كۆرۆنا تۆپی پێ بەرەو كوێ دەبات؟

6 مانگ پێش ئێستا

ئارۆ سەنگەر
تا دێت دۆخی كۆرۆنا لە بەریتانیا و بەدیاری كراو لە نێو یانەكانی پریمەرلیگ زیاتر دەبێت، ئەمەش بووەتە هەڕەشە لەسەر بەردەوامبوونی خولەكەو ئامادەبوونی هاندەران لە ناو یاریگا و هەموو ئەمانەش تۆپ پێی ئینگلتەرا بەرەو چارەنووسێكی نادیار دەبەن.
لەماوەی‌ رابردوو دوای یاریكردن بەرامبەر بە نۆرویچ سیتی ژمارەیەكی زۆری یاریزانانی یانەی‌ تۆتنهام توشی كۆرۆنا بوون، بەهۆی ئەمەش یاری یانەكە بەرامبەر بە رین لە یۆرۆپالیگ و دواتر برینتفۆرد لە پریمەرلیگ دواخرا.
لەدوای ئەوە یانەی‌ مانچستەر یونایتد لەسەرەتای ئەم هەفتەیە بەرامبەر بە یانەی‌ نۆرویچ سیتی یاری كرد و تەنها رۆژێك دوای ئەو یارییە راهێنانی یانەكە هەڵوەشێنرایەوە و راگەیەندرا تووشبوون بە كۆرۆنا لە ناو یانەكە هەیە، بەڵام هێشتا ژمارەی تووشبووان رانەگەیەندراوە، بەڵام گومان لە بەڕێوەچوونی یاری یانەكە هەیە بەرامبەر بە یانەی‌ برینتفۆرد كە وابڕیارە ئەمڕۆ بەڕێوەبچێت.
یانەی‌ ئەستۆن ڤێلاش رایگەیاند یاریزانێكی یانەكە و چەند فەرمانبەرێك لە یانەكە تووشی كۆرۆنا بوون، بەهۆی ئەمەش یانەكە رۆژی یەكشەممە راهێنانەكانی هەڵوەشاندەوە.
زیادبوونی توشبوون بە كۆرۆنا لە ریزی یانەكانی پریمەرلیگ مەترسی گەورەیە بۆ سەر داهاتووی خولەكەو ئامادەبوونی هاندەران لە یاریگاكانی ئەو خولەدا كە زۆرێك پێیان وایە بەڕێوەچوونی یارییەكان لە پشت یاریگای داخراوەوە وەكو كارەسات دەبێت بۆ خولەكە و چەند هەنگاوێك دەیباتە دواوە.
وابڕیارە لە رۆژی چوارشەممەوە پلانی بی حكومەتی بەریتانیا بچێتە بواری جێ بەجێكردنەوە و بەپێی ئەو پلانە هەر هاندەرێك كارتی ڤاكسینی پێنەبێت بۆی نییە لە یارییەكانی خولەكە ئامادەبێت، لە ئەگەری نەبوونی كارتی ڤاكسینیش پێویستە بەڵگەی‌ ئەوەی‌ پێبێت كە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنا نییە.
بڵاوبوونەوەی‌ كۆرۆنا پلانی یانەكانیشی گۆڕیوە كە یانەی‌ كریستال پالاس كە پاتریك ڤیێرای ئەستێرەی تۆپی پێی فەرەنسی راهێنەرایەتیان دەكات بڕیاری داوە پلانەكانی بۆ ئاهەنگەكانی كریسمس و سەری ساڵ بگۆڕێت.
لە ئەڵمانیاش ئامادەبوونی هاندەران لە زۆرینەی‌ یاریگاكان كەمكراوەتەوە و لە هەندێك یاریگاش هاوشێوەی یاریگای ئەلیانز ئەرینای تایبەت بە یانەی‌ بایرن مونشن بەتەواوی دەرگاكانی بەڕووی هاندەران داخستووە.
رۆژ لە دوای رۆژیش لە ئەڵمانیا رێوشوێنەكانی خۆپارێزی لە ئەڵمانیا توندتر دەكرێت و هیچ هیوایەك نییە بۆ گەڕانەوەی هاندەران بەشێوەی ئاسایی بۆ نێو یاریگاكان لەسەرەتای ساڵی نوێ.
بەهۆی ئەوەی‌ ساڵی داهاتووش مۆندیال هەیە بواری زۆر نییە بۆ دواخستنی یارییەكانی مۆندیال ئەوەتا یوفا بە رەسمی بڕیاری دا یارییەكەی نێوان تۆتنهام و رین بەڕێوەنەچێت چونكە بوار نییە پێش سەری ساڵ یارییەكە بكرێت، بۆیە یەكلاییكردنەوەی‌ ئەنجامەكەی‌ داوەتە دەستی دادگای سەر بە یەكێتییەكە.
كۆرۆنا و شێوە نوێیەكەی‌ كە ئۆمیكرۆن ناسراوە هەڕەشەی گەورەن بۆ سەر تۆپی پێ و ئەگەر بێت چارەسەرێك بۆ بڵاوبوونەوەی‌ خێرای ئەو ڤایرۆسە لە نێوان یانەكان دانەنرێت ئەوا بە ئەگەرێكی زۆر هاوشێوەی وەرزی رابردوو جارێكی تر یاریگاكان بە رووی هاندەران دادەخرێن و تۆپی پێش سەرچاوەی‌ چێژەكەی‌ لەدەست دەدات كە ئەو جۆش خرۆشەیە هاندەران بە یارییەكانی دەبەخشن.
لە پاڵ ئەوەشدا ئامادەنەبوونی هاندەران لە یاریگاكان كێشەیەكی گەورە بۆ هاندەران دروست دەكات ئەویش كەمبوونەوەی‌ داهاتی یانەكە بەهۆی نەفرۆشتنی بلیت و كەمبوونەوەی‌ پارەی مافی پەخشی یارییەكان و نەمانی داهاتی رۆژی یارییەكان.