بە رێژەیەكی زۆر هاوسەران جیادەبنەوە

5 مانگ پێش ئێستا

كنێر عەبدوڵڵا
لای هەمووان ئاشكرایە پرۆسەی جیابوونەوە یان تەڵاق پرۆسەیەكی رێگەپێدراوی شەرعی و یاساییە، كاتێك ژن و پیاوێك لە ‌ژێر سەقفی هاوسەرییدا پێكەوە ‌ژیان پێكدەهێنن، ئیدی بە هەر هۆیەكی دیاریكراو بێت یان نا، دەرئەنجام دەیانەوێت ئەو گرێبەستە هەڵبوەشێننەوە و كۆتایی بە پەیوەندییەكەیان بهێنن.
هەروەك چۆن پڕۆسەی هاوسەریی مافی دوولایەنەیە، بێگومان هەڵوەشانەوەیشی مافی دوولایەنە كە دەبێت بڕیار و رەزا‌مەندی لەسەر بێت، ئەگەرچی لە واقعدا هەموو كات ئەو مافە پەیڕەو ناكرێت و ژنەكە زیاتر پەراوێز دەخرێت و تەنها پیاوەكە، وەك لایەنێكی دەسەڵاتدار بە میكانیزمی جیاجیا رەوایەتی بەخۆی دەدات بڕیار بدات، ئەگەرچی رەزامەندی ژنەكەیشی لەسەر نەبێت یان لە پێواری ژنەكەدا تەڵاقی بدات، ئەمەش زیاتر لەكاتی هێنانی ژنی دووەمدا روو دەدات و یەكێك لەو رێگانەیشی دەگیرێتە بەر، پەنابردنە بۆ دادگاكانی سنووری ناوەڕاست و خوارووی عیراق، چونكە لە كوردستاندا هێنانی ژنی دووەم مەرجدارە ‌و رێگەپێدراو نییە.
تا ئێرە پرۆسەكە روون و ئاشكرایە، بێگومان ئاسەوار و لێكەوتەكانیشی جۆراوجۆرن، بەتایبەت گەر منداڵ لە ئارادا بێت كێشە ‌و نیگەرانیی و گرفتەكانی زیاتر دەبن، بەڵام ئەوەی لە واقعدا دەگوزەرێت گەر بە وردی رۆچینە نێو ژیانی راستەقینەی زۆرێك لە هاوسەرەكانەوە جۆرێكی شاراوە ‌و باسنەكردنی ئەو جیابوونەوانە بەدیدەكرێت كە تەنها جیاوازی لەگەڵ جۆری یەكەمدا، ئاشكرانەبوونی و نەگرتنەبەری رێگەی دادگا و واژوونەكردنە لەسەر پەراوی فەرمیی جیابوونەوە.
لە دانیشتنێكدا كە خۆی لە 10 كەسدا دەبینییەوە، 7 كەس لەوانە لەمجۆرەی دووەم بوون، بەشێوەیەك وەسفی ژیانی هاوسەرەكانیان دەكرد كە بۆتە بەڕێكردن و رووكەش‌ و ژیانێكی رۆتین كۆیان دەكاتەوە، تەنها شوێنی كۆكەرەوەیان بۆتە سەر سفرەی نانخواردن، هیچ باس و گفتوگۆیەك بوونی نییە، لەگەڵ هەر هاتنەپێشەوەی باس و وروژاندنی پرسیارێكدا جیاوازییەكان وا دەكەن هەڵچوون دروست ببێت و قسەكان ئاڕاستەی ناخۆشتر و بێزاركەر و تووڕەیی زیاتری لێبكەوێتەوە، بەدەگمەن چوونە دەرەوەیەكی پێكەوەیی هاوبەش و بەشداربوونێكی بۆنەو ئاهەنگ و چالاكیی و خۆشیی و تەنانەت ناخۆشییەكانیش كۆیان بكاتەوە، وەك ئەوەی هەریەكەیان لە جیهانێكی دیكە بن و سەقفی كۆكەرەوەیان تەنها ماڵێك بێت و بەس، ئەمانە ‌و چەندینی دیكە، بەڵام لەوەش شاراوەتر نیشاندانی روویەكی تری راستییەكانە‌ خۆی لە دووفاقی مرۆڤەكاندا دەبینێتەوە بە ‌بەرچاوی خەڵكانی ترەوە، ئەوەش رەفتاركردنیانە بە ‌شێوەی موجامەلەكردن بۆ یەكتری بەوەی كە رێكن و هیچ كێشەیەكیان نییە و ژیانێكی سروشتی و ئاسایی بەسەردەبەن، لە كاتێكدا وەك خۆیان باسی لێوە دەكەن هۆكارگەلێك هەن لە پشت قایلبوون و درێژەدان بەو ژیانە باوە رۆتینە كە دەرئەنجام هیچ خۆشیی و خۆشگوزەرانیی و تازەگەریی نییەو تەنانەت هەندێجار لە سنووری رێز و خۆشەویستی دەردەچێت قبوڵنەكردنی یەكتری، دووری مەودای هزر و بیر و كەلتور، كەمیی راستگۆیی، نەبوونی شەفافیەت، ترس لەوانی تر، باڵادەستی لایەك و چەندین هۆكاری تر وایكردووە ئەو ژیانە بخوڵقێت، بێگومان گەر رێژەی ئەو دانیشتنە بكەین بەپێوەر، ئەوا رێژە راستەقینەكە زیاتر و جێی هەڵوەستەی جدییە بۆ گرتنەبەری پلانی تۆكمە بۆ چارەسەر.