كاریگەری چیرۆكی منداڵان لەسەر پەروەردەیەكی تەندروست
4 مانگ پێش ئێستا
كەمال عەبدوڵڵا
هەرسێ كتێبە ئاسمانییەكان (تەوڕات - ئینجیل- قورئان) بەچیرۆك دەستیان پێكردوە، بەشی زۆری پێكهاتەی هەرسێ كتێبەكە چیرۆكە، كەواتە چیرۆك لەدروستبوونی كەسایەتی مرۆڤدا بەگەورەو بچووكەوە دەورێكی گرنگی هەیە، بەڵام بەتایبەت باسكردنو گێڕانەوەی چیرۆك بۆ منداڵان كاریگەری زیاتری هەیە لەسەرهەستو نەستییان بەراورد بەدنیای گەورەكان، چونكە منداڵان خاوەنی هەستو ویژدانێكی خاوێنو پاكنو لەگەڵ ناڕێكیو خراپییەكانی دونیا كارلێكیان نەكردووە.
پێغەمبەری سەروەرمان فەرموویەتی: هەموو منداڵێك بەپاكی لەدایك دەبێت، بەڵام دوایی دایكو باوكی دەیگۆڕنو خراپی دەكەن، ڕۆسۆش دەڵێ: هەموو منداڵێك بەپاكی لەدایك دەبێت، بەڵام دوایی لەناو كۆمەڵدا بۆگەن دەكات.
چیرۆك گێڕانەوە بۆمنداڵانی قۆناغی بنەڕەتی بەتایبەت پۆلەكانی یەكو دوو سێ، زۆر كارێكی پێویستو گرنگەو یەكێكە لەفاكتەرە كاریگەرەكانی ناو پڕۆسەی پەروەردەو فێركردن، لەبەرئەوەی منداڵ ناتوانێ گوێ لەئامۆژگاریو وتاری لەجۆری مزگەوتو سیاسییەكان بگرێ، دەبێ هەرشتێك بتەوێ بیخەیە ناو دڵو دەرونو هەستو بیركردنەوەی منداڵاندا بەشی زۆری دەبێت لەڕێگای چیرۆكەوەبێت!
هەروەها چیرۆك بیروخەیاڵی منداڵ فراوان دەكاتو وایلێدەكات دنیا بەجۆرێكی جوانتر ببینێت، دنیای منداڵان دنیایەكی پاكو بێگەردو جوانەو پڕیەتی لەخەونی ڕەنگاوڕەنگ، وەكو دنیای گەورەكانو شكو برینگو ڕەقو تەق نییەو دنیایەكی ئەرخەوانیو ڕەنگاڵەیی نایابو پڕتامو چێژە!! دەبێ ئەوانەی بەئەركی پەروەردەیی هەڵدەستن كەسانی شارەزاو پسپۆڕبن، مەبەستم ئەوەنییە بڵێم دەبێ ئەوكەسانەی دەبنە پەروەردەكار كەسانی ئەكادیمی بنو لەڕێگای نمرەی ئەمجۆری خوێندنەی لەوڵاتەكەمانو وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا هەیە بەو پلەیە گەیشتبن، نەخێر بەڕای بەندە دەبێ پەروەردەكاران بەدڵو ناخی دەروونییان لەگەڵ دونیای منداڵانو جۆری پەروەردەكردنەكەیان تێكەڵاوبنو بزانن چۆن هەڵسوكەوتو قسەوباس ڕەفتاروگوفتار لەگەڵ منداڵاندا دەكەن، چۆن دەتوانن دڵو مێشكو هزروبیرییان بكەنەوەو ئامادەیان بكەنو بتوانن خەونییان بۆ دروستكەن، بیانكەنە مرۆڤگەلی ڕوخۆشو نەرمو نییانو خاوەن ئامانج.
بەڕای بەندەو ئەوەندەی لەسەر ئەو بابەتەم خوێندۆتەوەو سەرنجمداوەو توێژینەوەو لێكۆڵینەوەم كردووەو هەروەها بەهۆكاری ئەوئەزمونو شارەزاییەی لەماوەی ساڵانێك لەكاری مامۆستایەتیو وانە وتنەوەدا بەدەستمهێناوەو پێیگەیشتووم، دەركم بەهەندێك سەرەداوو نهێنی ئەو بوارەكردووەو گەیشتوومەتە ئەو ڕاستییەی ئەو منداڵانەی چیرۆكییان بۆ دەگێڕدرێتەوە یا بۆیان گێڕدراوەتەوە، ئاسۆی بیرییان فراوانتردەبێتو یادگەو بیرەوەرییان جوانترو باشتر كاردەكات بەبەراورد بەو منداڵانەی چیرۆكییان بۆنەگێڕدراوەتەوە. چیرۆك دەورێكی گرنگو باڵا لەدروستكردنی پێكهاتەی كەسایەتی مرۆڤدا دەگێڕێت بەگشتیو بەتایبەت بۆ منداڵانیش.
