باژەڵە و گریانی منداڵی تازە لەدایك بوو

4 مانگ پێش ئێستا

د. پشدەر عەبدوڵا
ئایە باژەڵە كردارێكی تەندرووستە كە بۆ چارەسەركردنی گریانی منداڵی تازە لە دایك بوو ئەكرێت؟ 
نەخێر نەك درووست نیە بەڵكو ژیانی چەندین منداڵی نازداری ئەم ووڵاتەی كۆتایی پێهێناوە ، بەداخەوە سكی ئەو منداڵە بە مووس ئەبڕڕێت تەنها لەبەر ئەوەی منداڵەكە حاڵەتێكی ئاسایی هەیە كە پێی ئەووترێت غازاتی منداڵ كە لە خوارەوە بە درێژی باسی حاڵەتەكەتان بۆ ئەكەم.
كرداری باژەڵە هەندێكجار التهابێكی زۆری خوێن درووست ئەكات كە چارەسەرەكەی زۆر گرانە و لەوانەیە بە مردنی منداڵەكە كۆتایی پێبێت.
نازانم چۆن وویژدانتان ڕێگەتان پێ ئەدات كە ئەو هەموو ئازارو مەترسیە بدەنە منداڵەكەتان تەنها لەبەر ئەوەی منداڵەكە بەهۆی حاڵەتێكی ئاسایی خەوتان لێ تێك ئەدات.
هەر بۆ زانیاریتان تا ئێستا لەم شارەی خۆماندا چەندین منداڵ بە ئازارێكی زۆرەوە مردووە لەبەر باژەڵە .
فەرموون بزانن غازاتی منداڵ چییە؟
كۆلیك یان غازاتی منداڵی تازە لەدایك بوو چیە؟ هۆكارەكەی ئەبێ چی بێت؟ چۆن بتوانین ئەم گریان و غازاتە كەم بكەینەوە؟
ئەوە پرسیاری كۆمەڵێك بەڕێزە ئێمەش هەوڵ ئەدەین بە درێژی باسی بكەین.
گریانە بۆ زیاتر لە 3 كاتژمێر لە ڕۆژێكداو زیاتر لە 3 ڕۆژ لەهەفتەیەكداو بۆ ماوەی زیاتر لە 3 هەفتە.(یاسای ژمارە 3 ی پێ ئەڵێن).
نزیكەی ۲٥٪ منداڵ تووشی ئەم غازات و گریانە ئەبێت، زۆربەی كات لە ئێوارەو شەودا پێش نیوە شەو ڕوو ئەدات.
لەتەمەنی ٦ بۆ 8 هەفتە بڕی ئەو گریان و غازاتە ئەگاتە لووتكە.
ئەبێ هۆكارەكەی چی بێت؟
هەرچەندە هیچ هۆكارێكی دیاری كراوی نیە بەڵام ئەم شتانەی كە لە خوارەوە باسی ئەكەین لەوانەیە ئەو غازاتە زیاد بكەن:
1-باش پێنەگەیشتنی سیستەمی مێشكو دەمار.
2-هەستیاری زۆر بۆ دەست لێدان و دەنگە دەنگ ئەگەر هەیبێت.
3-ئەو منداڵانەی كە شیری دایكیان ئەخۆن لەوانەیە هەندێك خواردن كە دایكی ئەیخوات هۆكار بێت بۆ زیاد بوونی غازات.
4-ئەو منداڵانەی كە شیری قووتو ئەخۆن لەوانەیە هەندێ پڕۆتینی ناو شیرەكەیان پێ نەكەوێت.
5-زۆر شیر خواردن یان خێرا شیر خواردن.
6-ئەو دایكانەی كە جگەرە لە كاتی سكپریەكە ئەكێشن ڕێژەی غازات لە منداڵەكانیاندا دوو ئەوەندە زیاد ئەكات.
7-ئەگەر دوای شیر خواردنەكە نۆشی نەكات واتە نەی خەیتە سەر شانت بۆ نۆش كردن.
8-منداڵێك كە كێشی كەم بێت لەكاتی لە دایك بووندا.
9-ئەگەر منداڵەكە برسی بێت.
10-ئەگەر منداڵەكە ترشیەتی گەدەی بگەڕێتەوە سوڕێنچكی.

چۆن بتوانین ئەم غازاتە كەم بكەینەوە؟
1-پێویستە منداڵەكە زۆر لە باوەش بگریت تەنانەت ئەوكاتانەی كە نەشگریەت.
2-ئەتوانی بتڵێك ئاوی گەرم یان مەمە شوشە ئاوی گەرمی تێدا بێت( بەمەرجێك زۆر گەرم نەبێت زیان بە منداڵەكە بگەیەنێت ) ، لەسەر سكی منداڵەكە دابنێ.
3-دایكی شیردەر  هەوڵ بدە منداڵەكەو لایەكی سنگت بەتاڵ بكاتەوە انجا بیبەیتە سەر لاكەی تر.
4-هەوڵ بدە دەست بەسەر سكی منداڵەكەتدا بهێنیت لە شێوەی میلی كاتژمێر.
5-ئەو منداڵانەی كە شیری قووتو ئەخۆن باشترە جۆری شیرەكە بگۆڕن نەوەك هەستیاری هەبێت بە پڕۆتینی ئەو شیرە.
6-زوو زوو منداڵەكەت بخەرە سەر شانت.
7-ئەتوانیت منداڵەكەت لەسەر سكی بیخەیتە سەر قاچەكانت، وەجووڵە بە قاچەكانت بكەیت بۆ ئەوەی ماساج بە سكی بكرێت.
8-زۆر جار منداڵ كاتێك ئەیخەیتە ناو سەیارە و لەكاتی ڕۆیشتنی سەیارە منداڵەكە بێ دەنگ ئەبێت، بۆیە دایك و باوك سوودی زۆر لە سەیارە ئەبینن.

چ كاتێك پێویستە ترسمان هەبێت و پێویستی بە بینینی پزیشك بێت(ئەوانە نیشانەی غازات نین)؟
1-ئەگەر تای هەبێت.
2-پیساییەكەی خوێن یان لیمانی لەگەڵدا بێت.
3-ڕشانەوە بەتایبەتی ئەگەر زۆر و بە قوڵپ بێت.
4-ئەگەر ئارەزووی شیر خواردنی كەمی كرد.


پرۆفایل:
د. پشدەر عبداللە اسماعیل
پزیشكی پسپۆری نەخۆشیەكانی منداڵان و گەشەی منداڵان.
بۆرد(دكتۆرا) لە نەخۆشیەكانی منداڵان و تازە لەدایك بووان
بەكالۆریۆس لەپزیشكی هەناوی و نەشتەرگەری گشتیدا