پشتیوانیكردن كلیلی چارەسەرە !!

4 مانگ پێش ئێستا

كنێر عەبدوڵڵا
مەسەلەی ژنان ئەگەرچی مەسەلەیەكی گشتگیرو جیهانییە، و بەربەست و رێگرییەكانی بەردەمی كاركردنیشی جۆراوجۆرەو لە شوێنێكەوە بۆ شوێنێكی دیكە گۆڕانكاری و جیاوازی بەخۆوەدەبینێت، بەڵام خەباتكردن بۆ بەدەستهێنانی مافەكانی ژنان بەردەوامییەتی هەیە و میكانیزم و رێگەی جیاوازیش دەگیرێتەبەر بۆ گەیشتن پێی؛ لەپێناو هێنانەدی كۆمەڵێكی مرۆڤدۆست و مەدەنیی و دوور لە جیاكاری.

بەردەوامبوونی خەباتی ژنان بۆ چارەسەری كێشەیەك نییە؛ وەك ئەوەی هەندێك گوزارشتی لێدەكەن كە كێشەیەك هەیە بەناوی ژنان؛ ئەوەندەی گرێدراوی جیاكارییەكانە كە بەهۆی جیاوازی رەگەزییەوە دەرهەق بە ژنان ئەنجامدەدرێت؛ بۆیە ئەركی هەموو ژنانێكە بێ جیاوازی تەمەن و ئایدۆلۆجی و شوێنی جوگرافی لە شوێنی و پێگەو ناوەندی رێكخراوەیی و هتد لەهەوڵ و كاركردندا بێت بۆ گەیشتن بەو زەمینە مرۆییەی كە لە سایەیدا نەك ژنان؛ بەڵكو كاریگەریشی بۆ پیاوانیش هەیە، تا بەهۆیەوە خۆیان و رەگەزەكەی تریش زیاتر وەك مرۆڤ بناسن .

راستە دەستكەوتەكانی ژنان لەئاستی جیهان بەگشت و هەرێمی كوردستان بەتایبەت لە سەدەی بیستویەكدا بەبەراوورد لە رابردوو دەستكەوتی زۆری بەخۆوە دیوە، ژن بۆتە سەرۆكی (ووڵات،  پەرلەمان،  پارتی سیاسی،  رێكخراو، كەناڵی راگەیاندن، زانكۆ و فراكسیۆنی حزب لە پەرلەمان) و چەندین پۆستی جیاجیا بە رێژەی زیاتر لە رابردوو، بەڵام بە بەراوورد لە گەڵ مێژووی كاركردن و خەباتی ژناندا دەستكەوتەكان لەئاست ئامانجەكاندا نییەو تێگەیشتن و هۆشیاری و لایەنی هزری و فكری لەئاست گشت و خودی پیاوان و ژنانیشدا زۆری ماوە بۆ كاركردن .

بۆ گەیشتن بە ئامانجەكان پشتیوانی و پاڵپشتی خودی ژنان بۆ خۆیان كلیلی بنەڕەتی چارەسەرەكانە، كە لە واقعی كۆمەڵدا بەتایبەت لە ووڵاتانی رۆژهەڵات بوونی ئەو كەلێنە زیاتر دركی پێدەكر‌ێت، ئیرەییبردنی ژنان بە یەكتری، چاوهەڵنەهێنان بە تواناو دەستكەوتی ژن لەلایەن ژنەوە، دەستگیرۆیی و پشتیوانینەكردنی لەكاتی پێویست و هەڵوێستەكاندا، لاوازی بوونی یەكهەڵوێستی ژنان بەهۆكاری جیاوازو دروستكردنی گرفت و تێكشكان و ئارەزووكردن بە زەقكردنەوەی لایەنە نەرێنیییەكان و شاردنەوەو دەرنەخستنی لایەنە ئەرێنییەكانی یەكتری هەموو ئەوانە بەربەستی سەرەكین لە چەقبەستووی دۆخی ژنان و سستی هەنگاوەكانی خەبات و نەگەیشتنی ژنان بە ئامانجە گشتییەكان ، بێگومان لەم نێوەندەدا سیاسەتی عەقڵیەتی پیاوسالاری و رەنگدانەوەی لە هزری بڕیاردەران و حوكمڕانان لەم دۆخەدا بەرپرس و هۆكارێكی ترە كە دەرئەنجام بوونی ئەو دۆخە لە سوودو بەرژەوەندییەكانی پیاواندا دەشكێتەوە و دواتر نە مەسەلەی ژنان هەنگاو رووەو گەشەكردن دەنێت و نە كۆمەڵیش گۆڕانكاری ریشەیی بەخۆوە دەبینێت رووەو پێشكەوتن و حوكمڕانی دروست كە ئەمەش راكێشی نەوەیەكی سەرلێشێواو نادروست دەكات و درێژە بەو رەورەوە رابردووە دەهێنێ كە لە بەرژەوەندی و خزمەتی مرۆڤایەتیدا خۆی نابینێتەوە.

گرنگی گەیشتنی خەباتی ژنان بە ئامانجەكانیان لە یەكگرتوویی و پاڵپشتی و كۆدەنگی و یەكهەڵوێستی ژناندا بەدیدەكرێت پێش هەر كارو هەنگاوێكی تر؛ ئەمەش ئەرك و بەرپرسیارێتی تاك بەتاكی ژنانە.