و ناتوانێ پێگەی بەرزی هەبێت، بۆیە جنێو و قسەی ناشیرین و تەشهیر بە ژن دەكەن، ئینجا بەهەر مەبەستێك بێت ئایا بۆ تۆقاندنی ژنە یان سووكایەتیكردن، یان ئابرووبردن یاخۆ بۆ بێدەنگكردنە.

لێكۆڵینەوەكان ئاشكرایان كردووە كە هەندێك ژنی قوربانی توندوتیژی ئەلیكترۆنی، دووچاری بارێكی دەروونی زۆر خراپ بوونەتەوە كە گەیشتووەتە ئاستی خەمۆكی و خۆكوشتن.