هەمیشە منداڵان حەزییان لەوچیرۆكانەیە كە پاڵەوانەكانییان كەسانی ڕاستگۆو چاونەترسو دەستپاكو خەمخۆری میللەتنو لەخەیاڵی خۆیاندا خۆیان دەخەنە شوێنی ئەوكەسانەو خۆیان لەچیرۆكەكاندا دەبیننەوە، وەكو پاڵەوانو ئەوانەی مرۆڤی سەركەوتوونو دەوری سەرەكی دەبینن، بەسەركەوتنی پاڵەوانەكان دڵخۆش دەبنو بەشكستی مرۆڤە شەڕانگێزوخراپەكان زیاتر متمانەیان بۆ دروستدەبێت، كە گوفتارو ڕەفتارییان چاكبكەنو لەداهاتوودا ببنە جێگای ئومێدی كەسانی دیكەو هەوڵی پێشەوایەتیو ڕابەرایەتیو داهێنانكاری دەدەن.
تاماوەییەكی زۆریش ئەو چیرۆكانە لەبیرو هزرو خەیاڵی منداڵاندا دەمێننەوەو یادەوەرییان ڕوناكو جوانو پڕشنگداردەبێت، یەكێك لەكێشەكانی وڵاتو میللەتی ئێمە ئەوەیە میللەتی ئێمە زاكیرەی لاوازەو كەمتر ڕابردووی بیردەمێنێت، پێموایە هەر بیستو پێنج ساڵ جارێك واتا چارەكی هەرسەدەیەك زاكیرەی مرۆڤی كورد دەسڕێتەوەو دیلێت دەبێت!! هاوڕێیەكم كەسەفەری وڵاتی سینی كردبوو دەیوت: هەموو كەناڵە لۆكاڵییەكانی تەلەفزیۆنەكانی سین هێرشی ژاپۆنییەكان بۆسەر وڵاتەكەیان پەخشدەكەن، بۆئەوەی نەوەی تازەییان بزانن یابانییەكان لەڕابردوودا چییان بەرامبەر گەلی چین كردووەو نەوەكانی ناوەندو كۆنەكانیش، ئەو داگیركارییەیان بیرنەچێتەوە! جاڕاستی ئەوكارانەش هەرلەڕێگای پڕۆسەی پەروەرەكردنەوە دەكرێن، من خۆم كاتێك منداڵبووم، باپیرم بەسەرهاتی سمكۆخانی شكاكی بۆ دەگێڕامەوە، هەروەها كۆمەڵێك چیرۆكی وەكو بزنو گورگو شێتەكەو ئاقڵەكەو گەلاوێژو ورچەكەو هتد... بەمنداڵی بۆیان گێڕاومەوەو كاریگەرییان لەسەرم هەبووە.
چیرۆكی باشو پڕواتا ئەگەر چیرۆكبێژەكە بتوانێ چێژ بەگێڕانەوەكە ببەخشێ زۆر كار لەدڵو دەروونو هەستو سۆزی منداڵانو قوتابییانی سەرەتایی جارانو بنەڕەتییەكانی ئێستا دەكاتو فێرییان دەكات ئەوانیش چێژ بەژیانی خۆیانو كەسانی دەوروبەرییان ببەخشن، بەشەوقەوە ئەركەكانی خۆیانو كارەكانییان بەڕێكو پێكی جێبەجێو ڕایی بكەن. یەكێك لەگرفتەكانی ناوژیانی ئێمەی كوردبەگشتیو كوردی ئەم هەرێمی باشوورەی لەمەڕخۆمان ئەوەیە چێژوخۆشی نە لەژیانمانو نە لەكارەكانمانو نە لەگوفتارو ڕەفتارماندا وەكو پێویست نەماوە... بەڕای بەندە زۆرێك لەوانەی لەمڕۆدا دەكرێنە بەرپرسو دەسەڵاتداری وڵاتو میللەت كە ناتوانن ژیانی كەسانی دیكە خۆشبكەنو لێیان نایات جێگای ئومێدی خەڵكبن، هۆكارەكەی ئەوەیە بەمنداڵی پەروەردەییەكی تەندروست نەكراونو هەرلەخەمی خۆیاندانو هەموو هەوڵو تەقەللایەكییان تەنهاو تەنها بۆئەوەیە، بگەنە چێژی ژیانو ئاسودەیی دەروونی بەدەستبێنن، بەڵام پێی ناگەن لەبەرئەوەی ژیان پێچەوانەیەو دڵی مرۆڤ بۆلای ڕاست دەڕواو ژیان بۆلای چەپو هەتا زیاتر دەیانەوێت بگەنە كەناری ئارامی ژیان، زیاتر لێیان دوردەكەوێتەوەو زیاتر هەست بەبچوكبونەوەو دەستەپاچەییو ڕیسوایی خۆیان دەكەن.
مرۆڤگەلێك نەتوانن ژیانێكی جوان بۆخۆیان دابین بكەن، چۆن دەتوانن پەناو پشتیوانو جێی متمانەی كەسانی دیكەبن؟